Thursday
2017-11-23
10:07 AM
به‌خێربێیت Guest
RSS
 
كۆشان.. سه‌كۆی هه‌مووان
سه‌ره‌كی بوون به‌ئه‌ندام چوونه‌ژووره‌وه
به‌شه‌كان

سه‌ره‌كی » 2009 » July » 12 » کێن ئەو گەنجانەى لەڕێگەى هەڵبژاردنەوە گۆڕان دەکەن؟
کێن ئەو گەنجانەى لەڕێگەى هەڵبژاردنەوە گۆڕان دەکەن؟
2:53 PM

 

کۆشان عەلى زەمانى*
 

لە سەروبەندى نزیک بوونەوەمان لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى و پەرلەمانى کوردستاندا، یەکێک لەو بابەتانەى کە لەلایەن بەشێکى زۆر لە نووسەرانەوە بەڕاددەیەکى بەرچاو پشتگوآ خراوە مەسەلەى کاریگەرى (گەنجان)ە لە بەرەنجام و ئایندەى ئەو هاوکێشە سیاسیانەى چاوەڕوان دەکرێت لەم هەڵبژاردنە بکەوێتەوە. ئایا گەنج بۆچوونى چۆن بێت لە ئاڕاستەکانى ئەم هەڵبژاردنەدا؟ گەنجیش وەکو عەوام مامەڵە بکات یاخود بە ئاڕاستەیەکى جیاواز و دوور لە مۆدە باوەکە شوناسى خۆى ئەدا بکات؟ ئەمانە پرسى سەرەکى ئەم گوتارەن.
لەهەرکوێیەکى ئەم دونیایەبێت، تەندروستى دەرەنجامى هەڵبژاردنەکان یاخود ئەو بەرەنجامانەى لەدواى هەڵبژاردنەکانەوە دەکەوێتەوە پشت دەبەستێت بە چەند هۆکارێک، لە سەروو هەموو ئەوانەوە ئەو ژینگەیەیە کە هەڵبژاردنەکەى تێدا دەکرێت. ژینگەى هەڵبژاردن نابێت تەنها لە ژینگە فیزیکیەکەدا کورت بکرێتەوە بەڵکو دەبێت خوێندنەوەى تایبەت بکرێت بۆ ئەو تاکانەى کە بەشدارى ڕاستەوخۆى ئەو هەڵبژاردنە دەکەن و لە دواتریشداو لەهەموویشى گرنگتر ئاستى هۆشیارى ئەو تاکانەیە. (گەنج) یەکێکە لەو کارەکتەرە سەرەکیانەى کە دەشێت ئاڕاستەى بەرەنجامەکانى هەڵبژاردنەکان لە هەروڵاتێکى دیموکراسیدا بگۆڕێت. ڕێژەى ئەو گۆڕانکاریەش دەوەستێتەوە سەر چەندین هۆکار کە لێرەدا سەرەتایەک لەو هۆکارانە دەخرێتەڕوو.

یەکێک لەو هۆکارە گرنگانەى کە دەکرێت لەڕێگەیەوە گەنجانى ئێمە ڕۆحى گۆڕان و ڕیفۆرم لەم کۆمەڵگایەدا زیندوو بکەنەوە ئەوەیە کە گەنجانى ئێمە جیاواز بیربکەنەوە. جیاواز بیرکردنەوەى گەنج ماناى ئەوە نیە تەنها لەرووپەڕى ڕۆژنامەکاندا یاخود هەندێ دەزگاى ڕاگەیاندنەوە چەند وشەیەک بخاتە سەر کاغەز و لەدواتردا دڵسافانە مامەڵە لەگەڵ هێزى ستەمکار و دەسەڵاتدا بکات. ئەم جیاواز بیرکردنەوەیە دەبێت لە هەر ئان و ساتێکدا خۆپیشاندان و پرۆتێست و ناڕەزایى لێبکەوێتەوە. یەکێک لەو روواداوە گرنگانەى کە لەمێژووى (چین) و مێژووى نوێدا وەکو ڕووداوێکى ناوازە سەیر دەکرێت پرۆتێستى(تیانانمین سکوێیر) بوو کە لە ناوەڕاستى ساڵى (1989)دا روویدا. گرنگى ئەم ڕووداوە لە مێژووى وڵاتى (چین)دا دەگەڕێتەوە بۆئەوەى کە یەکێک بوو لە بەرفراوانترین خۆپیشاندان کە لەلایەن گەنجان و خوێندکارانى ئەو وڵاتەوە ئەنجامدرا، لە هەمان کاتدا یەکەمجاربوو کە لەو وڵاتەدا داخوازى ڕیفۆرمى سیاسى و ئابوورى بکرێت لەلایەن هاوڵاتیانییەوە. لەڕاستیدا ئەم ڕووداوە کاریگەریەکى زۆرى لەدواى خۆیدا بەجێهێشت، ئەم ڕووداوە وەکو نمونەیەک سەیر بکرێت بۆ جیاوازبوونى گەنجان و هاتنەدەنگیان بەرامبەر دەسەڵاتى دۆگما و پاوانخواز. ئەم جیاوازبوونە دەکرێت دووبارە لە پڕۆسەیەکى وەکو هەڵبژاردندا بەشێوەیەکى هێمانە داخوازى گۆڕان و ڕیفۆرم بکات و کۆمەڵگا بەرەو ئاقارێکى جیاوازدا ببات.
 

لەگەڵ جیاوازبووندا ئەوەى پێویستە (هۆشیارى)یە. لەکاتێکدا کە هۆشیارى بەشێوەیەکى مەعریفى لە واقیعدا ڕەنگ ناداتەوەو مامەڵەى تاکەکانى کۆمەڵگا، بەگەنجانیشەوە، لەسەر بنەمایەکى هۆشیارانە نییە، ئیتر دەبێت گومانیش لەوە بکەین کە شتێک وجودى هەبێت بەناوى جیاوازبوونەوە. دەکرێت چەندین هێزى جیاواز جیاواز دروست بووبن بەڵام لەڕاستیدا ئەو هێزانە دەکرێت لەلایەن خودى دەسەڵاتەوە دروست کرابن بۆئەوەى مانایەک نەمێنێتەوە بۆ جیاوازبوون. ئەو کاتەى تاک هۆشیارە، خۆى بڕیار دروست دەکات و هەر خۆیشى جێبەجێى دەکات، پێویستى بە قورمیش کردن و فەرمان پێکردن نییە. بۆئەوەى بزانین کۆمەڵگایەک تاکەکانى تاچەندە هۆشیارن، دەبێت خوێندنەوە بۆ ڕاددەى پێشڤەچوونى ئەو کۆمەڵگایە و بزاوتە جیاوازەکانى کۆمەڵگا بکەین. چونکە ئەوکاتەى کۆمەڵگا و تاکەکانى هۆشیارن هەمیشە هێز و دەنگى جیاواز لەو کۆمەڵگایەدا دێن و دەچن، بەردەوام سیاسەت و مەعریفە گەمەیەکى جەسوورانە دەکەن. لە کۆمەڵگاى ناهۆشیاردا هەمیشە شارو وڵات خامۆش و بآدەنگ و بآخەمە.

(گەنجى هۆشیار) لە هەڵبژاردنەکاندا و لە دوو ساتەوەختى جیاوازدا خۆى بەرپرسیار دەکات و، ئەرکەکانى جێبەجآ دەکات. سەردەمى یەکەم بەر لەهەڵبژاردنەکانە: پرسى ئەوەى بۆچى دەنگ دەدات؟ بۆچى دەنگدان بەو مانایەى گەنج بڕیار ئەدات کام کیان و لیست هەڵبژێرێت، یاخود ئەوەى بە چ ئامانجێک ئامادەیە دەنگ بە لیست و قەوارەیەکى دیاریکراو بدات، یەکێکە لەو پرسانەى کە گەنجى هۆشیار لەبەرامبەریدا ئێست دەکات و بەشێوەیەکى مەعریفى وەڵامى دەداتەوە. وەڵامدانەوەى پرسى یەکەم دەبێتە زامنى ئەوەى کە گەنج تاڕاددەیەک ئایندەى خۆى مسۆگەر بکات.
سەردەمى دووەم دواى هەڵبژاردنەکانە: لەم ساتەوەختەدا گەنج بەرپرسیارێتى سەرەکى خۆى ئەوەیە کە لە دەنگدان بپرسێتەوە. پرسى ئەوەى کە ئەو بەڵێنانەى کە لەپێشوودا و لەلایەن کاندیداکانەوە پێیدراون تا چەندە جێبەجآ کراون؟
هەڵبژاردنەکان لەلاى ئێمە گرفتارى دوو دەردى سەرەکین. بەر لە هەڵبژاردنەکان، سەرجەم لیستەکان و کاندیداکان چەندین بەڵێنى گەورە گەورە بە هاوڵاتیان ئەدەن. ئەم مامەڵەیەى لیستەکان لەکاتێکدا لەو دڵنیاییەوە سەرچاوە دەگرێت کە تاکەکانى کۆمەڵگ لە هۆشیاریەکى پێویستدا نین و عاتیفە بەسەریاندا زاڵە، لەهەمان کاتدا هۆکارێکى تریشى دەردى دووەمى هەڵبژاردنەکانى لاى ئێمەیە کە هەرگیز دەنگدەران لە دەنگەکانیان ناپرسنەوە. ئەم دوو کێشەیە مانایەک ناهێڵنەوە بۆ تەندروست بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکان.
لەلایەکى ترەوە، گومانێکى تێدانیە کە پێویست دەکات گەنج لە هەرکۆمەڵگایەکدا بێت ئەرکى گۆڕان و ڕیفۆرمى کۆمەڵایەتى لەئەستۆ بگرێت. ڕۆشنبیران و گەنجان، دەبێت ڕەخنەى واقعى کۆمەڵایەتى بکەن. بەتایبەتتر لە ساتەوەختێکى وەکو هەڵبژاردنەکاندا کە چەندین هێزو بەرەى جیاواز لە وڵاتە ڕۆژهەڵاتیەکاندا دروست دەبن. هێزانێک دەیانەوێت ڕابردوو چۆن بووە ئیتر هەر بەو شێوەیە بڕوات، چونکە مەقسەدى ئەوان لە دەسەڵات و پلەو پایەدا مانەوەیە نەوەکو بەڕێوەبردن و ئەرک. لە هەمان کاتدا هێزى بەرامبەر دەیەوێت یەکەم بگۆڕێت بە مەبەستى پێشکەش کردنى پڕۆژەیەکى جیاواز لەوەى لە پێشوودا بوونى هەبووە. لەم ساتە وەختەدا دەشێت گەنجان و ڕۆشنبیران ئاڕاستەى کۆمەڵگا بە ئاقارێکى تردا بگۆڕن، کە ئەمەش ئیرادە و هەوڵێکى نەپساوەى پێویستە لەلایەن گەنجان و ڕۆشنبیرانەوە.

ئەگەر هەڵبژاردن وەکو هەل و دەرفەتێک بۆ گۆڕان سەیربکرێت، پێویست دەکات گەنجى ئێمە تەواو هۆشیار بێت بزانێت بۆچى دەنگ دەدات و چۆن دەنگدەدات. بەدڵنیاییشەوە دەنگدەرى تەندروست ئەو هاوڵاتییەیە کە لەدواى پڕۆسەى هەڵبژاردنەکان کاندیداکانى خۆى دەخاتە ژێر پرسیار و ڕەخنەوە، و داواى بە کرداریکردنى پەیمانەکانیان لێدەکات.
 
ئه‌م وتاره‌ له‌ ژماره‌ (541)ی به‌رواری (12/7/2009)له‌ ڕۆژنامه‌ی(هاوڵاتی) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

*www.koshan.org

 

بینراوه‌: 934 | زیادكراوه‌ له‌لایه‌ن: 2Koshan | پله‌دانان: 0.0/0 |
ژماره‌ی تێبینییه‌كان: 0
ته‌نها ئه‌ندامان ده‌توانن تێبینی بنووسن.
[ بوون به‌ئه‌ندام. خۆتۆماركردن | چوونه‌ژووره‌وه ]
شوێنی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌ندامان

ڕۆژمێر و ئه‌رشیف
«  July 2009  »
SuMoTuWeThFrSa
   1234
567891011
12131415161718
19202122232425
262728293031

گه‌ڕان

هه‌ندێ پێگه‌ی تر

ئێستا

Total online: 1
Guests: 1
Users: 0


میوانانی سه‌رهێڵ

ژ. سه‌ردان له‌ 20 ی ئازاری 2009 ه‌وه‌
سه‌رجه‌م مافه‌كانی پارێزراوه‌ © 2017
Powered by uCoz