Wednesday
2018-01-24
2:40 PM
به‌خێربێیت Guest
RSS
 
كۆشان.. سه‌كۆی هه‌مووان
سه‌ره‌كی بوون به‌ئه‌ندام چوونه‌ژووره‌وه
به‌شه‌كان

سه‌ره‌كی » 2009 » June » 10 » (شلێر)ی جوانه‌مه‌رگ و لاواندنه‌وه‌یه‌ک
(شلێر)ی جوانه‌مه‌رگ و لاواندنه‌وه‌یه‌ک
3:31 PM

 

مه‌هاباد کوردی

ستۆکهۆڵم          

mehabadkurdi@hotmail.com

 
 

کاتی خۆی گه‌لێ زه‌حمه‌ت بوو زوو زوو په‌یوه‌ندی به‌ کوردستانه‌وه‌ بکه‌یت و له‌ هه‌واڵی خۆشه‌ویست و ئازیزان بپرسیت. من خۆم بۆ ماوه‌ی حه‌فت ساڵ چاوم به‌ خزم و که‌سوکار و دۆست و براده‌ران نه‌که‌وت و  چشم له‌باره‌یانه‌وه‌ نه‌ده‌زانی. بۆ جاری یه‌که‌م له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ده‌رفه‌ت ڕه‌خسا تا کوردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات خۆیان بگه‌یه‌ننه‌وه‌ نیشتمان و، له‌ هه‌مان کاتیشدا به‌ بینینی خاکی باب و باپیران و خۆشه‌ویستانیان شاد ببنه‌وه‌. هه‌ر یه‌کێک له‌ ئێمه‌ چیرۆکێکی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌ که‌ باس له‌و به‌یه‌کگه‌یشتنه‌وه‌ و به‌یه‌کشادبوونه‌وه‌یه‌ ده‌کات. قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌و غه‌ریبایه‌تییه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ر به‌ نووسین که‌مێ ئاسان بێ. که‌سێ که‌ خۆی به‌ کرده‌وه‌ ئه‌م ده‌رده‌ی نه‌چه‌شتبێ، نازانێ چه‌ند به‌ئازار و ناخۆشه‌.

مرۆڤ که‌ له‌ شوێنێک گه‌وره‌ ده‌بێت و پێده‌گات، با له‌وێنده‌رێش له‌ دایک نه‌بووبێت، به‌ڵام یادگارییه‌کان و ڕۆژانی ئه‌و ده‌مانه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی وا ڕه‌گ و ڕیشه‌ له‌ مێشکیدا داده‌کوتن، که‌ له‌بیرچوونه‌وه‌ و فه‌رامۆشکردنیان نه‌ک هه‌ر ئاسان نییه‌ و به‌س، بگره‌ ڕه‌نگه‌ مه‌حاڵیش بێت. له‌وانه‌یه‌ ئه‌م کاره‌ له‌ یه‌کێکه‌وه‌ بۆ یه‌کێکی دیکه‌ هه‌ندێک جیاوازی هه‌بێت. لێ ئه‌وه‌ی تایبه‌ت بێ به‌ من، خوا ده‌زانێ ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ هه‌ر بیرم لای ڕۆژانی سه‌رده‌می منداڵیمه‌ له‌ گوندی مورتکه‌ی گه‌وره‌ی ده‌شتی هه‌ولێر. شته‌کانی ئه‌و کاتانه‌، ڕووداوه‌کان، ساته‌ خۆش و ناخۆشه‌کان، داب و نه‌ریته‌کان، ده‌می شایی و هه‌ڵپه‌ڕین و کاتی شین و هاواره‌کان، هه‌ر چوار وه‌رزی ساڵ و هه‌موو کار و چالاکی و گرێدراوه‌کان پێیانه‌وه‌، ئه‌مانه‌ و زۆری تریش بوونه‌ته‌ به‌شێکی گرنگ و سه‌ره‌کی له‌ چۆنێتی تێڕامان و هزرکردنه‌وه‌ و بیرکردنه‌وه‌م له‌ ژیان و ده‌وروبه‌ر. نه‌ک هه‌ر ئه‌و 23 ساڵه‌ی که‌ له‌ ئه‌وروپا و جێگای دیکه‌ به‌سه‌رم بردوون، بگره‌ ئه‌گه‌ر دوو ئه‌وه‌نده‌ و تا کۆتایی دوایین هه‌ناسه‌شم له‌ مورتکه‌ و کوردستان دوور بووم، هه‌ر بیرێکم لایانه‌ و چاویشم لێیانه‌. به‌ چاک یان به‌ خراپ ئه‌و سه‌رده‌م و ڕۆژانه‌ بوون که‌ که‌سایه‌تی منیان وه‌ک مرۆڤێک، وه‌ک کوردێک، دروست کرد.

ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا ته‌له‌فۆنێکم بۆ کوردستان کرد. له‌گه‌ڵ خوشکێکی شیرین و خۆشه‌ویستم باسی ئه‌م و ئه‌ومان هێنا گۆڕێ. له‌ناو قسه‌کاندا خوشکه‌که‌م که‌مێک وه‌ستا و گوتی ده‌زانی کێ کۆچی دوایی کردووه‌؟ منیش به‌ که‌مێ حه‌په‌سان و بیرکردنه‌وه‌وه‌ یه‌کسه‌ر گوتم نا. ئه‌ویش بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا گوتی (شلێری مام عه‌زیز) مردووه‌. هه‌روه‌ها گوتی هێشتا پێم نه‌کراوه‌ بچم بۆ تازییه‌که‌ی، به‌ڵام دامناوه‌ سبه‌ینێ بڕۆم. به‌ڕاستی که‌ ئه‌و هه‌واڵه‌م بیست به‌ ده‌ست خۆم نه‌بوو دوو دڵۆپ فرمێسکی گه‌رم به‌ لاڕوومه‌ته‌کانمدا هاتنه‌ خواره‌وه‌. به‌تایبه‌تیش که‌ زانیم چۆن شلێری جوانه‌مه‌رگ کۆچی دوایی کردووه‌ و به‌ چ شێوه‌یه‌ک نه‌خۆشی تاوی لێ سه‌ندووه‌ و کۆتایی به‌ ژیانی هێناوه‌. ئه‌وسا هێنده‌ی تر خه‌م دایگرتم و هه‌موو شلێره‌ خۆشی له‌خۆ نه‌دیوه‌کانی وڵاته‌که‌م بیر که‌وته‌وه‌. له‌مانه‌ش به‌ئازار و به‌سۆتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ دایکێکی جوانه‌مه‌رگ له‌ دوای خۆی کۆرپه‌ شیرین و جوان و هێشتا پێنه‌گه‌یشتووه‌کانی  به‌جێ بهێڵێت. من و خوشک و برا ئازیزه‌کانم ئه‌م ده‌رده‌مان چه‌شتووه‌ و، دایکمان چل به‌هاریشی ته‌واو نه‌کردبوو کاتێ چاوه‌کانی به‌ یه‌کجاری لێکنا. ته‌نانه‌ت هه‌نووکه‌ش که‌ ئه‌م چه‌ند وشانه‌ ده‌نووسم شین و واوه‌یلای ئه‌و ڕۆژه‌ی ساڵی 1983م له‌پێش چاوه‌ و، بڕوا بکه‌ن فرمێسک له‌ چاوه‌کانمدا قه‌تیس ماون و چاوه‌ڕوانی هاتنه‌ خواره‌وه‌ن. ماڵ و بنه‌ماڵه‌ی زۆر به‌ڕێزی شلێری جوانه‌مه‌رگ و کۆرپه‌ له‌پاش به‌جێماو ئاگایان له‌ حاڵی شڕی ئه‌وسای ئێمه‌یه‌ و داخی گرانم، هه‌رگیز چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌شم نه‌ده‌کرد، که‌ یه‌کێکی وه‌ک شلێرخانی ڕووسوور هه‌مان چاره‌نووس به‌شی بێ و ڕۆڵه‌کانیشی ده‌ردی بێ دایکایه‌تییان پێوه‌ دیار بێ. جا توخوا له‌ دایک شیرینتر و به‌وه‌فاتر و خۆشه‌ویستتر و میهره‌بانتر هه‌یه‌؟؟؟؟ بڕواتان هه‌بێ که‌ له‌ نووسینی ئه‌م ڕسته‌ی دواییان بوومه‌وه‌، دڵۆپه‌فرمێسکێک نا له‌ ده‌ش زیاتر ڕژانه‌ خواره‌وه‌.   

شلێر و کنێر و کوردستان و یاسین و ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌یان، له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ (پله‌ گوڵێ)ی دایکیان و (مام عه‌زیز)ی باوکیان، ئه‌وپه‌ڕی نموونه‌ی جوامێری و چاکی و داب و نه‌ریتی به‌رزی کورده‌وارین. له‌ بێده‌نگی و ڕه‌وشتبه‌رزیدا که‌س خۆ له‌ شانیان نادات. ئه‌وان به‌ زیندوویی و به‌ مردوویی ناویان هه‌ر به‌ باشه‌ ده‌هێنرێت. مورتکه‌ییه‌کانی سه‌رده‌می زارۆکی و لاوێتی من زیاتر لێم تێده‌گه‌ن و گه‌واهیش بۆ قسه‌کانم ده‌ده‌ن.

مه‌رگی ناوه‌ختی شلێر زۆر شتی وه‌بیر هێنامه‌وه‌. ڕابردووی گونده‌که‌می له‌ نموونه‌ی فیلمێکی سینه‌مایی ڕه‌ش و سپی خسته‌وه‌ به‌ر چاوم. ئه‌و کاتانه‌ی هێنایه‌وه‌ بیرم که‌ مورتکه‌ی گه‌وره‌، ئه‌وسا نه‌ک ئێستا، تامێکی دیکه‌ی خۆش و جودای هه‌بوو. ڕاسته‌ هه‌نووکه‌ له‌ مورتکه‌ و زۆر دێی تریش، ته‌نانه‌ت شوانه‌کانیش که‌ مه‌به‌ستم به‌ چ شێوه‌یه‌ک سووکایه‌تیکردن نییه‌ پێیان، به‌ مۆبایل له‌گه‌ڵ یه‌کتر قسان ده‌که‌ن، به‌ڵام درۆم نه‌گوتووه‌ گه‌ر بڵێم ژیان ئه‌وده‌م که‌ هێشتا مورتکه‌ له‌ لایه‌ن به‌عسییه‌کانه‌وه‌ تێک نه‌درابوو خۆشتر بوو. له‌و سه‌رده‌م و کاتانه‌‌دا خه‌ڵک یه‌ک به‌رژه‌وه‌ی و چاره‌نووس کۆیان ده‌کردنه‌وه‌. ئه‌وسا خه‌ڵک وه‌ک ئێستا ئه‌وه‌نده‌ چاویان له‌ پاره‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندی و شتی تری بێنرخ نه‌بوو. که‌س خۆی له‌وی دیکه‌ به‌دوور نه‌ده‌گرت و هێشتا مادده‌ به‌سه‌ر هه‌موو شتدا زاڵ نه‌بووبوو. کورت و کرمانجی ئه‌وسا و ئێستا عه‌رد و عاسمانیان فه‌رق بوو.

شلێری جوانه‌مه‌رگ که‌ له‌ جوانیدا گوڵه‌ هه‌ره‌ قه‌شه‌نگ و ڕازاوه‌کانی به‌هارانی ئاقاری مورتکه‌ ئاماده‌ بوون خۆیان به‌ سه‌پان و خزمه‌تکاری بزانن، له‌ ڕه‌وشتبه‌رزی و ڕووپاکی و بێگه‌ردی و نموونه‌ی کچی کورده‌واریشدا هه‌ر مه‌پرسه‌ چه‌ند جوان و له‌به‌ر دڵان بوو! من هه‌رگیز ناتوانم به‌ وشه‌، هه‌ولێری گۆته‌نی له‌ خۆم ڕانابینم، باس له‌ به‌رزێتی ئاکار و به‌ده‌ویی ڕوخسار و قسه‌خۆشی و پاکێتی شلێرخانی کۆچکردوو و خوشک و براکانی و ماڵه‌وه‌یان بکه‌م. هیوادارم ئه‌م چه‌ند وشانه‌شم ته‌نیا وه‌ک دڵدانه‌وه‌یه‌کی ساده‌ که‌ له‌ ناخمدا هه‌ڵقوڵاوه‌ لێ په‌سند بکه‌ن.

مردن که‌ هه‌موومان ڕێیه‌که‌یمان له‌پێشه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ خۆشه‌ویستترین و نزیکترین که‌ست لێ ده‌سێنێت و له‌به‌ر چاوتی ون ده‌کات، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتیشدا زه‌نگی ئاگادارکه‌ره‌وه‌یه‌ و وا له‌ مرۆڤ ده‌کات که‌ به‌خۆیدا بچێته‌وه‌ و چاوێکیش به‌ ڕابردووی ژیانیدا بخشێنێته‌وه‌. ته‌نانه‌ت نه‌خشه‌ و پلانێکی نوێش بۆ ئێستا و داهاتووی ژیانی خۆی دابڕێژێت، که‌ بێگومان چ مه‌رج نییه‌ سه‌ربگرێت و به‌و شێوه‌یه‌  بێت که‌ مرۆڤ خۆی گه‌ره‌کیه‌تی. به‌ڵێ.. مردن که‌ مرۆڤه‌کان له یه‌ک ده‌کات، لێ دیسانیش مانای تری به‌دواوه‌ ده‌بێت.

کۆچی ناوه‌ختی شلێری مام عه‌زیز منی له‌م دووره‌وڵاتییه‌وه‌ ڕاچڵه‌کاند و بردمیه‌وه‌ مورتکه‌ی زێد و وار.  کۆچێک که‌ پێش ئه‌وه‌ی ناوی لێ بنرێت مه‌رگی ئاسایی، خۆی له‌ خۆیدا به‌ڵگه‌یه‌که‌ بۆ ده‌رد‌ و ئازاره‌ له‌بن نه‌هاتووه‌کانی هه‌موو (شلێر)ه‌ چه‌وساوه‌ و ناز ڕانه‌گیراوه‌کانی نیشتمانه‌که‌م. تۆ بڵێی ئه‌و ڕۆژه‌ بێ   تا‌کو هه‌ر هه‌موو (شلێر)ه‌ ناسک و (کنێر)ه‌ له‌بار و (کوردستان)ه‌ شۆخ و میهره‌بانه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ی من، به‌ شێوه‌یه‌کی سرووشتییانه‌ و وه‌ک ژنانی دیکه‌ی وڵاتانی ئازاد و پێشکه‌وتوو، هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی و خۆشی و تام و چێژی ژیان بکه‌ن؟!

له‌ کۆتاییدا خه‌م و په‌ژاره‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆم به‌ بۆنه‌ی کۆچی ناوه‌ختی شلێری جوانه‌مه‌رگ ڕاده‌گه‌یه‌نم. هیواخوازم بنه‌ماڵه‌ی کۆچکردوو ئه‌مه‌ دوایین خه‌میان بێت. ڕێز و سڵاوی زۆرم بۆ که‌سوکاری ئه‌م بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێز و ئازیزه‌ هه‌یه‌. به‌ هیوای بینینی هه‌مووتانم!

                              

بینراوه‌: 647 | زیادكراوه‌ له‌لایه‌ن: 2Koshan | پله‌دانان: 0.0/0 |
ژماره‌ی تێبینییه‌كان: 0
ته‌نها ئه‌ندامان ده‌توانن تێبینی بنووسن.
[ بوون به‌ئه‌ندام. خۆتۆماركردن | چوونه‌ژووره‌وه ]
شوێنی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌ندامان

ڕۆژمێر و ئه‌رشیف
«  June 2009  »
SuMoTuWeThFrSa
 123456
78910111213
14151617181920
21222324252627
282930

گه‌ڕان

هه‌ندێ پێگه‌ی تر

ئێستا

Total online: 1
Guests: 1
Users: 0


میوانانی سه‌رهێڵ

ژ. سه‌ردان له‌ 20 ی ئازاری 2009 ه‌وه‌
سه‌رجه‌م مافه‌كانی پارێزراوه‌ © 2018
Powered by uCoz