Wednesday
2017-10-18
3:12 AM
به‌خێربێیت Guest
پشتگیری
 
كۆشان.. سه‌كۆی هه‌مووان
سه‌ره‌كی بوون به‌ئه‌ندام چوونه‌ژووره‌وه
بابه‌ته‌كانی ئێوه‌ »
به‌شه‌كانی ئه‌م لاپه‌ڕیه‌
بابه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی [2]
گرفت و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌خۆده‌گرێت
گه‌نجان [7]
بابه‌ته‌كانی له‌ده‌وری مه‌سه‌لی گه‌نجان و لاوان ده‌سوڕێته‌وه
سیاسی و ئابووری [18]
بابه‌ته‌كانی تایبه‌ته‌ به‌لایه‌نی سیاسی و ئابووری
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر [22]
ئه‌و بابه‌تانه‌ی تایبه‌تن به‌ بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری
دۆسیه‌ی تایبه‌ت [7]
لێره‌دا بابه‌ت و لێكۆڵینه‌وه‌ درێژه‌كان ده‌خوێنیته‌وه
كۆمپیوته‌رو ئینته‌رنێت [1]
زانیاری ده‌رباره‌ی جیهانی كۆمپیوته‌رو ئینته‌رنێت
ئافره‌تان و ژنان [3]
تایبه‌ت به‌گرفت و ئاریشه‌كانی ژنان و ئافره‌تان

به‌شه‌كان

سه‌ره‌كی » بابه‌ته‌كان » سیاسی و ئابووری

کورد و مووسڵ و باسێک

مه‌هاباد کوردی

ستۆکهۆڵم

mehabadkurdi@hotmail.com

دیاره‌ من به‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌رانی کورد و به‌رپرسه‌کانی هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتداری باشووری کوردستان، بایی ئه‌وه‌نده‌ ئازایه‌تیم تێدا هه‌یه‌ که‌ مووسڵ به‌ شارێکی کوردستانی ناو ببه‌م، که‌ ئه‌و سه‌رکرده‌ و بنکردانه‌ له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێ به‌ جاران گوتوویانه‌ ئه‌م شاره‌ شارێکی عه‌ره‌بییه‌ و کورد چاوی نه‌بڕیوه‌ته‌ مووسڵ! بێگومان له‌سه‌ر کوردستانێتی ئه‌م شاره‌ش به‌ ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌ و به‌رهه‌م و کتێب بڵاو کراونه‌ته‌وه‌ و له‌به‌ر ده‌ستدان. برای هێژا ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی یه‌ک له‌و که‌سانه‌یه‌ که‌ ماندووبوونێکی زۆری کێشاوه‌ بۆ کۆکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ گرنگه‌ و سه‌لماندنی کوردستانێتی شاره‌که‌ش. خۆ ئه‌گه‌ر له‌ مێژووی دوورتریش بڕوانین ئه‌وا گه‌لێ سه‌رچاوه‌ هه‌ن که‌ باسیان له‌وه‌ کردووه‌ مووسڵ و ده‌ڤه‌ره‌که‌ به‌ درێژایی دیرۆک کوردێکی زۆر تێیاندا نیشته‌جێ  بوون. له‌ کاتی ئێستاشدا سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ و زۆرلێکردنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ش هێشتا کورد ژماره‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌ له‌ناو خودی مووسڵ و ناوچه‌که‌شدا. هه‌ڵبه‌ت من له‌م کورته‌باسه‌دا به‌ته‌مای ئه‌وه‌ نیم بچمه‌ سه‌ر دیرۆک و جوگرافیا و مه‌سه‌له‌ی دیمۆگرافیا و باسکردنی ته‌واوی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌. ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت لێی بدوێم ته‌نیا ورووژاندنی باسێکی خێرایه‌ له‌مه‌ڕ دوایین ڕه‌وشی مووسڵ و پێشهاته‌کان و شته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌م باسه‌وه‌.

وه‌ک ده‌زانین له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانییه‌کان، کورد له‌ناو شاری مووسڵ ده‌سه‌ڵاتی کورتی هێنا. زۆر هۆ هه‌ن که‌ پاڵنه‌ر بوون له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی، به‌ پله‌ی یه‌که‌م پارتی و حیزبه‌ کوردییه‌کانی دیکه‌، له‌م شاره‌دا زه‌بر له‌ ده‌سه‌ڵاتیان بدرێ و ده‌نگ که‌م بێنن. ڕه‌نگه‌ یه‌ک له‌و هۆکاره‌ سه‌ره‌کییانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خودی شێوه‌ی حوکمڕانێتی کوردی و بابه‌تی گه‌نده‌ڵی و خراپی ڕه‌وشی به‌ڕیوه‌بردن و بێخه‌می ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد. هه‌روه‌ها به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕقی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و شۆڤێنێتی له‌کن عه‌ره‌به‌ سوننییه‌ به‌عسییه‌کان تا ئه‌وپه‌ڕی لوتکه‌ له‌ دژی کورد و پارته‌ کوردییه‌کان، به‌ تایبه‌تی هه‌ردوو برای ناسراو به‌ ئوسامه‌ و ئه‌سیل نوجه‌یفی، که‌ به‌ بۆنه‌ و بێ بۆنه‌ هه‌میشه‌ دژایه‌تی ئه‌م میلله‌ته‌یان کردووه‌ و هه‌وڵیشیان داوه‌ عه‌ره‌به‌ به‌عسییه‌ مووسڵاوییه‌ نه‌ته‌وه‌خوازه‌کان له‌ دژی کورده‌کان هان بده‌ن. له‌م کاره‌شیاندا سه‌رکه‌وتنێکی چاکیان به‌ده‌ست هێناوه‌ و که‌س ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات. عه‌ره‌به‌کانی مووسڵ که‌ هه‌میشه‌ بڕبڕه‌ی پشتی ڕژێمی به‌عس و سه‌ددام حوسێنی گۆڕبه‌گۆڕ و سوپا نه‌فره‌تییه‌که‌ی عێراق بوون، هه‌ر له‌ خوایان ده‌ویست ڕۆژێک بێ چ به‌ هه‌ڵبژاردن و چ بێ هه‌ڵبژاردن، سنوورێک بۆ کورد و ده‌سه‌ڵاته‌کانی له‌و شاره‌دا دابنێن. لیستی حه‌دبا که‌ زیاترین ژماره‌ی کۆنه‌به‌عسییه‌کانی له‌ خۆ گرتووه‌ و به‌ ئاشکراش دژایه‌تی کورد ده‌کات، باشترین هه‌لی زێڕینی بۆ هه‌ڵکه‌وتووه‌ تا تۆڵه‌ی خۆی به‌ ناوی عه‌ره‌ب له‌ کورد بکاته‌وه‌. وه‌ک بینیمان سه‌رپه‌رشتکارانی ئه‌و لیسته‌ بێ ئه‌وه‌ی چ ڕێزێک بۆ کورد و لیستی برایه‌تی نه‌ینه‌وا دابنێن، هه‌ستان به‌ دابه‌شکردنی پۆسته‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌کانی پارێزگای مووسڵ به‌سه‌ر ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی خۆیاندا. جا له‌م هه‌نگاوه‌یاندا تا چه‌ند سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ست هێناوه‌ و ده‌هێنن، ئه‌مه‌یان باسێکی دیکه‌یه‌. هه‌ڵوێستی تاکڕه‌و و به‌عسییانه‌ی لیستی حه‌دبا بووه‌ هۆی ناڕه‌زایی ده‌ربڕینی توندی لایه‌نی کوردی و خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌که‌. هه‌ر بۆ نموونه‌ جه‌ماوه‌ر و ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له‌ قه‌زا و شوێنه‌کانی وه‌ک شنگاڵ و مه‌خموور و شێخان و گه‌لێ جێی تردا دژی لیستی حه‌دبا هه‌لوێستی خۆیان نواند. هه‌روه‌ها داوای ئه‌وه‌یان کرد که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی فه‌رمی بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ئیداره‌ی حکوومه‌تی باشووری کوردستان. ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌بوو پێش ئێستاش به‌ شێوه‌یه‌کی به‌هێزتر و کوردستانییانه‌تر نرابا. به‌ واتایه‌کی دیکه‌ پێویست بوو کورد و پارته‌ کوردییه‌کان له‌ مووسڵ، هه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌که‌م ده‌ستدرێژی کردنه‌ سه‌ر ڕۆڵه‌کانی ئه‌م گه‌له‌ و خواسته‌ ڕه‌واکانی، هه‌ستابانه‌ سه‌ر پێ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌ر پڕۆژه‌یه‌کی کۆنه‌به‌عسی و ناسیۆنالیستانه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستانی عه‌ره‌بیان بدابا دواوه‌. له‌م بواره‌دا هه‌ردوو پارتی فه‌رمانڕه‌وای ئه‌مڕۆی باشووری کوردستان بێ هه‌ڵه‌ نین و به‌شێک له‌ تاوانه‌کانیشیان ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ. له‌ کاتێکدا که‌ لاوی کورد هه‌ر ته‌نیا له‌به‌ر کوردبوون سه‌ر ده‌بڕدرا.. له‌و ساته‌ی که‌ خه‌ڵکی کورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورد بوون تیرۆر ده‌کران و له‌ مووسڵ وه‌ده‌ر ده‌نران.. له‌و ده‌مانه‌ی که‌ سووکایه‌تی به‌ دۆزی کورد ده‌کرا و بوختان و درۆی شاخداری بۆ هه‌ڵده‌به‌سترا.. ئا له‌و کاتانه‌ و زۆری تریشدا ده‌بووایه‌ سه‌ران و به‌رپرسانی پارتی و یه‌کێتی هه‌ڵوێستان بنوێنن و به‌ کرده‌وه‌ش له‌ جووڵه‌دا بن. ئه‌وان که‌ کارێکی وایان ئه‌نجام نه‌دا، بێگومان زه‌ره‌ریان له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ و کوردی پارێزگای مووسڵیش دا.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق نووری مالیکی که‌ تێده‌کۆشێت وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی نیشتمانی و عێراقی خۆی پیشان بدات، هه‌رچه‌ند ناوهاتووش له‌ زۆر بۆنه‌دا سه‌لماندوویه‌تی شۆڤێنیست و نه‌ته‌وه‌په‌رست و دژ به‌ خواسته‌ ده‌ستووری و ڕه‌واکانی کورده‌، له‌م ڕۆژانه‌دا هه‌وڵ ده‌دات گوایا کێشه‌کانی نێوان هه‌ردوو لیستی براوه‌ی مووسڵ، حه‌دبا و برایه‌تی نه‌ینه‌وا، چاره‌سه‌ر بکات. مالیکی ده‌یه‌وێ له‌ لایه‌ک دڵی عه‌ره‌به‌ نه‌ته‌وه‌خواز و به‌عسییه‌کان ڕابگرێت و له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ ئاوڕ له‌ کورد بداته‌وه، که‌ ماوه‌یه‌کی باشه‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ حیزب و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستاندا به‌ره‌و خراپی چووه‌. که‌واته‌ کابرا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ هه‌م خۆی وه‌ک عێراقییه‌کی پله‌ یه‌ک و هه‌میش وه‌ک داکۆکیکه‌ر له‌ دیموکراسی و پێکه‌وه‌ ژیان و شتی له‌م جۆره‌ نیشان بدات. دیاره‌ ئه‌مه‌ی دواییان گه‌لێ جار نیشانه‌ی پرسیاری دراوه‌ته‌ پاڵ و تا هه‌نووکه‌ش ناکۆکییه‌کانی نێوان کورد و مالیکی هه‌ر له‌ ئارادایه‌. هه‌ربۆیه‌ به‌ قسه‌ی هه‌ندێ له‌ کاربه‌ده‌ست و په‌رله‌مانتارانی کورد خۆیان، ڕه‌نگه‌ نووری مالیکی له‌م کاره‌یدا چ سه‌رکه‌وتنێکی به‌رچاو به‌ده‌ست نه‌هێنێت. دیسان ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین به‌رپرسانی کورد له‌ به‌غدا ئه‌وه‌نده‌ گه‌شبین نین.

دانیشتن و کۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆکانی نێوان لیستی حه‌دبای ڕه‌گه‌زپه‌رستی و لیستی برایه‌تی نه‌ینه‌وا، چۆن به‌ڕێوه‌ ده‌چن و له‌ لایه‌ن کێوه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌کرێن و چ ئه‌نجامێکیشیان لێ ده‌که‌وێته‌وه‌، ئه‌مانه‌ هه‌موویان نابێ ئه‌و خاڵه‌ گرنگ و چاره‌نووسسازه‌مان له‌ بیر به‌رنه‌وه‌ که‌ به‌رژه‌وه‌ندی و هیوا و ئامانج و داوا ڕه‌واکانی ئه‌م گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ چیتر، له‌وه‌ زیاتر،  ناتوانن سازشکاری و به‌ناو (ته‌وافوق) و ده‌ستبه‌رداربوون له‌ شته‌ نه‌ته‌وه‌یی و کوردستانی و نیشتمانییه‌ مه‌زنه‌کان قه‌بووڵ بکه‌ن. من پێموایه‌ ئه‌م خاڵه‌ بۆ سه‌ران و کاربه‌ده‌ستانی کورد له‌ باشووری کوردستان تا بڵێی گرنگه‌ و نابێ وا به‌ ساناهی چاوی لێ بپۆشن و ده‌ستبه‌رداری بن. ده‌بێ ئه‌مه‌ هێڵی سوور بێت و چیدیکه‌ نه‌به‌زێنرێت. سه‌رکرده‌کان له‌و به‌شه‌ی کوردستان که‌ زۆر جار باس له‌ هێڵ یا سنووری سوور ده‌که‌ن، ئێ خۆ ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ش بکه‌ن که‌ که‌سانی تر، له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ داخراوه‌که‌ی خۆیان، لێیان ڕاست ببنه‌وه‌ و داواشیان لێ بکه‌ن ئیدی به‌سه‌ سنوور به‌زاندن و بنپێکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ زیندوو و به‌رچاوه‌کانی کورد و کوردستان!

 

به‌ش سیاسی و ئابووری | زیادكراوه‌ له‌لایه‌ن 2Koshan (2009-05-06)
بینراوه 508 | پله‌ دانان 0.0/0 |
ژماره‌ی تێبینییه‌كان 0
ته‌نها ئه‌ندامه‌كان ده‌توانن تێبینی بنووسن.
[ بوون به‌ئه‌ندام | چوونه‌ژووره‌وه ]
شوێنی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌ندامان

گه‌ڕان

هه‌ندێ پێگه‌ی تر

ئێستا

Total online: 1
Guests: 1
Users: 0


میوانانی سه‌رهێڵ

ژ. سه‌ردان له‌ 20 ی ئازاری 2009 ه‌وه‌
سه‌رجه‌م مافه‌كانی پارێزراوه‌ © 2017
Powered by uCoz