Wednesday
2017-10-18
3:03 AM
به‌خێربێیت Guest
RSS
 
كۆشان.. سه‌كۆی هه‌مووان
سه‌ره‌كی بوون به‌ئه‌ندام چوونه‌ژووره‌وه
به‌شه‌كان

سه‌ره‌كی » 2010 » February » 8 » تەنها لە بەهەشتدا دەشێت ئۆپۆزسیۆن نەبێت
تەنها لە بەهەشتدا دەشێت ئۆپۆزسیۆن نەبێت
11:35 AM
 
سازدانى: كۆشان عه‌لى زه‌مانى
 
 
پرسیار:بۆ دروست بوونی هه‌ر پارتێكی سیاسی پاڵنه‌ر و هۆكاری تایبه‌تی هه‌یه‌، ئایا ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ چین كه‌ پارته‌ كوردییه‌كانی هێناوه‌ته‌ كایه‌وه‌؟ و تا چه‌نده‌ ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ ته‌ندروستن كه‌ پارته‌ سیاسیه‌كانی ئێمه‌ی لێهاتۆته‌ به‌رهه‌م؟
به‌ختیار عه‌لى: بەبڕوای من حیزبە کوردییەکان لە هەناوی بزاوتی ناسیونالیزمی کوردییەوە هاتوونەتەدەرەوە، هەموو حیزبە کوردییەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان تا ئەمڕۆش پێویستیان بە چەترێکی ناسیونالیستی هەیە، هیچ حیزبێک نییە کە بتوانێت بەبێ کۆمەڵێک دروشمی ناسیونالیستی و بەبێ دواندن و بانگهێشتکردنی هەستی ناسیونالی لە کوردستاندا بژی. بەڵام ناسیونالیزمی کوردی بوویەکی ناکۆک و لاوازی هەیە، ئایدۆلۆژیایەکی ناکامڵ و گەشەنەکردوە، لەبەرئەوە ناتوانێت ببێتە ئەو مەرجەعەی کە کۆنترۆڵی ژیانی سیاسی ئێمە بکات، ئەوە وادەکات پەیوەندی حیزبی کوردی بە خالق و بزوێن و دروستکەرەکەیەوە، پەیوەندییەکی ناکۆک و پڕ گرفت و پڕ گەمە بێت، پڕ خیانەت و پڕ درۆکردن. لاوازی ئایدۆلۆژی ناسیونالیزمی کوردی وادەکات نەتوانێت ئەو چوارچێوەیە دروستبکات کە بە هۆیەوە حیزب ستراتیژ و نۆرمی ئەخلاقی و نەگۆڕی مێژووی هەبێت. ناسیونالیزمی کوردی لە باوکێک دەچێت کۆمەڵێک منداڵی دروستکردبێت، کە هەموویان تەواو لەدەست دەرچووبن، چونکە خودی ئەو باوکە توانای داڕشتنی چوارچێوەیەکی ئەخلاقی نەبووە. دوای زیاد لە سەد ساڵ بەسەر سەرهەڵدان و دەرکەوتنی ناسیونالیزمی کوردی بە فۆرمێکی مۆدێرن، ڕاشکاوانە دەتوانین بڵێین کە ناسیونالیزمی کوردی ڕووبەڕووی نوشوستییەکی مێژوویی گەورە بۆتەوە، لەوەدا کە نوێنەرێکی سیاسی ڕاستەقینە بۆ خۆی دروستبکات. واتە بەسەرێک ناسیونالیزم تاکە شتێکە دەتوانێت مانا بداتە حیزبی کوردی و بەسەرێکی دیش حیزبی کوردی ناتوانێت ناسیونالیستی بێت، ئەمە ئەو ناکۆکییە قووڵەیە کە ژیانی سیاسی ئێمەی لەسەر بونیادنراوە... دواجاریش بۆتە مایەی ئەو هەرەسە ئەخلاقی و سیاسی و ستراتیژیانەی ئەمڕۆ لە ناویدا دەژین.
پرسیار: كه‌لتوری سیاسمان كۆمه‌ڵێ هه‌ڵه‌ی زه‌قی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌، چۆن ده‌توانین ده‌سبه‌رداری ئه‌و كه‌لتوره‌ی رابردوو بین؟ كه‌ له‌ ساده‌ترین ئاستیدا بڕوای به‌ قبووڵكردنی به‌رامبه‌ر و گه‌مه‌ سیاسیه‌كان نییە.
به‌ختیار عه‌لى: کولتووری سیاسی کە دەچەسپێت لابردنی ئاسان نییە، واتە پێویستیمان بە پرۆسەیەکی گەورەی لادان و لابردن هەیە. پرسیارەکە سەرەتا ئەوەیە هەڵە زەقەکان چیین، ئایا مەسەلەکە تەنیا قەبووڵ نەکردنی بەرامبەرە، پێموایە گوزارەی «قەبووڵ نەکردنی بەرامبەر» زۆر زاراوەیەکی گشتییە، پێموایە هەموو یەکێک لە ئێمە بەجۆرێک لە جۆرەکان و لە پلەیەکی دیاریکراوی جیاوازیدا بەرامبەرمان پێ قەبووڵ ناکرێت. بۆ نمونە من ناتوانم قەبووڵی نازییەت یان بەعسییەت بکەم. واتە مەرج نییە هەموو جۆرە قەبووڵ نەکردنێکی سیاسی هەڵەبێت. پرسیارەکە بەبڕوای من ئەوەیە: ئەو ڕێسایانەی سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا گەمەی لەسەردەکات چیین. واتە حیزبێکی سیاسی چۆن شوناسی خۆی دروستدەکات، چی پێوەرێک بەکاردەهێنێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەویدیدا، وە پەیوەندی حیزب بە قەزا و بازاڕ و دەزگا عەسکەرییەکانەوە چییە. واتە دەشێت مرۆڤ بەرامبەریش قەبووڵبکات و عەقڵێکی فاشیانەشی هەبێت، دەشێت هەندێک هێزی بەرامبەریش قەبووڵ نەکات و تاسەر ئێسقان دیموکرات بێت، گرنگ ئەوەیە قەبووڵکردن و نەکردن لە چ سیاقێکدا دێت، ئەمڕۆ دەیانەوێت شەرعییەت بە هێزێکی ترسناکی وەک بەعس بەناوی دیموکراسییەتەوە تێبپەڕێنن و وەک هەمیشەش هێزە سیاسییەکانی کورد، پاڵەوانی ئەمجۆرە تەزویرکردنەی دیموکراسییەتن. کێشەکە لەوەدایە هێزێکی سیاسی چۆن سەیری مەسەلەی هاوسەنگی و عەدالەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات. تا کوێ دەیەوێت کۆنترۆڵی فەزای کۆمەڵایەتی بکات، تا کوێ دەیەوێت گەورەبێت، چی بەکاردەهێنێت بۆ گەورەبوون، چ کەرەستەیەک دەخاتەگەڕ کە کەرەستەی خۆی نین، بەڵکو کەرەستەی هەموو کۆمەڵگان. حیزب کاتێک دەبێت بە حیزبێکی دیموکرات یاخود دەشێت ببێت بە حیزبێکی دیموکرات کە سێ شت نەکات، کۆنترۆڵی میدیا نەکات، کۆنترۆڵی هێزی سەربازی نەکات، کۆنترۆڵی ئابووری ناکات. گەر حیزبێکی سیاسی هەموو ئەم شتانەی کردبێت و دواتر بڵێت «من بەرامبەرم قەبووڵە، من دیموکراتیم»، قەبووڵکردن و نەکردنی بەرامبەر هیچ نرخێکی نییە، چونکە لە بنەڕەتدا بەرامبەر لێرەدا تەنیا بوونێکی وەهمی و ڕەمزی هەیە. قەبووڵکردنی بەرامبەر مانای بەخشینی شانسی یەکسان بە هەموو ئایدیایەک بۆ ژیان. مانای ئەوەی کە خوێنبەر و بەشە ئۆرگانییەکانی کۆمەڵگا لایەنی کەم وەک شمشێری هێزێک بەسەر ملی هێزێکی دییەوە بەکارنەهێنرێت. ئەمە مانای چی. مانای هەیمەنەی سیاسی، نەبێت بە هەیمەنەیەکی داخراو کە ڕێگا لە لەدایکبوونی نوخبەی نوێ بگرێت، قەبووڵکردنی بەرامبەر سەرەتا بە قەبووڵکردنی موڵکییەتی هەموواندا دەڕوات بۆ دەزگا کۆمەڵایەتییە گرنگەکان. گەورەترین ڕێگا بۆ چاککردنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە، بەوەدا دەڕوات سیاسەت سنووری خۆی بزانێت، سیاسییەکانیش سنووری خۆیان بزانن، لە بیرکردنەوەی سەتحی و میکانیکیش دەرچین و لەوە بکەوین لە هەموو ئاستەکاندا عەقڵ وەدەرنێنین و بیرکردنەوە توڕدەینە دەرەوە. ئەوە یەکەمین سەرەتای پێویستە کە ژیانێکی کۆمەلایەتی و فیکری هاوسەنگی لەسەر بونیاددەنرێت.
پرسیار: له‌ رابردوودا ده‌سه‌ڵات و سه‌رچاوه‌ بنه‌ڕه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كان به‌ده‌ست دوو حیزبی سه‌ره‌كییه‌وه‌ بوون له‌م وڵاته‌دا، به‌ بۆچوونی به‌ڕێزتان هۆكاری نه‌بوونی ئه‌ڵته‌رناتیڤێك تا ئه‌م دواییانه‌ بۆچی ده‌گێڕیته‌وه‌؟
به‌ختیار عه‌لى: لەبەرئەوەی کۆمەڵگای کوردی هێشتا بە ڕوونی کێشەکانی خۆی نابینێت، لەبەرئەوەی مرۆڤ بە گشتی ماوەیەکی زۆر گەورەی دەوێت بۆئەوەی بیر لە ئەلتەرناتیڤی سیستم بکاتەوە، لەبەرئەوەی جورئەتی بیرکردنەوە بە خێرایی تەرجەمەناکرێت بۆ جورئەتی سیاسی، لەبەرئەوەی مرۆڤ گیانلەبەرێکە ئەفسانە و دروستکردنی میتۆلۆگیا و خورافەت زوو دەیخەڵەتێنێت. من دەپرسم: بۆ مرۆڤ بە گشتی ناتوانێت دەسبەرداری خورافەتە مەزهەبییەکانیش ببێت، خەڵکانێک هەن هەزاران ساڵە لە هیندوستان مشک دەپەرستن، بۆ ئەوان ناتوانن بیروبۆچوونی خۆیان و جیهانبینی خۆیان ڕاستبکەنەوە، بۆ مرۆڤی نوێ ڕۆژ بە ڕۆژ ژینگەی ژیانی خۆی وێراندەکات و ڕاناوەستێت، بۆ ملیونەها ساڵە مرۆڤ کارەسات بەسەر ئاژەڵ و باڵندە و گیانەوەرانی بەستەزمانی تردا دەهێنێت و بیرناکاتەوە کە باڵندە و ئاژەڵانیش مەخلوقاتن هەستیان هەیە و هەست بە شادی و ئازار دەکەن... بۆ?. مرۆڤی کوردیش جودا نییە لەو ناعەقڵانییەتە قووڵەی کە لە ناو مرۆڤدا چەقیوە. بەبۆچوونی من مرۆڤ تاکە بوونەوەرە کە دەتوانێت ئەلتەرناتیڤ بخولقێنێت، مریشکێک ناتوانێت هەلومەرجی ژیانی خۆی بگۆڕێت، بەڵام ئەوەی مرۆڤ دەکات بە مرۆڤ ئەو توانا گەورەیەیە لەسەر دروستکردنی ئەلتەرناتیڤ، بەڵام مرۆڤ هەمیشە بوونەوەرێکی چالاک نییە لە دروستکردنی ئەلتەرناتیڤدا، کە مرۆڤ بۆ ئەلتەرناتیڤ نەگەڕا واتە نابێت بەو حەیوانە سیاسییەی کە ئەرستۆتالیس باسیدەکات. لە وتاری سێوی سێهەمدا، لەسەر ڕۆشنایی لاکلاو و مۆڤدا باسم لەوەکرد کە بەبێ گەڕان بۆ ئەلتەرناتیڤ، واتە بەبێ گەڕان بۆ سێوێکی سێهەم، سیاسەت دروست نابێت. ئێمە لە دونیایەکدا دەژین پڕە لە ئەگەری سیاسی درۆزن، واتە ئێمە ئامادەین بەردەوام دوو سێوە کرمێکەی یەکەم و دووەم بخۆین و بخۆینەوە، بەبێ ئەوەی بۆ ئەلتەرناتیڤی سێهەم بگەڕێین. لێرەوە سیاسەت لە دونیای ئێمەدا هەموو شتێک داگیردەکات و هەموو شتێک دادەپۆشێت، بۆئەوەی ونبوون و نائامادەگی خۆی بشارێتەوە. سیاسەت بەمانا ڕاستەقینەکەی تەنیا لەو ساتانەدا بوونی هەیە کە کۆمەڵگا لە ناوخۆیدا بۆ ئەلتەرناتیڤی دی دەگەڕێت. گەر ئەمە نەبوو سیستم، یا هێزە باڵادەستەکان لەسەر ئەوە ئیشدەکەن کە سیاسەتێکی وەهمی بخولقێنن کە لەسەر دەرکردن و بەلاوەنان و ناونەنانی ئەلتەرناتیڤ دروستبووبێت. بەبڕوای من هێزە گەورەکانی کوردستان لەسەر دەرکردن و بەلاوەنانی ئەلتەرناتیڤ ئیشدەکەن. سیاسەتی ڕاستەقینە ئەو ساتەیە کە تێیدا کۆمەڵگا دەوێرێت ئازادانە بۆ سێوی سێهەم یان ئەگەری سێهەم بگەڕێت، بۆ ئەلتەرناتیڤێکی دی بگەڕێت، کە ئەو ساتە دەرکراو ناونانی ئەلتەرناتیڤ قەدەغەکرا، سیاسەتێکی فۆرمال و بێناوەڕۆک و لە جەوهەردا ڕزیو شوێنی پرۆسەی ئەلتەرناتیڤ دەگرێتەوە. گەندەڵی سیاسی لەسەر دزینی پارە و دەسەڵات دروست نابێت، بەڵکو لەسەر وەدەرنانی بیرکردنەوە لە ئەلتەرناتیڤ دروستدەبێت. لە هەرجێگایەکدا بیرکردنەوە لە ئەلتەرناتیڤ زەحمەت بوو، ئازادیش نامومکینە. جورئەت و زیندوێتی کۆمەڵگا و مرۆڤیش لەسەر ئەوە ڕادەگیرێت و بەوە دەپێورێت کە چەندە دەتوانێت بیر لە ئەلتەرناتیڤ بکاتەوە.
پرسیار: هاوڵاتیان له‌ ئێستادا له‌ به‌كارهێنانی وشه‌ی «حیزب»دا قه‌ڵس ده‌بن و وه‌كو یه‌كێك له‌ ده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ بێزراوه‌كانی سه‌یر ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ بۆچی ده‌گێڕنه‌وه‌؟ چۆن ده‌توانین حیزب له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان و كۆمه‌ڵگادا ئاشت بكه‌ینه‌وه‌؟
به‌ختیار عه‌لى: حیزب بوو بە وشەیەکی دزێو، چونکە چیتر ئاماژە بۆ وەزیفە و مانا بنەڕەتییەکەی خۆی ناکات. حیزب بوو بە جێگایەکی دزێو، چونکە پەیوەندییەکی بە مانای ڕاستەقینەی سیاسەتەوە نەماوە. لە پەنجا و شەست و حەفتا و هەشتاکاندا حیزب دەزگایەکی گرنگ بوو، چونکە بۆ کۆمەڵگای کوردی وەک جێگای دروستکردنی ئەلتەرناتیڤ و وەک کارخانەی ئەلتەرناتیڤسازی وابوو، کۆمەڵگای کوردی لە ناو حیزبدا جیهانبینی نوێ و ئەگەری نوێی تاقیدەکردەوە، و هەر لەوێشدا بیریدەکردەوە. دوای ڕاپەڕین حیزب وەزیفەکەی سەد دەر سەد پێچەوانە دەبێتەوە، لێرەوەیە من بەردەوام ئەوە دووبارەدەکەمەوە کە حیزب مردوە. دوای ڕاپەڕین حیزب بوو بەو ئاستەنگە گەورەیەی کە ڕێگری گەورە لە دروستکردنی ئەلتەرناتیڤ و بیرکردنەوە لێی و ناولێنانی دەکات. ئەم دژایەتیکردنەی ئەلتەرناتیڤ تەنیا لە ئاستی سیاسیدا پیادەنەبووە، بەڵکو لە ئاستی ڕۆشنبیری و فیکریشدایە، وەختەبڵێم لە هەموو ئاستەکانی ژیاندایە. حیزب پێش ڕاپەڕین جێگای بیرکردنەوەیە لە گۆڕین و باشکردنی دونیا، لەدوای ڕاپەرینەوە دەبێتە ماشێنێکی گەورەی کوشتن و ڕەدوونان و ڕیسواکردن و ناشیرینکردنی هەر شتێک بیر لە گۆڕین و باشکردن بکاتەوە. ئینتیما بۆ حیزب کاتێک مانای هەیە کە بەڕاستی ئینتیمایەکی کاتی بێت، بۆ نمونە ئێمە کەسمان لە ڕووی زیهنی و کولتووری و عەقڵییەتەوە ئەستەمە دەستبەرداری کوردبوونی خۆمان بین، ئینتیما بۆ نەتەوە دەشێت ئینتیمایەکی کاتی نەبێت، بەڵام حیزب جۆرە پەیمانێکی کاتییە، مرۆڤ دەبێت هەرساتێک لێیدەرچوو ئازاد بێت، هەرکات حیزب ویستی عەقدی نێوان ئەندام و حیزب ببێت بە عەقدێکی نەگۆڕ و ئەبەدی، واتە دەیەوێت ڕێگای بیرکردنەوەی لێبگرێت. ڕێگای هەڵبژاردنی ئازادی لەبەردەمدا داخات. حیزب لەوساتەدا هەرەسدەهێنێت و دەمرێت کە ویستی جەوهەرە تێپەڕ و ڕاگوزەر و کاتییەکەی خۆی، بگۆڕێت بۆ شتێکی جاوید و ئەبەدی. کە حیزب گووتی «ئێمە بۆیە هاتووین تا بمێنینەوە» ئیتر حیزب نییە، واتە چیتر شوێنی بیرکردنەوە نییە لە ئەلتەرناتیڤ، شوێنی گەڕان نییە بۆ ئەگەری سێهەم، شوێنی دڵەڕاوکێی پاشەڕۆژ نییە. حیزب لەسەردەمی پێش ڕاپەڕیندا خۆی وەک عەشق، وەک مەحەبەت پێشکەش بە ئەندامەکانی دەکرد، ئینتیما بۆ حیزب وەک ئینتیما وابوو بۆ مەعشوق، ئەمڕۆ ئەو عەشقە مرد، ڕۆڵی حیزب ئێستا لەلای ئێمە وەک ڕۆڵی کەنیسە لە سەدەکانی ناوەندا وەهایە، دەسەڵاتێکی زۆری هەیە، سامانی زۆری هەیە، بێئەوەی بتوانێت هیچ شتێکی ڕۆحی پێشکەش بە ئەندامەکانی بکات. حیزب دەزگایەکە هەرکات لەوەکەوت بتوانێت لەگەڵ ڕۆح و ویژدان و بیرکردنەوەی ئەندامەکانیدا بدوێت، یان دەبێت بە دەزگایەکی عەسکەری سەرکوتکەر یان بە گیرفانێکی زل و هەیکەلییەتێکی مافیایی، لێرەوە حیزبە سیاسییە ڕاستەقینەکان بەردەوام لە نوێکردنەوەی پەیوەندی خۆیاندان بە ژیان و کۆمەڵگاوە. سەبارەت بەوەی حیزب چۆن لەگەڵ کۆمەڵگادا ئاشتبێتەوە، لە ڕاستیدا ئەو پرسیارە دەبێت حیزب بیکات نەوەک ئێمە. هیچ حیزبێک یان هێزێکی دیکتاتۆر نییە بتوانێت لە سزای مێژوو و کۆمەڵگا دەرچێت، لەبەرئەوە گەر حیزبییەکان خۆیان بیرنەکەنەوە یان بە هەڵە بیربکەنەوە یان وابزانن پێداگری و توندوتیژی ئیعلامی و جەستەیی دەتوانێت کارێکی پۆزەتیڤ بێت بۆیان، ئەوا کێشەکە سەد دەر سەد پەیوەندی بە حیزبەوە هەیە. حیزب دەبێت دان بە قەیرانە مێژووییەکەی خۆیدا بنێت و دواتر ئەو پرسیارە بکات، تا حیزب بە قووڵی و گەورەیی ئەو پرسیارە لە خۆی نەکات، شایستەی ئەوە نییە کە مرۆڤ بۆ وەڵامەکەی بگەڕێت. جەوهەری قەیرانی حیزب ئەوەیە کە ئەم پرسیارە ناکات، گەر ئەو پرسیارەی بکردبایە لە بنەڕەتەوە پرسیارەکانی دی دروست نەدەبوون
پرسیار: له‌دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ی په‌رله‌مانی كوردستان و ڕاگه‌یاندنی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم، هێزێكی تری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌ ڕادده‌یه‌كی به‌رچاو په‌یدابووه‌ كه‌ هێزی ئۆپۆزسیۆنه‌. ئه‌و دیارده‌یه‌ بۆ ئێستای ژینگه‌ی سیاسی كوردستان چۆن ده‌بینیت؟ ئه‌و هه‌نگاوه‌ پێویستانه‌ چین كه‌ هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن پێویست ده‌كات له‌ ئێستای ژینگه‌ی سیاسی كوردستاندا ئه‌نجامیبده‌ن؟ ئایا پێت وایه‌ دوو هێزه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی كوردستان ئه‌و هێزانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان (گۆڕان و یه‌كگرتوو) قبووڵ بكه‌ن كه‌ وه‌كو ئۆپۆزسیۆن كاربكه‌ن؟
به‌ختیار عه‌لى: ئۆپۆزسیۆن تا ئەو جێگایە گرنگە کە شتێک پێشکەشبکات کە لە پارتی و یەکێتی نەچێت، لێک نەچوون نابێت لەسەر پرۆسەی دروستکردنی جیاوازی سەتحی دروست ببێت. یەکێتی و پارتی ئێستا لە باوکێک دەچن کە بەرەو پیری دەچێت، باوکێک ساڵەهای ساڵ دەسەڵاتێکی ڕەهای لە ناو خێزاندا هەبووبێت و ئێستا پیری هێدی هێدی دەستی شلدەکات. دیارە بە حوکمی کۆمەڵێک هۆکار دەشێت هێزێک خێراتر بەو پرۆسەی پیربوونەدا بڕوات، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەر هێزێکی سیاسی نوێبوونەوەی ڕاستەقینە لە خۆیدا نەکات، درەنگ یان زوو وەک هەر ئۆرگانێکی کۆمەڵایەتی کە بیەوێت تەحەدای یاساکانی زەمەن و گۆڕانی سەردەمەکان بکات زیاتر و زووتر پیردەبێت. بەڵام زۆر گرنگە ئۆپۆزسیۆن تەنیا کەرتبوونی ئەو پیرییە یان تەنیا یاخیبوون نەبێت لە دەسەڵاتی پیاوە پیرەکان، ئۆپۆزسیۆن دەبێت شتێکی دیکە و هەڵگری پڕۆژەی پاشەڕۆژ بێت. واتە شتێک بێت کە بەڕاستی توانای دەرچوونی لەو مۆدێلە سیاسییە باوە هەڵگرتبێت. ئۆپۆزسیۆن ئەو دەرگا نهێنییەیە کە کۆمەڵگا پێویستی پێیەتی بۆئەوەی لە ساتە قەیراناوییە گرنگەکاندا ئومێدێکی بە گۆڕان و نەخنکان و دەربازبوون هەبێت. کێشەکە ئەوەیە کە نەبوونی ئۆپزسیۆن کارەساتی کۆمەڵایەتی یان شۆڕشی زۆر توند و کۆنترۆڵ نەکراوی لێدەکەوێتەوە. کارەساتی وەک ئەنفال و ڕەو لە عێراقدا بەرەنجامێکی سروشتی دان نەنان بوو بە ئۆپۆزسیۆنی سیاسیدا. کۆچی دەیان هەزار کورد بۆ دەرەوەی وڵات، بەرەنجامێکی سروشتی نەبوونی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بوو لە کوردستاندا. کۆمەڵگای بێ ئۆپۆزسیۆن کۆمەڵگایەکی خنکاوە، کۆمەڵگایەکە دەرگای بەسەر زەمەن و داهاتوودا نییە. لە ڕاستیدا شتێک نییە ناوی «نەبوونی ئۆپۆزسیۆن» بێت، هەموو کۆمەڵگایەکی وەک ئەگەر و پێکهاتی ناوەکی لە ناو خۆیدا مەرجی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنی هەڵگرتووە، تەنها لە بەهەشتدا دەشێت ئۆپۆزسیۆن نەبێت. لێرەوە دژایەتیکردنی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی ئۆپزسیۆن، لەو قەناعەتە نەفامەوە هاتووە کە ئێمە لە بەهەشتدا دەژین. هەموو هێزە دەسەڵاتدارەکان هەوڵدەدەن خۆیان واپیشانبدەن کە خەریکی دروستکردنی بەهەشتن، پێیانوایە ئەگەر کەموکوڕییەک هەبێت دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە پڕۆژەی بونیادنانی بەهەشت هێشتا بەتەواوەتی تەواو نەبووە و حوکمڕانە بەڕێزەکان کاتی زیاتریان دەوێت بۆ تەواوکردنی بەهەشت. ئەم عەقڵییەتە «مەبەستم عەقڵییەتی وەستای بەهەشتە» ترسناکە. مرۆڤ دەبێت بگەڕێتەوە بۆ وێنە دروست و سروشتییەکەی کۆمەڵگا، وەک یەکەیەکی پڕ ناکۆکی، وەک پێکهاتێکی ئەنتاگۆنیست، چونکە خولقاندنی وەهمی بەهەشت، بە دیوی ئەودیودا وێنەی جەهەنەمی کۆمەڵگاش تیژدەکاتەوە. نابێت شەڕ لە کۆمەڵگادا بچێتە سەر فۆرمی ئەوەی ئاخۆ ئێمە لە بەهەشتین یاخود لە دۆزەخدا، دەبێت هەردوو جۆرە نیگاکە سووک و لاوازبکرێن. ئۆپۆزسیۆن وادەکات سیاسەت لە جەوهەرە دینییەکەی دووربکەوێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ سروشتە ناکۆک و ڕاستەقینەکەی. کۆمەڵگای بێ ئۆپۆزسیۆن هێشتا لەسەر فۆرمی بەهەشت/ دۆزەخ . کافر / ئیماندار کاردەکات. لەدایکبوونی ئۆپۆزسیۆن مەرجی سەرەکی ڕزگارکردنی سیاسەتە لەو دوولانانە، بەخشینەوەی سیفەتە ناکۆک و فرەجەمسەر و فرەخەونەکەیە بە کۆمەڵگا. لێرەوە لە بنەڕەتدا دان نەنان بە ئۆپۆزسیۆندا لەو وێنە دینییەوە هاتووە کە ئێمە لە بەهەشتداین و پێویستیمان بە ناڕەزایی نییە. پارتی و یەکێتیش بەبڕوای من ئەستەمە لە مەودای نزیکدا بتوانن خۆیان لەو ڕەهەندەی سیاسەت پاکبکەنەوە. دیکتاتۆرییەت هەمیشە لەسەر بیرۆکەی بەهەشتێکی تەواونەکراو دادەمەزرێت، بەهەشتێک کە دەبێت بە ڕابەری ئەو هێز و ئیرادە دەسەڵاتدارەی ئێستە حاکمە تەواو بێت، ئیدی لەلای ئەم عەقڵییەتە ئۆپۆزسیۆن وەک گەڕانەوەی شەیتان بۆ ئەم بەهەشتە سەیردەکرێت. لێرەوە ترسناکترین دیاردەی دونیای ئێمە لەمڕۆدا، بەبڕوای من ئەو ڕستەیە نییە کە بڵێین ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت هیچ بگۆڕێت، بەڵکو ئەوەیە کە ببیستین کە گۆڕان تەنیا بە یەکێتی و پارتی دەکرێت. ئەمە ئەو ڕستەیە کە نیشانی دەدا، عەقڵییەتی دیکتاتۆری و دینی تا چ ئەندازەیەک لەم دیدگایانەدا چەسپیوە، ئەو هێزانەی کە بڕوای ڕاستەقینەیان بە دیموکراسییەت نییە و بەردەوام لە خەریکی گەمەی خۆلادان و پێچکردنەوەدان بەدەوری دیموکراسییەتدا پێیانوایە ئەوان تاکە ئەندازیاری کۆمەڵگا و تاکە ئەندازیاری بەهەشتن. لای من گرنگە ئۆپۆزسیۆن ئەم قەناعەتە لە هوشیاری گشتی و هوشیاری سیاسیدا بسڕێتەوە.
 
 
 
بینراوه‌: 1312 | زیادكراوه‌ له‌لایه‌ن: 2Koshan | پله‌دانان: 0.0/0 |
ژماره‌ی تێبینییه‌كان: 0
ته‌نها ئه‌ندامان ده‌توانن تێبینی بنووسن.
[ بوون به‌ئه‌ندام. خۆتۆماركردن | چوونه‌ژووره‌وه ]
شوێنی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌ندامان

ڕۆژمێر و ئه‌رشیف
«  February 2010  »
SuMoTuWeThFrSa
 123456
78910111213
14151617181920
21222324252627
28

گه‌ڕان

هه‌ندێ پێگه‌ی تر

ئێستا

Total online: 1
Guests: 1
Users: 0


میوانانی سه‌رهێڵ

ژ. سه‌ردان له‌ 20 ی ئازاری 2009 ه‌وه‌
سه‌رجه‌م مافه‌كانی پارێزراوه‌ © 2017
Powered by uCoz