Thursday
2017-10-19
5:17 PM
به‌خێربێیت Guest
پشتگیری
 
كۆشان.. سه‌كۆی هه‌مووان
سه‌ره‌كی بوون به‌ئه‌ندام چوونه‌ژووره‌وه
بابه‌ته‌كانی ئێوه‌ »
به‌شه‌كانی ئه‌م لاپه‌ڕیه‌
بابه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی [2]
گرفت و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌خۆده‌گرێت
گه‌نجان [7]
بابه‌ته‌كانی له‌ده‌وری مه‌سه‌لی گه‌نجان و لاوان ده‌سوڕێته‌وه
سیاسی و ئابووری [18]
بابه‌ته‌كانی تایبه‌ته‌ به‌لایه‌نی سیاسی و ئابووری
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر [22]
ئه‌و بابه‌تانه‌ی تایبه‌تن به‌ بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری
دۆسیه‌ی تایبه‌ت [7]
لێره‌دا بابه‌ت و لێكۆڵینه‌وه‌ درێژه‌كان ده‌خوێنیته‌وه
كۆمپیوته‌رو ئینته‌رنێت [1]
زانیاری ده‌رباره‌ی جیهانی كۆمپیوته‌رو ئینته‌رنێت
ئافره‌تان و ژنان [3]
تایبه‌ت به‌گرفت و ئاریشه‌كانی ژنان و ئافره‌تان

به‌شه‌كان

سه‌ره‌كی » بابه‌ته‌كان » سیاسی و ئابووری

که‌مالیسته‌کان نایانه‌وێ ڕاستییه‌کان ببینن

  

مه‌هاباد کوردی

ستۆکهۆڵم

mehabadkurdi@hotmail.com

 
 

دوێنێ 2009.4.14 له‌ سه‌رانسه‌ری تورکیا و باکووری کوردستان، ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕه‌گه‌زپه‌رست و که‌مالیسته‌ تورکه‌کان، هه‌ڵمه‌تێکی گه‌وره‌ی گرتن و قۆڵبه‌ستکردنی ئه‌ندام و لایه‌نگر و قسه‌که‌ر و که‌سه‌ به‌رچاوه‌کانی پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتیک ـ DTPیان ده‌ست پێکرد. ده‌زگا ئه‌منییه‌ سه‌رکوتکه‌ره‌کانی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی تورک له‌و کاره‌ نایاسایی و شۆڤێنیستیانه‌یاندا به‌ ده‌یان لێپرسراو و کارگێڕ و که‌سایه‌تی کوردیان ده‌ستگیر کرد، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردن و سه‌ر به‌ ڕێکخستنێکی کوردیی ڕێگه‌پێدراون و ده‌نگیشیان بۆ میلله‌ته‌که‌ی خۆیان داوه‌ نه‌وه‌ک تورکه‌ هۆڤ و خوێنمژه‌کان. ئه‌م هه‌ڵمه‌تی ڕه‌شبگیرییه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆکی پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتیک ئه‌حمه‌د تورک به‌توندی ڕیسوا و شه‌رمه‌زار کرا. ناوبراو کارێکی وه‌های به‌ نایاسایی و دژی دیموکراسی ناوزه‌د کرد. هه‌روه‌ها گوتیشی ئه‌مه‌ هێڕشکردنه‌ بۆ سه‌ر چواره‌مین پارتی گه‌وره‌ی ناو تورکیا. دیاره‌ وه‌ک ده‌زانین DTP  له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی تورکیا و باکووری کوردستان ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاوی ده‌نگه‌کانی هاووڵاتییانی به‌ده‌ست هێنا. له‌ شار و شارۆچکه‌کانی سه‌رووی کوردستان ئه‌م پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ ته‌واوه‌تی داگیرکه‌رانی تورک، به‌تایبه‌تیش پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگانی تووڕه‌ و بێهومێد کرد. پارتی ده‌سه‌ڵاتدار که‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی تورک خۆی سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات، له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی باکورری کوردستان و هه‌ندێ شوێنی تریشدا، دووچاری دۆڕان و بایکۆتکردنی هاووڵاتییانی کورد هات. هه‌ر ئه‌مه‌ش وای له‌ کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و پارته‌ و تۆرانییه‌ ناسیۆنالیسته‌ دڵڕه‌ق و که‌مالیسته‌کان و سوپای تورک و گه‌لێ لایه‌نی جۆراوجۆری دیکه‌ی ناو ده‌وڵه‌تی تورکان کرد، که‌ به‌ ئاشکرا ناڕه‌زایی و په‌ستبوونی خۆیان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌نجامی کۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ ده‌رببڕن و هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ گه‌وره‌ش له‌ جه‌ماوه‌ری کوردی باکوور و DTP  بکه‌ن. من پێموایه‌ خودی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر باره‌گا و دامه‌زراوه‌ و ماڵی که‌سایه‌تییه‌کانی سه‌ر به‌ پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتیک بۆ هه‌مان شت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ پێشتر ئاماژه‌ی پێ کرا. تورکه‌کان فێرن به‌ چاوسوورکردنه‌وه‌ له‌م و له‌و، خه‌ڵکی جودا له‌ خۆیان ته‌مێ بکه‌ن و سنووریان بۆ دابنێن. به‌ڵام پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ داخوا ئه‌م تاکتیکه‌ کۆنه‌یان تا چه‌ند به‌که‌ڵکیان دێت، له‌ بارێکدا ‌گه‌ر هه‌نووکه‌ مۆدیلی به‌سه‌ر نه‌چووبێت و له‌ چه‌شنی خواردنی ناو قوتووش ئێکسپایه‌ر نه‌بووبێت؟!

تورکه‌کان که‌ داگیرکه‌ری به‌شێکی مه‌زنی کوردستانن، گرفته‌ سه‌ره‌کییه‌که‌یان هه‌ر له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ چ حیسابێکی ئه‌وتۆیان بۆ گه‌لانی ده‌وروبه‌ری خۆیان نه‌کردووه‌. ئه‌وان هه‌ر‌ له‌ سه‌ره‌تادا له‌ سفره‌وه‌ ده‌ستیان پێکردووه، ئینجا‌ دواتر بوونه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتدار و داگیرکه‌ر. هه‌ر که‌سێک تۆزێ شاره‌زای دیرۆکی ناوچه‌که‌ بێت، ده‌زانێت چ ده‌ڵێم. به‌ڕاستی سه‌یر و له‌ هه‌مان کاتیشدا کاره‌ساته‌ که‌ خه‌ڵکانێکی نه‌دیتی و نه‌ناسی بێن وڵاتت لێ زه‌وت بکه‌ن، له‌ دواییش وه‌ک کۆیله‌ لێت بڕوانن. خۆ ئه‌گه‌ر دوورتر بڕۆین و چاوێک به‌ لاپه‌ڕه‌ چڵکنه‌کانی مێژووی سته‌مکردنی تورک له‌ کورد بخشێنین، ئه‌وا به‌ ئاسانی تێده‌گه‌ین که‌ زۆر جار کورد له‌ لایه‌ن تورکه‌کانه‌وه‌ له‌ کۆیله‌ش کۆیله‌تر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا کراوه‌.  

له‌ کاتێکدا که‌ تورکیا به‌ناو هه‌نگاوی دیموکراسییانه‌ ده‌نێت و سه‌ددام ئاسا ته‌له‌فزیۆنی کوردی ده‌کاته‌وه‌، لێ دیسانیش ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌رچاوته‌نگی ئه‌و وڵاته‌ چاویان به‌رایی نادات چ شتێک ببینن که‌ بۆنی کورد و کوردستانی لێوه‌ بێت. ئه‌گه‌رنا تورک که‌ بانگاشه‌ی دیموکراسی ده‌که‌ن و ده‌شیانه‌وێ ببن به‌ ئه‌ندامی یه‌کێتی ئه‌وروپا، بۆ ده‌بێ سه‌رکه‌وتنی پارتێکی کوردییان بۆ قووت نه‌درێ و قه‌بووڵی نه‌که‌ن؟! کارێکی وا، بیرکردنه‌وه‌یه‌کی له‌و جۆره‌ی تورکان، ڕه‌گه‌که‌ی ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر شتێک که‌ له‌ بنچینه‌دا پێی ده‌وترێت ڕاسیزم یان به‌ واتایه‌کی تر قه‌بووڵنه‌کردنی به‌رامبه‌ره‌که‌ت. دیاره‌ تورک له‌و بواره‌دا گه‌لێ له‌مێژه‌ ئه‌سپی خۆیان تاو داوه‌ و گره‌ویشیان له‌ هیتله‌ر و سه‌ره‌ڕۆترین و دڵڕه‌قترین دیکتاتۆری دنیا بردۆته‌وه‌. هه‌ر یه‌کێک که‌ کرده‌وه‌ به‌ربه‌ری و نامرۆڤایه‌تییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیان به‌ درێژایی دیرۆکی فه‌رمانڕه‌واییان خوێندبێته‌وه‌، فێڵ له‌ خۆی ده‌کات ئه‌گه‌ر نکۆڵی له‌مه‌ بکات.

به‌ گوێره‌ی بیر و ڕای هه‌ندێ چاودێر گوایا سه‌ردانه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌ی سه‌رۆکی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا باراک ئۆباما بۆ تورکیا، که‌ چاوی به‌ سه‌رۆکی پارتی DTP ئه‌حمه‌د تورکیش که‌وت، هه‌نگاوێک بوو به‌ره‌و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێکی ئاشتییانه‌ بۆ پرسی کورد له‌ باکووری کوردستان. جێی باسیشه‌ باراک ئۆباما هه‌ر له‌ تورکیا له‌ کاتی چاوپێکه‌وتن و کۆبوونه‌وه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی تورک، به‌ جۆرێک له‌ جۆران، هه‌مان بۆچوونه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ی دووپات کردۆته‌وه‌. ناوهاتوو به‌ ئاشکرا داخوازییه‌کانی تورکیای ئه‌ندامی ناتۆ و داگیرکه‌ری کوردستانی به‌ ڕه‌وا زانیوه‌. ئه‌و له‌ سیمینارێکیدا له‌ دژی پارچه‌ پارچه‌کردنی تورکیا بۆچوونی خۆی ده‌ربڕی و تا هه‌نووکه‌ش به‌ جاران پارتی کرێکارانی کوردستانی به‌ تیرۆریست ناو بردووه‌. پێشتریش هه‌ڵوێستی دوژمنکارانه‌ی خۆی له‌ هه‌مبه‌ر پژاک نیشان داوه‌. که‌واته‌ ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریکاش ئه‌وه‌نده‌ جێی دڵخۆشی کوردان نه‌بووه‌، چ له‌ باکوور یا باشووری وڵات و گشت پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا. به پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ بۆ ئۆباما و ئیداره‌که‌ی گرنگه‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م نزیکبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌کێتییه‌ له‌ تورکیا و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی پارتی کرێکارانی کوردستانه‌ وه‌ک خۆیان وا ناوی ده‌به‌ن. چ گومان له‌وه‌دا نییه‌ تورکیا له‌مێژه‌ و به‌ به‌رده‌وامی هه‌وڵی پێکهێنانی ئه‌و جۆره‌ کارانه‌ ده‌دات. جا له‌م هه‌وڵانه‌یدا تا چ ئاستێک سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه‌ یا به‌ده‌ست دێنێت، ئه‌مه‌یان باسێکی سه‌ربه‌خۆی تره‌. تۆ بڵێی باراک ئۆباما له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ تورکیا تیشکی سه‌وزی بۆ سه‌رکرده‌ که‌مالیست و ژه‌نه‌راڵه‌کانی سوپا پێ نه‌کردبێت، تا وا دڕندانه‌ هه‌ڵبکوتنه‌ سه‌ر دام و ده‌زگا و ڕێکخراوه‌ کوردییه‌کانی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان؟ ئه‌ی ده‌بێ له‌گه‌ڵ فه‌رمانڕه‌وایانی ئێستای عێراق و سه‌رانی کورد له‌ باشوور چی باس کردبێت له‌مه‌ڕ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌ریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان؟ یان له‌سه‌ر پرسی که‌رکووک چ هۆشدارییه‌کی دابێته‌ لێپرسراوانی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌مڕۆی باشوور؟ لێره‌دا به‌ ده‌یان پرسیاری تریش هه‌ن که‌ هه‌ر هه‌موویان به‌یه‌که‌وه‌ گرێدراون و په‌یوه‌ندیشیان هه‌یه‌ به‌ دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌که‌مان له‌ باکوور و باشووری نیشتمان و هه‌موو کوردستانی گه‌وره‌ش. دوژمنانی کورد و داگیرکه‌رانی کوردستان که‌ له‌ گشت لایه‌که‌وه‌ پیلانی ئه‌هریمه‌نییانه‌ له‌ دژی بزاڤی ئازادیخوازانه‌ی کورد داده‌ڕێژن، یه‌ک له‌ خواسته‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانیان هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ کورد خۆی بکه‌ن به‌ ڕێگر له‌ به‌رده‌م گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ له‌مێژینه‌ و دێرینه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌.

تا ئێستا زۆر جار پارتی کرێکارانی کوردستان یه‌ک لایه‌نه‌ ئاگربه‌سی ڕاگه‌یاندووه‌. بێگومان تورکیاش له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌ر له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی داگیرکارییانه‌ی خۆی به‌رده‌وام بووه‌ و، له‌ سیاسه‌تی نکۆڵیکردن و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌ ئاشتیخوازییه‌کان به‌ولاوه‌ زیاتر هیچی دیکه‌ی پێ نه‌بووه‌. ئه‌وه‌تا هه‌ر له‌ کاتی نووسینی ئه‌م چه‌ند دێڕانه‌دا، جارێکی دیکه،‌ سه‌رکردایه‌تی ئه‌م پارته‌ ڕاگه‌یاندنێکی وای بڵاو کردۆته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕ وه‌ستان. هه‌رچی تورک و ژه‌نه‌راڵه‌ ده‌مبه‌خوێنه‌کانیشیانن هه‌ر دوێنێ، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ مه‌یداندا هه‌میشه‌ شێر بووبن و تووشی چ دۆڕان و حه‌یاچوونێک نه‌هاتبن، به‌ گاڵته‌وه‌ باسیان له‌م هه‌نگاوی پارتی کرێکرانی کوردستان ده‌کرد! شایانی باسه‌ ته‌نیا چه‌ند ڕۆژ به‌ر له‌ ئێستا، له‌ ده‌ڤه‌ری دێرسمی باکووری کوردستان نه‌ک له‌ باشوور، دوو جه‌ندرمه‌ی تورک به‌ ده‌ستی گه‌ریلای کورد تۆپێنران. هه‌ر ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا به‌ڵگه‌یه‌که‌ که‌ له‌گه‌ڵ بانگاشه‌ پووچه‌ڵ و درۆکانی ژه‌نه‌ره‌ڵه‌کانی تورکیا یه‌ک ناگرێته‌وه‌.

هێڕشکردن بۆ سه‌ر DTP  و کادیر و لێپرسراو و سه‌رکرده‌کانی، به‌ مانای هێڕشکردن دێت بۆ سه‌ر هه‌موو کورد له‌ باکووری کوردستان. ڕێکخستنێکی وا گه‌وره‌ و جه‌ماوه‌ری که‌ به‌ ملیۆنان خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ی ئه‌م پارچه‌یه‌ی کوردستان هاوبیر و هاوده‌نگ و هاوڕێی بێت، زه‌حمه‌ته‌ به‌ سووک و ساناهی پشتی له‌ عه‌ردی بدرێت. لام وابێ ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیش ئه‌مه‌ باش ده‌زانن. ئه‌وان که‌ نایانه‌وێ شته‌کان وه‌ک هه‌ن بیانبینن، پێ له‌ ڕاستییه‌کان بنێن، لێ به‌ ده‌ردی سه‌رۆک شاره‌وانی ئامه‌د عوسمان بایده‌میر گۆته‌نی ڕۆژێک دێ ناچار ده‌بن خۆیان فێری پیته‌ کوردییه‌کانیش بکه‌ن!

 

به‌ش سیاسی و ئابووری | زیادكراوه‌ له‌لایه‌ن 2Koshan (2009-04-23)
بینراوه 325 | پله‌ دانان 0.0/0 |
ژماره‌ی تێبینییه‌كان 0
ته‌نها ئه‌ندامه‌كان ده‌توانن تێبینی بنووسن.
[ بوون به‌ئه‌ندام | چوونه‌ژووره‌وه ]
شوێنی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌ندامان

گه‌ڕان

هه‌ندێ پێگه‌ی تر

ئێستا

Total online: 1
Guests: 1
Users: 0


میوانانی سه‌رهێڵ

ژ. سه‌ردان له‌ 20 ی ئازاری 2009 ه‌وه‌
سه‌رجه‌م مافه‌كانی پارێزراوه‌ © 2017
Powered by uCoz