Thursday
2018-12-13
4:52 PM
به‌خێربێیت Guest
پشتگیری
 
كۆشان.. سه‌كۆی هه‌مووان
سه‌ره‌كی بوون به‌ئه‌ندام چوونه‌ژووره‌وه
بابه‌ته‌كانی ئێوه‌ »
به‌شه‌كانی ئه‌م لاپه‌ڕیه‌
بابه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی [2]
گرفت و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌خۆده‌گرێت
گه‌نجان [7]
بابه‌ته‌كانی له‌ده‌وری مه‌سه‌لی گه‌نجان و لاوان ده‌سوڕێته‌وه
سیاسی و ئابووری [18]
بابه‌ته‌كانی تایبه‌ته‌ به‌لایه‌نی سیاسی و ئابووری
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر [22]
ئه‌و بابه‌تانه‌ی تایبه‌تن به‌ بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری
دۆسیه‌ی تایبه‌ت [7]
لێره‌دا بابه‌ت و لێكۆڵینه‌وه‌ درێژه‌كان ده‌خوێنیته‌وه
كۆمپیوته‌رو ئینته‌رنێت [1]
زانیاری ده‌رباره‌ی جیهانی كۆمپیوته‌رو ئینته‌رنێت
ئافره‌تان و ژنان [3]
تایبه‌ت به‌گرفت و ئاریشه‌كانی ژنان و ئافره‌تان

به‌شه‌كان

سه‌ره‌كی » بابه‌ته‌كان » گه‌نجان

باوەشێک ــ ى مەعریفى و (خێوەت) وەکو ئایندە
کۆشان عەلى/ یەکێک لەو کلتورە زۆر ترسناکانەى، کە تاڕاددەیەکى زۆر لەم ناوچەیەدا وجودى هەیە، بڵاوکردنەوە و سەپاندنى پەیامى بێدەنگىیە. بێدەنگىیەکى جیاواز لەوەى لە بەرگێکى فەلسەفیدا خۆى مانیفێست دەکات و بە ئامانجێکى دیارى کراو ئەنجام دەدرێت و ئومێدى دەرەنجامى تەندروستى لێدەکەوێتەوە، بەڵکو داخوازى بێدەنگى لەناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ئامانج لێى بەرهەم هێنانى کۆمەڵگایەکى خەوتوو و بآداخوازىیە لە ئاست هەموو مافەکان و قەڵاقوپ لەبەردەم ئەرکەکاندا. ئەو دەەستەى کۆمەڵگا هەڵدەچنێت، دوور لە هیچ سیاسەت و پێوەرێکى مۆدێرن، خانوو و کۆشکێکى بێدەنگ و وشک دروست دەکات، ساتێک تێیدا دەحەوێتەوەو لەهەرساتێکدا ویستى، تەنانەت ئەگەر پێنج هەزار دانیشتوویشى تێدابێت، لە یەک لەحزەدا خاپوورى دەکات. ئەم عەقڵە، ئەم فۆرمە لە بیرکردنەوە لە چەندین فۆرمى جیاوازدا خۆى دەردەخات، لەچەندین بەرگى جیاوازدا ڕۆڵى خۆى دەگێڕێت. شانەکانى ئەم بیرکردنەوەیە، تەنها لەناو یەک چینى کۆمەڵگاو، لە یەک کاستى ئەو کۆمەڵگایەدا نین بەڵکو لەمپەڕ بۆ ئەوپەڕ دەکرآ بەرچاو بکەون. ئەم بیرکردنەوەیە، تەنها پەیوەست نىیە بە دینێکى دیارى کراو و ئایدۆلۆژیایەکى ڕووتەڵەوە، بەڵکو ئەم بیرکردنەوە قۆرخکارە بەرتەسک بینە وەکو درمێکە و لەبیرکردنەوەى بەشێکى زۆرى تاکەکانى ئەم ناوچەیەدا وجودى هەیە .
 سەردەمى نوآ، یاخود ئەم سەردەمەى ئێستاى مۆڤایەتى تێیدا دەژیت، دەکرێت بوترێت سەردەمى لەناوبردنى (ڕەمز)ەکانە. مرۆڤ لەسەردەمى نوێدا، ئەوەندەى بکرێت، هەوڵدەدات ڕەمزو نیشانەکان لەناو ببات، شتێک نەمێنێتەوە کە ببێتە تاکە نوێنەرى بابەتێک و بیرێک. زۆرجار لە پڕۆسێسى وێران کردنى ڕەمزێکدا، مرۆڤى نوآ دەکەوێتە ناو چەندین ئیشکالیەتەوە. بۆنمونە: بەشێکى زۆرى مرۆڤەکانى ئەم سەردەمە، لەناو دیکتاتۆریەت و تۆتالیتاریزم کورت دەکەنەوە لە چەند ڕەمز و شەخسێکدا و لەناو بردن و سڕینەوەى ئەو کەسانەش وەکو لەناوبردنى تیرۆر وەسف دەکرێت. هەرچەند ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە دەرهاویشتەى کارو هەوڵى ئایدۆلۆژیاى بەرتەسکىترە. بۆنمونە یەکێک لەو کەسانەى کە کراوە بە ڕەمزى تیرۆر کەسێکى وەکو ئوسامە بن لادنە. لێرەدا، لەگەڵ ئەوەى ناتوانم حوکمى هەڵەو دروستى ئەوە بدەم، بەڵام ئەو تەنها وەکو نمونەیەک دەهێنمەوە. بە ڕەمزى کردنى ئەو پیاوە، جگە لە خۆ خڵەتاندن شتێکى دى نىیە. ئەوەى ئەرکە لێرەدا لەناوبردنى تەنها شەخس و کەسێک نىیە، بن لادن ئەو کەسەیە کە کراوە بە (تاکە نمونە) بۆ سڕینەوەو داپۆشینى (چەندان نمونە)!

لێرەوە دەبێت دڵنیابین، گەر دەربارەى بێدەنگى بدوێین ئەبێت لەو سەرەتایەى سەرەوە دەست پآبکەین، چونکە هێزە کپ کەرەکان، تەنها لە تەنها کەسێک، ئایدۆلۆژیایەک، کاتێک، سەردەمێک و شوێنێکدا کۆنابنەوە، بەڵکو لە زۆر شوێن و کاتدا وجودیان هەیە.

ئەوەى لە کۆمەڵگاى ئێمەدایەو ئومێدى گەورەى لێدەکرێت گۆڕان بکات، وەکو دەزگایەکى مۆدێرن و چالاک، زانکۆکانمانن. ئەو هێزەى دەتوانێت بە ئومێدى گەورەوە بەرپەرچى هەموو ئەو هێزانە بداتەوە کە وەلائیان بۆ بێدەنگى هەیە مامۆستا و خوێندکارەکانى زانکۆن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاشى لەگەڵدابێت ئەو ئومێدە تا ئێستاشى لەگەڵدابێت لەو ئاستەدا نىیە، بەڵکو زۆر جار ئەو شوێنە بووەتە مەڵبەندى چاندنى تۆوى بێدەنگى و شەرم و حەیاى کۆمەڵایەتى ناتەندروست .
 نمونەکان زۆر لەوە زیاترن لە وتارێکى چکۆڵەدا باس بکرێن، بەڵام لێرەدا بەپێویستى دەزانم سەرگوزەشتەى یەکآ لە هاوڕێکانم باس بکەم کە لەلایەن یەکێک لەمامۆستاکانىیەوە بەشێوەیەکى چاوەڕوان نەکراو، ئامۆژگارى کرابوو.

ئەو کوڕێکى جوڵاوبوو، یەکێکە لەو خوێندکارانەى ئومێدى گەورەى لێدەکرێت، چونکە جیا لە ئیستینساخ کردنى مەلزەمەکانى مامۆستاکەى، هەمیشە چەند کتێب بەدەستىیەوە دەبینم. کوڕێکى چاو کراوەیە، ڕەخنە دەگرێت ئەگەر پێویست بکات، ئەگینا بێدەنگ بیر دەکاتەوە. زۆر لام سەیربوو کە ئەو ڕووداوەى بۆ گێڕامەوە کە لەنێوان خۆى و مامۆستایەکیدا ڕوویدابوو. ئەیوت ئەو ڕۆژە زۆر مامۆستاکەم بانگى کردم و لەشوێنى حەوانەوەى خۆى، باوەشێکى پێداکردم و دەستى لەسەر شانەکانى من دانابوو. لەو کاتەدا گومانم کرد مامۆستاکەم کێشەیە گرفتێکى هەیە، چونکە ماوەیەکى کەم بوو هاتبوو بۆ ئەم شارە. بەڵام بەپێچەوانەى هەموو پێشبینىیەکى منەوە، پێى وتم: "زۆر سوپاست دەکەم ئەگەر لە موحازەرەکانى مندا بەهیچ شێوەیەک موداخەلە و پرسیار نەکەیت."

ئەو مامۆستاى زانکۆیە، بڕوانامەى خۆى هەیە. بەڵام کام بڕوانامە؟

ئەو مامۆستاى زانکۆیە، وانە دەڵێتەوە. بەڵام کام وانە؟

ئەو مامۆستاى زانکۆیە، جل وبەرگەکانى ڕێک و پێکە. بەڵام کام ڕێک و پێک؟

ئەو مامۆستاى زانکۆیە، و...........

دەبێت کۆمەڵگەى ئێمە، سەرجەم هێزەکانى، بەبآ جیاوازى فیکرى و ئایدۆلۆژیى و ئینتیماى سیاسى، تەواو لەوە دڵنیابن کە دواجار هەموو بێدەنگىیەکى تاکەکانى ئەم کۆمەڵگایە دەرەنجامەکەى چەندین تەقینەوەى کۆمەڵایەتى و فیکرى ترسناکى لێدەکەوێتەوە. ئەو (بەناو) مامۆستاى زانکۆیە (لەگەڵ تەواوى ڕێزم بۆ هەموو مامۆستاکانى زانکۆ)، ترسناکترین ڕۆڵى دەبێت لە ڕواندنى تۆوى بێدەنگى، کە بەرهەمەکەى چەندین هێزى ئایدۆلۆژى توندڕەو و پەڕگیرە کە مێژووى گەلانى ئەم ناوچەیە تا ڕاددەیەکى زۆر پێى ئاشنان.

ئەو مامۆستا ڕێزدارە، لەلایەن خۆیەوە ئەوەندەى توانیویەتى ڕۆڵى خۆى گێڕاوە، بەو مانایەى دەستى هەیە لە بێدەنگ کردنى بەشێک لەو خوێندکارانەى کە وەکو ئەمانەتێک لە ئەستۆى ئەودان. بەڵام ئەوەى جێگەى داخە لەزانکۆدا ئەمە ڕوویداوە، کە ئەمە تەنها نمونەیەکەو ڕۆژانەو بەچەندین شێوەى جیاواز نمونەى لەم چەشنە لەبەرگى جیاوازترو بەوێنەى جیاوازتر بەڵام بە هەمان ئامانج دووبارە دەبێتەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا چەندین مامۆستاى دڵسۆز و چالاک، چەندین خوێندکارى چالاک لەناو ناوەندەکانى زانکۆدا هەمیشە ڕۆڵى خۆیان دەگێڕن. مەبەستم لە ڕۆڵ گێڕان ئەو بەناو ڕێکخراوە قوتابى و خوێندکارىیانە نىیە کە هەمیشە بە ئیعازى ئەملاولا، لەناکاوێکدا دەردەکەون و لەناکاوێکدا شوێن بزردەبن، بەڵکو ڕۆڵى ئەو گەنجانە دەڵێم کە سەربەرزانە لەناو زانکۆکاندا لە ڕیزى پێشەوەى بەرگرى لە مافەکانى خوێندکاران و قوتابیانن و ئامانجیان بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و پاراستنى حەرەمى زانکۆیە بە ڕێزدارى.

بەداخەوە لە کۆمەڵگاى ئێمەدا هەوڵێک هەیە بۆ لە پەل و پۆ خستنى هێزە موێدێرن و هەڵسوڕاو و ئەکادیمىیەکان. ناچارکردنى چەندین خوێندکارى دەرچووى کۆلێژى زانستە مرۆڤایەتیەکانى ڕانیە، بەوەى کە لەبەردەم بەردەرگاى بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەدا مان بگرن و خێوەت هەڵبدەن، یەکێکە لەو ناهەقیانەى بەرامبەر گەنجەکانى ئەو شارە دەکرێت. بێدەنگ دانیشتنى ئەو گەنجانە لەژێر ئەو خێوەت و خێمانەدا، لەگەڵ ئەوەدا چەندین کارەسات و ناسۆرى ئەم گەلەم بیردەخاتەوە، لە هەمان کاتدا دڵخۆشم دەکات بەوەى دەبینم گەنجانى ئەم وڵاتە بۆ بەرگرى کردن لەمافەکانیان پشتیان کردووەتە هەموو بەناو ڕێکخراوە قوتابى و خوێندکاریەکان و بەشێوەیەکى مەدەنى و خۆیان هەڵساون بە کارێکى لەم شێوەیە. ئەم جۆرە بێدەنگى و شێوازى مانگرتنى ئەم گەنجانە ئومێدى ئایندەیەکى گەورەى لێدەکرێت. بەو مانایەنا کە لەدانیشتنى ئەم چەند گەنجەوە لەبەردەم ئەو بەڕێوەبەرایەتىیەوە، گۆڕانێکى گەورەو بنەڕەتى لە کۆمەڵگەى کوردیدا ڕووبدات، بەڵام شێواز و هەڵبژاردنى ئەم جۆرە لە داواکردنى ماف، یەکێکە لە شانازىیەکان کە دواجار بۆ گەنجانى ڕانیە دەگەڕێتەوە.

ئەوەى ئومێد دەکرێت لەلایەنە بەرپرسەکان، دەبێت بەهەندوەرگرتنى توانى ئەو گەنجە خوێن گەرمانەبێت. بێ ئومێد کردنى ئەو  گەنجانە، بێ ئومێد کردنى نەوەى ئایندەیە. بێ ئومێد کردنى بنیاتنەرى کۆمەڵگاى ئایندەیە.

به‌ش گه‌نجان | زیادكراوه‌ له‌لایه‌ن 2Koshan (2009-04-09)
بینراوه 326 | پله‌ دانان 0.0/0 |
ژماره‌ی تێبینییه‌كان 0
ته‌نها ئه‌ندامه‌كان ده‌توانن تێبینی بنووسن.
[ بوون به‌ئه‌ندام | چوونه‌ژووره‌وه ]
شوێنی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌ندامان

گه‌ڕان

هه‌ندێ پێگه‌ی تر

ئێستا

Total online: 1
Guests: 1
Users: 0


میوانانی سه‌رهێڵ

ژ. سه‌ردان له‌ 20 ی ئازاری 2009 ه‌وه‌
سه‌رجه‌م مافه‌كانی پارێزراوه‌ © 2018
Powered by uCoz