Monday
2017-12-11
4:07 PM
به‌خێربێیت Guest
RSS
 
كۆشان.. سه‌كۆی هه‌مووان
سه‌ره‌كی بوون به‌ئه‌ندام چوونه‌ژووره‌وه
به‌شه‌كان

سه‌ره‌كی » 2009 » June » 26 » بێریڤان ئۆینگوێرور: ئەو پارتەى دەیەوێت ببێتە ئەڵتەرناتیڤ، دەبێت لەسەرجەم ئۆرگانەکانیدا ڕێژەى پێویست ئافرەتى هەبێت
بێریڤان ئۆینگوێرور: ئەو پارتەى دەیەوێت ببێتە ئەڵتەرناتیڤ، دەبێت لەسەرجەم ئۆرگانەکانیدا ڕێژەى پێویست ئافرەتى هەبێت
11:58 PM

 

بێریڤان ئۆینگوێرور: ئەو پارتەى دەیەوێت ببێتە ئەڵتەرناتیڤ، دەبێت لەسەرجەم ئۆرگانەکانیدا ڕێژەى پێویست ئافرەتى هەبێت
 
 
سازكردنی: كۆشان زه‌مانی
 

(بێریڤان ئۆینگوێرور) کوردێکى نیشتەجێى وڵاتى (سوید)ـە، کە گرنگییەکى زۆر دەدات بە بوارى ئافرەتان و لێکۆڵینەوە و نووسینى تایبەتى هەیە لەسەر هەریەکە لە مافەکانى ئافرەت و کێشەى کورد و مافەکانى مرۆڤ. (بێریڤان) کە ماستەرى لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا هەیە، یەکێکە لەو ئافرەتانەى کە لە وڵاتى (سوید) چالاکوانێکى سیاسییە و هەوڵ دەدات هاووڵاتیانى سوید ئاشنا بکات بە کێشەکانى کورد، لە هەمان کاتدا ئەم ساسەتمەدارە ئافرەتە توانیویەتى چەند پۆستى باڵاى سیاسى بەدەستبهێنێت لەناو پارتە سیاسییەکانى وڵاتى سویددا، کە ئێستا جێگرى سەرۆکى دەستەى (پارتى چەپى سوید)ـە و ئەندامى ئەنجومەنى (کۆمیۆنى یارفیللەدا)یە.

لەم دیدارەدا (بێریڤان ئۆینگوێرور) تیشک دەخاتە سەر چەندین کێشە و مەسەلەى تایبەت بە بوارى ئافرەتان و، چەند پێشنیار و ئاماژەى گرنگ بۆ خوێنەران دەخاتەڕوو.

لە سەرەتاى دیدارەکەماندا سەبارەت بەوەى ئایا تائێستا لەلایەن وڵاتە ئەوروپیەکانەوە کێشەى کورد وەکو کێشەیەک دانى پێدانراوە، (بێریڤان) ئەوەى ئاشکرا کرد کە "ئەوە پشت دەبەستێت بەو وڵاتە ئەوروپیەى کە لەبارەیەوە قسە ئەکەین. ئاڵۆزى کێشەى نەتەوەى کورد کە دابەش بووە بەسەر چواردەوڵەتى جیاوازدا، و کە لە ڕووى دیموکراسى و سیاسیەوە زۆر ناسەقامگیرن و جیاوازى ئامانجەکانى نەتەوایى ئەوروپا لە ناوچەکەدا، بەداخەوە وادەکات کە زۆربەى وڵاتە ئەوروپیەکان کێشەى کوردى وەکو کێشەیەکى نەتەوەیى ناسراو و دانپێنراو یاخود لە ئەجێنداى سەرەکى خۆیاندا داینەنێن. لەهەمان کاتدا هەندێ لە وڵاتە ئەوروپیەکان، بەتایبەت تورکیا بەهۆى ئەو بارودۆخەیەوە کە کاندیدە بۆ یەکێتى ئەوروپا، کێشەى کوردى وەکو هێزێکى سیاسى بەکاردەهێنێت لەدژى تورکیا و نەک لەبەر خاترى خودى هاوڵاتیانى کورد."
 
 

لەلایەکى ترەوە سەبارەت بە بۆچوونى وڵاتە ئەوروپیەکان دەربارەى کێشەى کوردى، (بێریڤان) پێیوایە بۆچوونى ئەوان پشت دەبەستێت بەو پارچەیەى کوردستان کە ئێمە قسەى لەبارەوە دەکەین. و دەڵێت "لەو بڕوایەدام کە ڕەزامەندیەک هەیە بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستانى باشوور، کە زۆربەى وڵاتە ئەوروپیەکان زۆربەى گەشەسەندنەکان لەو ناوچەیەدا وەکو نمونەیەکى پۆزەتیڤ دەبینن لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست." بەڵام دەربارەى بەشەکانى ترى کوردستان وەکو خۆى دەڵێت "هەندێ لە وڵاتە ئەوروپیەکانى وەکو (سوید) چاوەڕوانى ئەو داخوازیانە دەکەن کە لەلایەن هاوڵاتیانى کورد و پارتەکانەوە دەکرێت پێش ئەوەى بڕیارى سیاسى وەربگرن." هۆکارى ئەمەش دەگێڕێتەوە بۆئەوەى کە "ئەو کێشەیە وەکو داخوازى حکومەتى هەرێمێک یاخود سەربەخۆ سەیرناکرێت، کێشەکە دەربارەى مافە بنەڕەتیەکانى مرۆڤ و دیموکراسیە بۆ هاوڵاتیانى کوردستان لە سنوورى تورکیا، ئێران، و سوریادا".

(بێریڤان) بۆئەوەى کێشەى کوردى وەکو کێشەیەک بخرێتەڕوو، پێشنیارى ئەوە دەکات "لەسەرەتاى هەموو شتێکەوە، من پێموایە دەبێت ئێمە کار بۆکێشەى کوردى بکەین وەکو یەک کێشە و بە ستراتیژێک کە هەموو پارچەکانى کوردستان بگرێتەوە هاوشان لەگەڵ بیرکردنەوە لە دەوڵەتێکى نەتەوەیى." بۆئەمەش بەبڕواى (بێریڤان) "ئێمە پێویستمان بە لۆبیەکى نەتەوەیى بەهێزمان پێویستە کە هەموو پارچەکانى کوردستان بگرێتەوە کە بە یەک دەنگ هەوڵبدات بۆ بەدیهێنانى باشترین بارودۆخ بۆ خەڵکى کوردستان، لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. خەڵکى کوردستان بە هاوکارى نوێنەرە هەڵبژێرراوە دیموکراسەکانى پێویستە بڕیاربدەن بۆئەوەى ڕێگایەکى پێویست بگرنەبەر، ئەمەش بۆ هێنانەدى باشترین بارودۆخ بۆ هاوڵاتیانى کورد، و ناکرێت هەمیشە بۆ بڕیارو چارەنووسى پشت ببەستێت بە ئەوانى تر.

لە تەوەرێکى تردا، ئەو سیاسەتمەدارە کوردە، سەبارەت بە مافەکانى ئافرەت ئەوەى خستەڕوو کە "مافەکانى ئافرەت لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەگشتى وەکو کێشەیەکى گرنگ وەسف نەکراوە. بەڵام ئەوەى گرنگە کە دەرکى پێبکرێت ئەوەیە بارودۆخى ئافرەت لە وڵاتێکدا پشت دەبەستێت بە ڕێژەى دیموکراسى لەو وڵاتەدا." لە هەمان کاتدا (بێریڤان) جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە "یەکسانى ڕەگەزى پێویستە وەکو کێشەیەکى دیموکراسى ببینرێت و نەوەکو تەنها وەکو کێشەى ئافرەتان".

سەبارەت بە مافى ئافرەتان و بارودۆخى سیاسیان لە هەرێمى کوردستاندا، ئەو سیاسەتمەدارە ئافرەتە دەڵێت "چەند هەفتەیەک لەمەوپێش، بۆ یەکەم جار لە کوردستانى باشوور بووم و ئافرەتانێکى زۆر بەهێزم بینى. من هەندێ ئومێد دەبینم بۆ ئافرەتانى کوردستانى باشوور. لەگەڵ ئەوەشدا بارودۆخەکە دوورە لە خۆشحاڵیەکى بەرچاوەوە، بەڵام ئەوە دەکەوێتەوە سەر خواستى سیاسیەوە، کە ئەمەش زۆر گرنگە، بۆئەوەى گۆڕان بەرەوباشتر ئەنجام بدەیت. بەڵام ئەوەى زۆر گرنگ و سەرەکیە ئەوەیە کە ئافرەتەکان هێز و دەسەڵاتى سیاسى وەربگرن نەوەکو ئەوەى تەنها قسە بێت. ئەوەش پڕۆسەیەکە کە هەموومان پێویستە هاوکارى و پشتگیرى بکەین، بەتایبەت لە وڵاتانێکى وەکو سوید کە بە ڕێزگرتن و هەوڵدان بۆ یەکسانى جێندەرى ناسراوە".

سەبارەت بە بارودۆخى ئافرەتان، (بێریڤان) دەڵێت "ئەمە مەسەلەیەکى زۆر گرنگ و حەساسە. لەزۆربەى پارچەکانى هەرێمى کوردستاندا فشار و سنووردارکردنێکى بەرفراوان هەیە بۆسەر ئافرەتان کە پێویستە ئێمە بەجدى کار بکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەو دژایەتى کردنى. ئێمە ڕاپۆرتى جیاوازمان پێگەیشتووە دەربارەى کوشتن لەسەر شەرەف، جیاکارى . ئەوانە هەموو شتانێکن کە ئێمە پێویستە دژایەتى و هێرشى بکەینەسەر لەڕووى سیاسى و کۆمەڵایەتیەوە، و لە هەرێمى کوردستاندا لەناوببرێت". (بێریڤان) وادەبینێت کە "بوونى یاساى بەهێز دژى ئەو تاوانە عەشایریانە ڕێگایەکە بۆ گۆڕینى شێوازى بیرکردنەوەى خەڵکى. بەڵام لەهەمان کاتدا پێویستە تێگەیشتن و زانیارى زیاترمان هەبێت دەربارەى ئەو کێشانە و زانیارى زیاتر بڵاوبکرێتەوە بۆ شکاندن و لەناوبردنى ئەو ئەفسانە و بۆچوونە بێکەڵکانە".
 
 

ئەو سیاسەتمەدارە ئافرەتە، بۆ چارەسەرکدنى بارودۆخى ئافرەتان پێشنیار دەکات بۆ پارتە سیاسیەکان کە "ڕێگرە سیاسى و یاساییەکانى بەردەم هاتنە ناوەوەى کاراى ئافرەتان بۆناو کۆمەڵگا لەناوببەن، لە سیاسەت کردن و کارکردنیاندا." هەروەها دەڵێت کە یەکێک لە ڕێگاکان بۆ ئاسانکارى بۆ ئافرەتان دەکرێت ئەوەبێت کە "ئەگەر بگونجێت، لەلایەن حکومەتەوە پشتگیرى ماددى هەبێت بۆ ئاگاداربوون لە منداڵان و کەسانى بەتەمەن". (بێریڤان) لەو بڕوایەدایە، چەند ئەوەندەى ئافرەتان بەشداریان لەناو سیاسەت و ئابووریدا کارابێت "بەشێوەیەکى ئۆتۆماتیکى بەشدارى دەکات لەوەى کە تێڕوانینى مێینە و کێشەکانیان کە ئافرەتان تووشى دەبن، لەناو ئەجێندا سیاسیەکاندا ڕەنگ بداتەوە". لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سیاسەتمەدارە ئافرەتە پێى وایە "زۆربەى کێشە بنەڕەتیەکان ئەوەیە کە پێویستە یەکسانى جێندەر و یاساى بێلایەنى جێندەرى هەبێت کە هەلى یەکسان دەڕەخسێنێت بۆ هەردوو ڕەگەزى ئافرەتان و پیاوان بەڵام لەهەمان کاتدا یەکسانى بەشدارى لە پڕۆسەى فێرکردن و خوێندنیشدا پێویستە".

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانى داهاتوو (بێریڤان) دەڵێت "یەکێک لە هۆکارە سەرەکى گرنگەکانى دیموکراسى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى گشتى و ئازادە. بەڵام سیستەمى دیموکراسى وەستاوەتە سەر بەشدارى خەڵکى. بۆیە زۆر پێویستە کە بەشدارى بکرێت و دەنگ بدرێت، ئەگەرنا شەرعیەتێکى دیموکراسیمان نیە بۆ نوێنەرە هەڵبژێرراوەکان یان سیستەمەکە".

لەلایەکى ترەوە (بێریڤان) لە قسەکردن لەسەر ڕێژەى دیاریکراو بۆ ژنان لە پەرلەماندا دەڵێت "ئەمە پرسێکى زۆر گرنگە و وەڵامێکى سادەى نیە. لەڕاستیدا، لە سیستمێکى دیموکراسى یەکسان جێندەردا ئەمە پێویست بە بوون نیە. بەڵام هەندآ کات بارودۆخەکان وادەخوازێت ستراکچەرو شێوەکانى سیستم بگۆڕێت، بۆ ماوەیەکى کاتى. ئەمە شتێکە کە لە (سوید)یش گفتوگۆى لەسەر کراوە کاتێک قسە دێتەسەر پیاوى خاوەن بڕوانامە یان بۆردى کۆمپانیایەک، کە دەبینیت ژمارەیەکى کەم ئافرەت بوونى هەیە. ئەو ڕیژەیە باشە بۆ ئەوەى نیشان بدرێت کە ئافرەتانیش هەلى ئەوەیان هەیە. بەڵام پێویستە گرنگ ئەوەیە کە ئەم ڕێژەیە وەکو هۆکارێک سەیربکرێت نەوەکو ئامانجێک لە خودى خۆیدا. هیواخوازم کە لە ئایندەدا ئەوەمان پێویست نەبێت، کە ئافرەتان خۆیان بتوانن هەلى چوونە پەرلەمان بەدەست بهێنن لەسەر بنەماى پێشبڕکآ نەوەکو جێندەر".

سەبارەت بە بەشدارى پێکردنى ئافرەتان لەناو پارتە سیاسیەکاندا، بێریڤان لەو بڕوایەدایە "شکستێکى گەورەیە بۆ هەر پارتێک کە وانەبنێت کە ژنان دەتوانن پێشکەوتن و گەشەسەندن بۆ پارتەکە بهێننە دى. بەڵام گرنگ ئەوەیە کە ئەو ئافرەتانە کاریگەریەکى ڕاستەقینەیان هەبێت نەوەکو تەنها شتێکى سەرزارەکى و قسە بێت. ئافرەتان نیوەى دانیشتووان پێک دەهێنن لەهەمان کاتدا نیوەى سەرەکى دەنگدەرانیشن. لەهەمان کاتیشدا ئەمە دەبێتە هۆى ئەوەى کە ئەو دەنگدەرانە دەنگ بە نیوێنەرە ئافرەتاکانیان بدەن. ئەگەر پارتێک ئافرەتى لەهیچ ئاستێکى دەزگاکانیدا ئافرەتى پێویستى نەبێت ناتوانێت ڕێکخستنێکى پێویست و سەرکەوتوو بکات، و هەر بۆیەشە ناتوانێت ببێتە ئەڵتەرناتیڤێک بۆ خەڵکانێکى بەرفراوان".

سەبارەت بە بارودۆخى کوردستان، (بێریڤان) دەڵێت "تائێستاش کوردستان لەڕووى دیموکراسیەوە تەواو پێنەگەیشتووە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگایەکى درێژ ماوە بۆئەوەى بیبڕێت، هەرێمى کوردستان هەندێ هەنگاوى بچووکى ناوە بە ئاڕاستەیەکى ڕاستدا. ئەوەش حەقیقەتێکە کە پێویستى بە کات هەیە، بەڵام من گەشبینم. لەماوەى گەشتەکەمدا بۆ کوردستانى باشوور ژنان و ئافرەتانێکى بەهێزم بینى کە دەیانەوێ بەشدارى بکەن لە کۆمەڵگەدا و شتانێکى زۆر ببەخشن. ئافرەتانى کورد هەمیشە ڕۆڵێکى زۆر گرنگیان گێڕاوە لە خەباتى کوردستاندا بۆ ئاشتى و ئازادى و لە ئێستاشدا هەر بەدەوامن." (بێریڤان) قسەکانى خۆى بەم دێڕە کۆتایى پێهێنا "من لەو بڕوایەدام کە پێیوستە بزانین ئێمە ناتوانین کوردستانێکى ئازاد و دیموکراسى بەرهەم بهێنین بەبآ ڕۆڵى کاراى ئافرەتان".

 

بینراوه‌: 1530 | زیادكراوه‌ له‌لایه‌ن: 2Koshan | پله‌دانان: 0.0/0 |
ژماره‌ی تێبینییه‌كان: 1
2010-12-10 Spam
1. sherzad
دةستيَن تة خوشبيت داوا سةركةفتنى بوتة دخوازم
شيرزاد
دهوك
ريكخراوا ئةلند بوديموكراسيكرنا كةنجان

ته‌نها ئه‌ندامان ده‌توانن تێبینی بنووسن.
[ بوون به‌ئه‌ندام. خۆتۆماركردن | چوونه‌ژووره‌وه ]
شوێنی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌ندامان

ڕۆژمێر و ئه‌رشیف
«  June 2009  »
SuMoTuWeThFrSa
 123456
78910111213
14151617181920
21222324252627
282930

گه‌ڕان

هه‌ندێ پێگه‌ی تر

ئێستا

Total online: 1
Guests: 1
Users: 0


میوانانی سه‌رهێڵ

ژ. سه‌ردان له‌ 20 ی ئازاری 2009 ه‌وه‌
سه‌رجه‌م مافه‌كانی پارێزراوه‌ © 2017
Powered by uCoz