Friday
2018-02-23
1:11 AM
به‌خێربێیت Guest
RSS
 
كۆشان.. سه‌كۆی هه‌مووان
سه‌ره‌كی بوون به‌ئه‌ندام چوونه‌ژووره‌وه
به‌شه‌كان

سه‌ره‌كی » 2009 » August » 6 » کوردستان و زەرورەتى گۆڕانکارى
کوردستان و زەرورەتى گۆڕانکارى
3:45 PM


کۆشان عەلى زەمانى

 



ئیستیغلالى نیشتمانپەروەرى، ئامانجێکى فاشیزمانە

ئەو کۆمەڵگایانەى کە لەڕووى سیاسى و ناتەندروستە، بەشێکى زۆرى پڕۆسە سیاسیەکانیشى بە ناتەندروستى تێپەڕ دەبێت. بەڵام کارەکتەرە کۆنزەرڤاتیڤەکانى بەڕاددەیەکى زۆر هەوڵى شاردنەوەى کورت هێنانەکانى پڕۆسە گرنگەکان دەدەن، و تێڕوانینى گشتى خەڵکانى کۆمەڵگاکەشیان بەشێوازێک تەلقین دەدەن کە دەستکەوتى گەورەیان بەدیهێناوە بەوەى کە چەند پڕۆسەیەکى گرنگیان "ئەنجامداوە"، بە پشتگوآ خستنى پرسیارى "چۆن" و چۆنیەتى ئەنجامدانى خودى پڕۆسەکان.

هەڵبژاردن، وەکو چۆن یەکێکە لەو هۆکارانەى کە هاوڵاتى تاکێکى کۆمەڵگایەکى دیموکراسى لەڕێگەیەوە دەبێتە بڕیاردەر لەبەرامبەر ڕابردوو و ئایندى خۆیدا، بەهەمان شێوەش یەکێکە لەو پڕۆسانەى کە لەلایەن کۆمەڵگا کۆنزەرڤاتیڤ و پاوانخوازەکانەوە بەڕاددەیەکى زۆر بە مەرامى شەرعیەتدان بە چەندین دەسەڵاتى ناشەرعى بەکارهێنراوەو ئیستیغلال کراوە. لەڕێگەى هەڵبژاردنەوە خوێندنەوەى تاکەکانى کۆمەڵگا بەرامبەر دیاردەکان ئاوەژوو کراوەتەوە، فیرعەون ئاسا هەڵە و دروستى تێکەڵ کراوە. لەدواجاریشدا ئەنجامەکانى هەڵبژاردنیش وەکو دەسکەوتێکى گەورە و مێژوویى سەیرکراوە.

نیشتمانپەرەوەرى یەکێکە لەو چەکانەى لەدواى هیتلەرەوە وەکو هۆکارێک بەکارهێنراوە بە ئامانجى چاوبەست کردنى تاکەکانى کۆمەڵگا. هیتلەر لەدواى جەنگى جیهانى یەکەم و ئەو سزایانەى بەسەر (ئەڵمانیا)ى ئەوکاتەدا درا، پەیمانى گێڕانەوەى "سەروەرى" و شەهامەتى بۆ ئەو وڵاتە دەدا. ئیستیغلال کردنى نیشتمان لەوکاتەدا دوو ئامانجى سەرەکى هەبوو، یەکێکیان ئامانجێکى فاشیزمانە بوو. دووەمیش بۆ ڕاکێشانى عاتیفە و سۆزى تاکەکانى کۆمەڵگاى (ئەڵمانیا) بوو تا پشتگیریەکى جەماوەرى بەرفراوان لە پارتەکەى بۆخۆى دەستەبەر بکات کە پارتى نازى (پارتى کرێکارانى ئەڵمانى سۆشیالیستى نەتەوەیى) بوو. بەکارهێنانەوەى نیشتمانپەروەرى لەلایەن هەر هێزێکەوە لە هەرکۆمەڵگایەکدا، بەڕاددەیەکى زۆر دەچێتەوە سیاقى هەمان ئامانجەکانى (نازیزم و فاشیزمى ئەڵمانى و هیتلەرى). شتێکى سەلمێنراوە، کە بەلایەنى کەمەوە یەکێک لە پێداویستیەکانى ئەنجامدانى هەڵبژاردن ئەوەیە کە زەمینەیەکى (ماددى) هەبێت، بۆ ئەنجامدانى ئەو هەڵبژاردنە. ئەو زەمینەیە ئەگەر نیشتمان بێت، ئەوا موڵکى هەمووانە، ئەو هێزەى کە پێى وایە دەستکەوتەکانى نیشتمان تەنها خۆى خاوەنیەتى، ئیتر بە چ ئامانجێک خۆى دەخاتە گەمەى هەڵبژاردنەوە، ئەگەر مەبەستى تەنها شەرعیەتدان نەبێت بە دەسەڵاتەکەى خۆى، وەکو ئەوەى لە وڵاتانى دیکتاتۆریدا هەیە.

سێبەرى هەوڵى پڕۆسەى لە چەشنى سێ پەڕەگرافەکەى سەرەوە، بەسەر چەند کۆمەڵگاى هاوشێوەى کوردستانیشەوە هەیە. بەردەوامى پەرش بوونەوەى تێڕوانینى لەم چەشنە بەشێکى سەرەکى دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کلتورە چەسپاوەى کە لەناو کۆمەڵگادا هەیە هەروەها ئاستى هۆشیارى تاکەکانى خودى کۆمەڵگا.

لێرەدا کۆمەڵگا دەبێت بە دوو ئاڕاستەى سەرەکى، یەکێکیان موحافیزکارو ئەویتر گۆڕانخواز یان لەنزمترین ئاستدا ریفۆرمخواز. یەکەم هەوڵى قوڵکردنەوەى گیانى موحافیزکارانەیە و دروستکردنى چەندین سیمبول و موقەددەسات دەدات. چونکە هێزى کۆنزەرڤاتیڤ بۆمانەوەى خۆى، پێویستیەکى زۆر بە ئەفسانە و سیمبول هەیە. لە دروستکردنى ئەو سیمبول و موقەددەساتانەشدا پشت بە چەندین پێکهێنەرى سەرەکى کۆمەڵگاکەى دەبەستێت، ئیتر ئەو پێکهێنەرانە ئاین بێت یاخود پێکهاتە مێژوویى و ژیاریەکانى بێت. هێزى لەم چەشنە بەڕاددەیەکى زۆر شوێنکەوتووانى و تاکەکانى کۆمەڵگاکەى چاوترسێن دەکات بەوەى کە مێژوو و، ئەخلاقیاتى کۆمەڵایەتى و سیاسیان لە مەترسیدایە. (هیتلەر) شکستى وڵاتەکەى بۆ (جووەکان) و بیرى (سۆشیالیزم) گێڕایەوە و دژایەتى سەرسەختى ئەم دوو بزاوتە و (کۆمۆنیزمەکان)ى دەکرد، بەمەش خۆى لەلاى کۆمەڵگاى ئەوکاتەى (ئەڵمانیا) خۆشەویست کرد، هەمان ستراتیژیش لەلایەن چەند فاشیزمى ترەوە بەکارهاتووە.

هێزى دووەمى کۆمەڵگا کە بەرپەرچى هێزى یەکەمى کۆنزەرڤاتیڤ دەوەستێتەوە، دەکرێت بە هێزى ریفۆرم ناوبنرێت، یاخود ئەگەر ئەو ڕووبەڕوو بوونەوەیە لە ئاستێکى باڵادابوو ئەوا هێزەى دووەم دەکرێت بە داخوازیکارى گۆڕان لەسەرجەمى سیستەمەکە دابنرێت. چونکە هەردوو بزاوتى (گۆڕان) و (ریفۆرم) ئامانج و مەغزاى تایبەتى و جیاوازیان هەیە. ئەوەى (گۆڕان) دەیکات تەواو جیاوازە لەوەى هێزێکى (ریفۆرمیی) دەیکات، چونکە گۆڕان لە ڕەگەوە ڕابردوو دەردەکێشێت، ریفۆرم تەنها بە بەشێکى ڕابردوودا دەچێتەوە. ئەو ژینگەیەیەى هەریەکە لەو چەمکانەیان تێدا لەدایک دەبێت، ڕاستەوخۆ کاریگەرى لەسەر شێوازى پڕۆسەکە و دەرەنجامەکانیشى دەبێت.

 

گۆڕان چۆن دەکرێت

گەر باسى گۆڕانکارى و ریفۆرمى سیاسى لە کۆمەڵگادا بکرێت، زۆربەى کۆمەڵگاکان دوو ڕێگایان هەڵبژاردووە، ئەویش گۆڕانکارى لەڕێگاى شۆڕشگێڕییەوە، یاخود گۆڕانکارى لەڕێگەى پڕۆسە دیموکراسى و هێمنانەوە. هەڵبژاردنیش نمونەى پڕۆسەیەکى دیموکراسى و ئاشتیخوزانەى گۆڕان و ریفۆرمى سیاسیە. ئیتر هەڵبژاردن وەکو پڕۆسەیەک دەتوانێت دوو ئامانج بپێکێت، یەکێکیان گۆڕانى ڕیشەیى، ئەویتر ڕبفۆرمى کۆمەڵایەتى.

گەر هەڵبژاردن ئامانج تێیدا (گۆڕان) بێت، دەبێت کۆى خوێندنەوە ناتەندورستەکان لە ڕەگەوە دەربکێشێت، و بەها بە هەڵبژاردن بداتەوە. جێگەى ئاماژەیە پەیوەندیەکى هاوئاڕاستە لەنێوان هەڵبژاردن و کلتور و خوێندنەوەکانى کۆمەڵگادا هەیە، بەشێوەیەک کە ڕاددەى ئەو گۆڕانکارى و بەرەنجامانەى لە هەڵبژاردنەکان دەکەوێتەوە پشت دەبەستێت بە ئاستى هۆشیارى خودى تاکەکانى کۆمەڵگا. بۆیە پێکهاتە جیاوازەکانى کۆمەڵگا، یان جوانتر بڵێین ئەو لیست و قەوارانەى لە هەڵبژاردنێکى دیاریکراودا بەشدارن ئەگەر مەبەستیان گۆڕان بێت، دەبێت ئەوەندەى هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگایان بەلاوە گرنگ بێت ئەوەندە ڕێژەو ژمارەکانیان بەلاوە گرنگ نەبێت، چونکە پێشکەوتنى ئاستى هۆشیارى کۆمەڵگا دواجار گۆڕانکارى نەوعى دەهێنێتە کایەوە.

لەلایەکى ترەوە لەڕێگەى ریفۆرمەوە بەبێ گۆڕان لە دامو دەزگا سەرەکیەکاندا هەوڵدەدرێت بۆ وەلانانى خاڵە لاوازەکانى دەزگا گشتییەکانە. مەرج نیە بۆ ئەنجدامدانى ریفۆرم پێویستمان بە هەڵبژاردن بێت، بەڵام گومانى تێدا نیە لە نزمترین ئاستدا پێویستمان بە هەڵبژاردن هەیە. جیاوازى ریفۆرم لەگەڵ گۆڕاندا ئەوەیە، ریفۆرم زیاتر پشت دەبەستێت بەو کاراکتەرانەى کە ئەو پڕۆسەیە ئەنجام دەدەن، ریفۆرمى ڕاستەقینە ئەوکاتە دێتەبەرهەم کە کارەکتەرە ریفۆرمیستەکان لە ئاستى ئەو ئەرکە گرنگەدابن.

 

لەئێستادا

ئەوەى جێگەى گومان نیە ئەوەیە، هیچ یەک لە ریفۆرم و گۆڕان ناکرێت ببن بە ئەڵتەرناتیڤى یەکتر. بەڵام هەریەکە لەو دوانە بزاوتێکى کۆمەڵایەتى و سیاسى گرنگن و بەرەنجامى خۆیان لێدەکەوێتەوە. هەموو کۆمەڵگایەک بەردەوام پێویستى بە ریفۆرم هەیە، بەڵام لە ئێستاداو لەکۆمەڵگەى کوردیدا بەڕاددەیەکى زۆر پێویستمان بە (گۆڕانێک)ى کۆمەڵایەتى و سیاسى گشتگیر هەیە. ئەمەش بە پشت بەستن بەوەى لە پێشوودا وترا، بەوەى کە ژینگەیەکى پێویست بڕەخسێنرێت بۆ نوێبوونەوەى کۆمەڵگاو لەناوبردنى دەمامکە فاشیزمییەکان. بۆ هێنانەدى ئومێدى ئەو گۆڕانەش لە ئێستادا، کۆمەڵگاى کوردى پێویستییەکى هەنووکەیی هەیە بە هۆشیارییەکى کۆمەڵایەتى، چونکەى ئەم هۆشیاریە کۆمەڵایەتییە ئەگەر گۆڕانێکى ڕیشەییش نەهێنێتە بەرهەم ئەوا لەئایندەدا گۆڕانکارییەکى تەندروست دەهێنێتە بەرهەم. گۆڕانکارى تەندروستیش دەبێت لە ئەنجێنداى سەرجەم هێزە جیاوازەکاندا بێت.

 

دەقى ئەم وتارە لە ڕۆژنامەى (ڕۆژنامە) ژمارە (519) بڵاوکراوەتەوە..

 

 

بینراوه‌: 1271 | زیادكراوه‌ له‌لایه‌ن: 2Koshan | پله‌دانان: 0.0/0 |
ژماره‌ی تێبینییه‌كان: 0
ته‌نها ئه‌ندامان ده‌توانن تێبینی بنووسن.
[ بوون به‌ئه‌ندام. خۆتۆماركردن | چوونه‌ژووره‌وه ]
شوێنی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌ندامان

ڕۆژمێر و ئه‌رشیف
«  August 2009  »
SuMoTuWeThFrSa
      1
2345678
9101112131415
16171819202122
23242526272829
3031

گه‌ڕان

هه‌ندێ پێگه‌ی تر

ئێستا

Total online: 1
Guests: 1
Users: 0


میوانانی سه‌رهێڵ

ژ. سه‌ردان له‌ 20 ی ئازاری 2009 ه‌وه‌
سه‌رجه‌م مافه‌كانی پارێزراوه‌ © 2018
Powered by uCoz