Wednesday
2017-10-18
3:06 AM
به‌خێربێیت Guest
RSS
 
كۆشان.. سه‌كۆی هه‌مووان
سه‌ره‌كی بوون به‌ئه‌ندام چوونه‌ژووره‌وه
به‌شه‌كان

سه‌ره‌كی » 2010 » July » 30 » تەکنەلۆژیا... وەک هۆکارێک بۆ دوورکەوتنەوە
تەکنەلۆژیا... وەک هۆکارێک بۆ دوورکەوتنەوە
4:38 PM

 
کۆشان عەلى زەمانى *

لەوکاتەوە کە مرۆڤ کەوتۆتە سەردەمێک کە پێى دەوترێت سەردەمى مۆدێرنە، سەردەمێک کە لەیەکێک لە رووخسارەکانیدا دەرکەوتن و کاریگەرى بەرفراوانى تەکنەلۆژیایە، ئیدى مرۆڤ خەسڵەتێک و تایبەتمەندیەکى ترى جیاوازى هەیە جیاواز لە پێشوو. مرۆڤ دەبێتە تەکنەلۆژیا و تەکنەلۆژیا دەبێتە مرۆڤ. لەوساتەوە هەریەک لە تەکنەلۆژیا و مرۆڤ بوون دەکەونە بەر پرسیارى جیددى.
ئایا تەکنەلۆژیا مرۆڤ بەریوە دەبات یاخود مرۆڤ تەکنەلۆژیا؟ بۆ ئەم پرسیارە دەکرێت سآ وەڵامى جیاواز هەبێت.
تەکنەلۆژیاى بەمرۆڤ بوو
لەهەندآ حاڵەتدا تەکنەلۆژیا رۆڵى مرۆڤ بوون دەگرێتەوە. مرۆڤێک کە هەموو بنەرەتەکانى ئامادەن، مرۆڤێکە بیردەکاتەوە، قسەدەکات، وەڵام دەداتەوە، دەوەستێت، بەگوێت دەکات، کارت بۆدەکات، پارەت ئەداتآ و لێت وەرئەگرآ..... هتد. ئەم جۆرە لە تەکنەلۆژیا لەسەردەم و پرۆسەى (Dehumanization)دا دەردەکەوێت. سەردەمێک کە مرۆڤەکان تا دێت رۆڵیان کەم دەبێتەوەو ئەو ئامێرانەى کە بۆخۆیان دروستیان کردوون دێنەوە جێگەى مرۆڤەکان دەگرن. مرۆڤ لێرەدا دەسەڵاتى باڵاى هەیە لە بەکارهێنانى ئەو ئامێرانەداو لەشێوازى بەکارهێنانیاندا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو مرۆڤانەى کە دەسەڵاتى بەکارهێنانى ئەو ئامێرە تەکنەلۆژیایەیان هەیە رێژەیان (زۆر کەمترە) لەچاو ئەو کاریگەریەى لەسەر ئەو (ڕێژە زۆر زیاترە)ى کۆمەڵگایان دەبێت. بۆنمونە: کەسێک لە کۆمپانیایەکى سادەى شیرنەمەنیدا، لەشوێنى ئەوەى وەکو دەیەکانى رابردوو زیاتر لە دەیان کارمەندى هەبێت، ئەوا تەنها چەند کەسێک بەکاردەهێنێت بۆئەوەى ئامێرەکانیان بۆبخاتەگەر. لەدواتردا، بەرهەمى ئەو تەکنەلۆژیایە زۆر کەمترە لەو دەیان و هەزاران کەسەى کە ئاڵوودەى شیرینى خواردن و کاریگەر دەبن بە چێژو تامى ئەو شیرینییە. تەکنەلۆژیا لێرەدا خۆشى دەبەخشێت، پارە وەردەگرێت لە کڕیاران و پارە دەدات بە خاوەنى کۆمپانیا، تەنانەت سوود و قازانجێکى زیاترو مسۆگەرتر بۆ کۆمپانیاکە دروست دەکات.
ئەمە تەنها بۆ تەکنەلۆژیاى سوودمەند دروست نیە، بەڵکو بەهەمان شێوە لە تەکنەلۆژیاى زیانبەخشیشدا هەمان حاڵەت دووبارەدەبێتەوە. هەروەکو ئەوەى بینرا کە (ڕێژەیەکى زۆر) خەڵکى لە هێرۆشیما کە (100.000) کەس و لە ناکازاکى (75.000)کەس، بوونە قوربانى دەسەڵات و بیرکردنەوەى (ڕێژەیەکى کەم) لە بریاربەدەستى ئەو سەردەمەى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا.
لەکاتێکدا کە تەکنەلۆژیا دەبێتە مرۆڤ، ئەبێت ترسێکى گەورەمان هەبێت. لە وتارێک و دوو وتاردا ناتوانین ترسناکى بەمرۆڤ بوونى تەکنەلۆژیا بخەینەروو. بەڵام ئەوەى دەکرآ لێرەدا بووترێت چەند شتێکى بنەرەتییە.
(تەکنەلۆژیاى بەمرۆڤ بوو) قەبارە و توانا (ماددییەکان)ى زۆر گەورەترن لەوەى کە چاوەرآ دەکرێت. بە تەنها ئاماژەیەکى بچووک تەکنەلۆژیا کردەیەکى گەورە و هەوڵێکى بەرفراوان ئەنجام دەدات. ئەو دەبێتە مرۆڤێک کە هەموو مرۆڤایەتى تواناى پاشەکشەى پآنیە، هەربۆیەشە (تەکنەلۆژیاى بەمرۆڤ بوو) تەنها بە (تەکنەلۆژیایەکىترى بەمرۆڤ بوو) وەڵام بدرێتەوە. ئەوکاتەى ڤایرۆسێک کە لەشێوەى نەخۆشیدا روودەکاتە تەکنەلۆژیا تەنها بەهێزێک کە ئەنتى ڤایرۆسە ئەتوانرآ رەت بکرێتەوە یاخود لەناو ببرێت، هەرگیز ڤایرۆسێکى بچووکى (یەک کیلۆبایت) ناتوانرآ تەنانەت بە (هەزاران کیلۆگرام مرۆڤ) وەڵام بدرێتەوە ئەگەر لەحاڵەتێکدا هەمان ئەو ڕێگایانە بەکارنەهێنرێتەوە کە ئەو ڤایرۆسەى لێوەهاتووە یاخود دەکرێت دژایەتى پآبکرێت.
کاتێک تەکنەلۆژیا جێگەى مرۆڤ دەگرێتەوە، کاروبارى بەشێکى زۆر لە مرۆڤایەتى بەهەدەردەدات. تاوانى مرۆڤ بوونى ئەوانە چیە کە لە وڵاتانى هەژارنشیندا دەژین و دەرفەتى خوێندنیان نیە، لەدواجاردا هەرگیز کارێک ناتوانن بدۆزنەوە، لەکاتێکدا لە چەند دەیەى رابردوودا هەر هەمان ئەو مرۆڤانە یانتوانى لەشوێنى تەکنەلۆژیاکان کاربکەن ئەیانتوانى زۆرێک لەکارەکانى ئەوان رابپەرێنن.
کاتێک مرۆڤ لەگەڵ تەکنەلۆژیایەکى بەمرۆڤ بوودا مامەڵە ئەکات، ئەوەى رۆڵ نابینێت رۆح و هەستە. تەکنەلۆژیا هەرگیز فرمێسک و خەندەى نیە، لەهەمان کاتدا ئەوەى هەشیەتى دوورە لە رۆحیەتێکى راستەقینەوە. ئەوکاتەى تەکنەلۆژیایەک پێدەکەنێت یاخود دڵخۆشە (بۆنمونە لەکاتێکدا کە گۆرانیەکى خۆش یاخود فیلمێکى کۆمیدى بڵاودەکاتەوە) ئالەوکاتەدا تۆى مرۆڤ لەوە دڵنیایت ئەوە خۆتیت هەمان بەرامبەرى دڵخۆشت دڵخۆش دەکەیت. وەکو ئەوەیە خۆت مرۆڤێک بخەیتە خەندەوە یاخود زۆرى لێبکەیت بکەوێتە خەندەوە، ئایا ئەمە هەمان هەست و نەستت لادروست دەکات وەکو ئەوەى کەسێک خۆى تۆ بخاتە خەندەوە؟
مرۆڤ لە سەردەمى مۆدێرندا، بەهۆى دوورکەوتنەوە لە رۆحەوە چەندین هەستى جیاوازى لەلادروست دەبێت. لەسەرووى هەموویانەوە هەست کردن بە (تەنهایى، بآمتمانەیى). هەربۆیەشە تەکنەلۆژیایەکى دوور لە رۆح، دوور لە هەست باشترین هاورێیە بۆ مرۆڤى مۆدێرن (کە لەئێستادا بووەتە هاورێى بەشێکى زۆر لە هاوڵاتیانى سەردەمى مۆدێرن).
هەربۆیەشە بەپێچەوانەى ئەو یەک دوو پۆنیتەى لەپێشوو باسکرا دەکرێت بوترێت کە لە سەردەمى بە مرۆڤ بوونى تەکنەلۆژیادا، مرۆڤى تەکنەلۆژى دەبێتە هاورێیەکى باشى مرۆڤ. مرۆڤى مۆدێرن دوور دەکەوێتەوە لە عەقدى زەواج، لە تێکەڵ بوون بە کاروبارى خەڵکى تر، باسکردنى نهێنییەکان و گۆرینەوەى بیروبۆچوونەکان (ئەگەر لە سنوورى کاردا نەبێت)، بەڵام هەموو ئەوانە لەگەڵ تەکنەلۆژیادا دەکات. هەروەکو ئەوەى هاورێیەکم پێى وتم: لەگەڵ کتێبدا زەواجم کردووە. لە سەردەمى مۆدێرندا، بۆ کارکردن لەهەر شوێنێکدا پێویست بەوەدەکات سىڤى و تەواوى زانیارى بخەیتەروو، بەڵام هەر مرۆڤێکى ئاسایى ئەوە لەگەڵ تەکنەلۆژیادا ناکات و هەرزوو متمانەى پێدەکات.
بۆیەشە ئەو تەکنەلۆژیایەى بەمرۆڤ بووە زۆر لە رۆح و هەست و نەستى مرۆڤى مۆدێرنەوە نزیکە، بەشێکى زۆر لە بۆشاییە مەعنەوى و رۆحییەکانى پردەکاتەوە. ئەگەر لە رابردوودا مرۆڤێکى ترو رەگەزێکىتر بۆشاییە رۆحییەکانى تاکێکى پرکردبێتەوە ئەوا مرۆڤى ئەمرۆ مرۆڤێکى ماددییە، مرۆڤێکى تەکنەلۆژییە، مرۆڤێکە کە راستەقینەنیە و تەکنەلۆژیایە بووەتە مرۆڤ.
مرۆڤ وەکو بەکارهێنەرێکى تەکنەلۆژیا
ئەگەر لەپێشودا ترس لە هەڵسانى قیامەت لەوەبووبێت کە دونیا بەسەریەکدا تێک دەدات و "ئاوى دەریاکان دەبن بە ئاگر" و "ئاسمانەکان دەپێچرێنەوە" ئەوە قیامەتى سەردەمى مۆدێرنە قیامەتێکى ترەو قیامەتى تەکنەلۆژییە. لەهەر رۆژێکدا ئینتەرنێت، مۆبایل و سەلاتەلایتەکانمان کارنەکەن جۆرێک لە قیامەتە. دونیا رەبتێکى نامێنێت و مرۆڤ تەنها دەمێنێتەوە. ئەگەر شەوێک ئامێرە تەکنەلۆژییەکان بەکارنەهێنین هەست بە بآئومێدى بە لەبیرکردنى پێکهاتەیەکى سەرەکى ژیان دەکەین.
لە بەشى یەکەمى ئەم وتارەدا شیمانەى ئەوەمان کرد کە تەکنەلۆژیا لەدواجاردا وەکو مرۆڤێک دەردەکەوێت، گریمانى ئەوەمان کرد کە تەکنەلۆژیاى بەمرۆڤ بوو هەبێت. تەکنەلۆژیایەک کە جێگەى مرۆڤ دەگرێتەوە. ئەم جۆرە خوێندنەوە دەکرێت خوێندنەوەیەکى جیاواز بووبێت. بەڵام ئەمجارە بەشێوازێکى ترو بەشێوەیەکى ئاسایى تەکنەلۆژیا دەخوێنینەوە. تەکنەلۆژیا وەکو ئامێرێک بۆ بەکارهێنان. تەکنەلۆژیا وەکو پەنجەرەیەکى نوێ بەرووى مرۆڤایەتیدا. مرۆڤ لەکاتێکدا تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنێت پەنجەرەیەکى نوآ بەرووى بیرکردنەوەو تێروانینیدا دەکرێتەوە. تەکنەلۆژیا بەرهەم هێنەرى جۆرێکى نوآ لە تێروانین، مامەڵە و کردار دەبێت. بەو مانایەى مرۆڤ بەبآ تەکنەلۆژیا جۆرێکى تر لە مامەڵەى دەبێت.
بەرلەوەى باس لە گۆرانکارییە زیهنى و کردەییان بکرێت، خوێندنەوەیەک بۆ داتاکان بکەین چەندین ژمارەى سەرسورهێنەر بەرچاو دەکەوێت. لەساڵى (2008)دا ژمارەى بەکارهێنەرانى ئینتەرنێت لە رۆژهەڵاتى ناوەراست و باکوورى ئەفریقا گەیشتۆتە (85.5) ملیۆن بەکارهێنەر، ئەم ژمارەیە هەرچەندە ژمارەیەکى زۆرە، بەڵام بەبەراورد لەگەڵ تەواوى بەکارهێنەرانى ئینتەرنێتدا ئەم رێژەیە دەکاتە (5.2%)ى بەکارهێنەرانى جیهانى. هەرێمى کوردستان و عێراقیش بیگومان لەناو ئەو رێژەیەدایە، هەرچەندە ئینتەرنێت بەماناى تەواوى تەکنەلۆژیا نیە، بەڵام ئینتەرنێت یەکێکە لە ئامێرە زۆر پێشکەوتووەکانى دەستى تەکنەلۆژیا. هەڵسەنگاندنى ئێمە لەدواى ئەوەوە دێت کە ژمارەو داتایەکمان لەبەردەستدایە کە رێژەى بەکارهێنەرانى ئینتەرنێت نیشان دەدات. گەر بەو رێژەیە بێت ئەوا کۆمەڵگەى کوردى بەتەواوى مودمین (addict) نەبووە بە ئینتەرنێت بەڵام دەکرێت بوترێت مودمین بووە بە بەکارهێنانى چەندین ئامێرى ترى تەکنەلۆژى کە لێرەدا تەنانەت ناتوانرێت بەتەواوى ناوى هەمووان بخرێتەروو.
کاریگەرییەکانى ئەم ئامێرە لەوکاتەوە سەرهەڵدەدات کە ئەو ئامێرانە دەبنە بەشێکى جیانەکراوە لە ژیانى رۆژانە ئێمە. ئینتەرنێت، مۆبایل و ئەم کۆمیپوتەرەى بەردەستم بەشێکى جیانەکراوەى مرۆڤ بوونى ئێمەن. ئەوکاتە مرۆڤ بوونى ئێمە دەست پێدەکات کە لەرێگەى ئەم ئامێرانەوە دەوروبەر دەبینین یاخود دەیناسین. وەکو ئەوەى لە فەلسەفەدا وجودى هەیە کە (رۆحى عەقڵانیەت) مرۆڤ بوون تەنها لەوەدا دەبینێتەوە کە بەرپرسیارە لە بیرکردنەوە، کە (رۆحى عەقڵانیەت) یەکێکە لەو سآ جۆرە رۆحەى کە ئەرستۆ باسى لێوە دەکات. ئەگەر لێرەوە مرۆڤ بەرپرسیار بێت بەرامبەر بە بیرکردنەوە، مرۆڤ بیربکاتەوە ئەوا لەکاتێکدا مرۆڤ تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنێت، بیرکردنەوە گۆرانى بەسەردا دێت. تەکنەلۆژیا لەشوێنى مرۆڤ بیردەکاتەوە! مرۆڤ بوون دەبێتەوە مرۆڤێک کە بەهۆى تەکنەلۆژیاوە بیردەکاتەوە نەوەکو مرۆڤێک بێت کە بەهۆى خۆیەوە بە بروابوون بە خود بیربکاتەوە. بیرکردنەوەى تەکنەلۆژی بیرکردنەوەیەکى لاوازە، بە ئیعازى مرۆڤ دەست پێدەکات و بە فۆرماتى ئەو مامەڵە دەکات و بە (Cancel)ێکى خۆى کۆتایى پێدێت. کەواتە لەکاتێکدا کە بە تەکنەلۆژیا بیردەکاتەوە بیرکردنەوەیەکى دوور لە عەقڵانیەتى دەبێت ئەوەندەى بیرکردنەوەیەکى تەمبەڵانەیە. بۆیە مرۆڤ چەند لە تەکنەلۆژیاوە نزیک بێتەوە تەمبەڵتر دەبێت، چەند پشت بە تەکنەلۆژیا ببەستێت ئەوەندە دوور دەکەوێتەوە لە عەقڵانیەت.
گەر بەشێوەیەکى سۆسیۆلۆژى خوێندنەوە بۆ کاریگەرییەکانى تەکنەلۆژیا بکەین، دەبینین کە تەکنەلۆژیا لەگەڵ ئەوەدا کە هۆکارێکە بۆ (نزیک بوونەوە) بەڵام لەهەمان کاتدا هۆکارێکە بۆ (دوورکەوتنەوە). نزیک بوونەوە بەهۆى تەکنەلۆژیا ئەوەندەى نزیک بوونەوەیەکى (ماددى تەکنەلۆژى بآرۆحە) ئەوەندە نزیک بوونەوەیەکى (واقعى رۆحى راستەقینە)یە کە لە پەیوەندى راستەوخۆ و دوور لە تەکنەلۆژیادا دەبینرێت. تەکنەلۆژیا لەگەڵ ئەوەى مەودا دوورەکان کورت دەکاتەوە بەڵام مەوداکانى خیانەت و درۆ گوتن فراوانتر دەکات. مەوداکانى تەمسیل زیاد دەکات.
مۆبایلەکەت هەڵبگرەو بڵێ ئەمرۆ ناتوانم بێم زۆر سەرقاڵم، ئەوەتا لەگەڵ ئیشدا سەرقاڵم، مۆبایلەکەت دابخەرەوە و دەستبکەوە بە پلەیستەیشن. لەناو چاتەکەدا بڵآ دایکم پێم دەزانێت زۆر با قسە نەکەین، ئیتر گرنگ نیە تۆ کچیت یا کوریت، هەموو شتێک ئەکەیت. من لەگەڵ ئەم کردانەدا نیم، بەڵام شتانى زۆر سەیرتر بەهۆى تەکنەلۆژیاوە ئەنجامدراون. لەکاتێکدا مرۆڤ تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنێت دەتوانێت مرۆڤى تر، وێنەى تر، خوێندنەوەو رووداوى تر دروست بکات. ئیتر ویژدانى مرۆڤەکە و تەنانەت هەندێکجار بەرژەوەندى مرۆڤەکە تەحەکوم دەکات بەسەر وێنە و رووداوەکانەوە.
مرۆڤ لەگەڵ بەکارهێنانى تەکنەلۆژیادا، هاورێیەکى نوێى بۆ پەیدا دەبێت. ئیتر ئەو هاورییە لەهەندێ حاڵەتدا کات کوژ و مرۆڤ کوژە، لەهەندآ حاڵەتى تردا لەمرۆڤەکان باشتر دەبێتە هاوڕێ و هاوکار. مرۆڤ لەکاتێکدا تەکنەلۆژیا دەبێتە هاورێى پشت لە ئەوانىتر دەکات، تەکنەلۆژیا زۆر خێراتر و بەهێزتر دەبێتە بکوژ و هاوکار. دەبێتە بکوژێت بۆ لەناوبردنى ئەوانىتر دەبێتە هاوکار بۆ پشتیوانى کردن لە خود. بەڵام ئەم پشتیوانییە هەمیشە هاورێیە لەگەڵ چەندین ترسى جۆراوجۆردا. ترس لە لەکارکەوتنى تەکنەلۆژیا، ترس لە پەیدابوون و هاتنەکایەى بەرهەمهێنەرێکى بەهێزتر، ترس لەوەى تەکنەلۆژیایەکى نوێتر بێت. کەواتە مرۆڤ بەهۆى تەکنەلۆژیاوە چەند دەگات بە دڵنیایى ئەوەندەش لە ترسى لەدەستدانى ئەو دڵنیاییە نزیک دەبێتەوە.
تەکنەلۆژیا ئەو فریادرەسە نیە کە هەندێک بیرى لێدەکەنەوە، ئەو دوژمنەش نیە کە هەندێک بەرامبەرى دەبنە تیرۆریست، بەڵکو لەدواجاردا پەنجەرەیەکى نوێیە لە دروستکراوى مرۆڤە و بۆخودى مرۆڤە. بەڵام ئەوەى جێگەى داخى من و چەندانى ترن کە پشتیوانى لە رۆحانیەت دەکەن و بەتەواوى مل بۆ ماددیەت نادەن ئەوەیە کە تەکنەلۆژیا ژیان غەرق دەکات لەناو ماددیاتدا، مرۆڤ تەنها دەبێتە فیزیکێکى رووت. رۆحانیەت و راستەقینە وجودى نامێنێت، ئەوەى دەمێنێتەوە چەندین پەیوەندین لەسەر بنەماى چەند رێساو دەستوورێکى تەکنەلۆژى کە لەهەر ئان و ساتێکدا دەکرێت گۆرانکارییان بەسەردابێت، لەهەندآ حاڵەتدا تۆ هەست دەکەیت لەرێگەى تەکنەلۆژیاوە بۆنمونە لەرێگەى ئینتەرنێتەوە لەگەڵ کەسێکى جیاواز لەخۆت لەگەڵ رەگەزى بەرامبەر لەگەڵ بیانیەک گفتوگۆ (Chat)دەکەیت، بەڵام ئەو هەستەى تۆ مەرج نیە هەستێکى تەواو دروست بێت، ناکرێت تەنها بە هاوکێشە تەکنەلۆژییەکان بە راستییە تەکنەلۆژییەکان بگەین تاوەکو ئەوەى نەگەرێیینەوە بۆ راستییە راستەقینەکان.
تەکنەلۆژیا با دونیایەکى نوێ دروست نەکات، چونکە ئەگەر دونیایەکى نوێ دروست بوو ئەوا ژیانێکى نوآ و کۆمەڵآ سەرئێشەى نوآ بۆ مرۆڤ دروست دەبێت، جیا لەو دونیایەى هەیە. لەگەڵ بوونى دونیایەکى نوێدا هەمیشە قیامەتێکى تر و جەهەننەم و دۆزەخێکى تریش لەو دونیایەشدا هەیە، بۆیەشە مرۆڤى ئێمە چەندین جار بەهۆى ئەو جەهەننەم و غەمەى لە دونیا تەکنەلۆژیایەدا دەیبینێت ئومێد بە جەهننەمەکەى تر دەخوازێت. مرۆڤى ئیماندار بە بینینى بەهەشتە تەکنەلۆژییەکە ئومێدى گەیشتن بە بەهەشتەکەى تریش دەکات.
ئەگەر تەکنەلۆژیا هیچ شتێکى نەکردبێت، ئەوا چەندین بابەتى ناحەتمى کردە راستەقینە، بەڵام مەرج نیە ئەو راستەقینانە بەتەواوى دروست بن، بەڵکو دەشێت راستەقینەکانى تەکنەلۆژیا تەنها لە سیاقى هاوکێشەکانى تەکنەلۆژیادا دروست بن.
*سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەزانکۆى کوردستان – هەولێر
koshanali@gmial.com
بینراوه‌: 2123 | زیادكراوه‌ له‌لایه‌ن: 2Koshan | پله‌دانان: 5.0/2 |
ژماره‌ی تێبینییه‌كان: 1
2014-10-27 Spam
1. رابەر
تەنها دەستخۆشیم هەیە بۆت، زۆر سود بەخشە :D

ته‌نها ئه‌ندامان ده‌توانن تێبینی بنووسن.
[ بوون به‌ئه‌ندام. خۆتۆماركردن | چوونه‌ژووره‌وه ]
شوێنی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌ندامان

ڕۆژمێر و ئه‌رشیف
«  July 2010  »
SuMoTuWeThFrSa
    123
45678910
11121314151617
18192021222324
25262728293031

گه‌ڕان

هه‌ندێ پێگه‌ی تر

ئێستا

Total online: 1
Guests: 1
Users: 0


میوانانی سه‌رهێڵ

ژ. سه‌ردان له‌ 20 ی ئازاری 2009 ه‌وه‌
سه‌رجه‌م مافه‌كانی پارێزراوه‌ © 2017
Powered by uCoz