Monday
2017-12-11
4:02 PM
به‌خێربێیت Guest
RSS
 
كۆشان.. سه‌كۆی هه‌مووان
سه‌ره‌كی بوون به‌ئه‌ندام چوونه‌ژووره‌وه
به‌شه‌كان

سه‌ره‌كی » 2009 » May » 22 » سواڵی ده‌نگ
سواڵی ده‌نگ
4:14 PM

 

مه‌هاباد کوردی

ستۆکهۆڵم

mehabadkurdi@hotmail.com

 

که‌س له‌ دژی ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ هه‌ڵبژاردن خۆی له‌ خۆیدا پڕۆسه‌یه‌کی شارستانی و دیموکراتییه، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌رده‌مییانه‌ و له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌کی ڕاست و دروستیش ئه‌نجام بدرێت. ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ ڕژێمه‌ هه‌ره‌ دیکتاتۆر و نادیموکرات و تاکپه‌رست و ڕه‌گه‌زپه‌رست و هۆڤه‌کانیش هه‌ڵبژاردن له‌ وڵاته‌کانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ته‌نانه‌ت بانگاشه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌که‌ن که‌ سه‌ران و سه‌رکرده‌ دیکتاتۆره‌کانیان ڕێژه‌یه‌کی زۆر به‌رزیان له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا وه‌ده‌ست هێناوه‌. هه‌ر بۆ نموونه‌ یه‌کێکی وه‌ک سه‌ددام حوسێنی گۆڕبه‌گۆڕ، گوایه‌ له‌ عێراقی نه‌فره‌تی دیموکراسی پیاده‌ ده‌کرد و هه‌ر جارێکیش له‌ سه‌دا نه‌وه‌د و نۆی ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ست ده‌خست! هه‌ر یه‌ک له‌ ئێمه‌ ئه‌و سه‌رده‌مانه‌مان له‌ یاده‌ و ده‌شزانین ئه‌و به‌ناو پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ک ڕێکده‌خرا.

ڕاگه‌یاندنه‌کانی باشووری کوردستان، به‌ جۆرێکی تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ پارتی و یه‌کێتین، ئه‌مڕۆ به‌ شێوه‌یه‌کی چڕ و پڕ که‌وتوونه‌ته‌ خۆ بۆ بانگاشه‌کردن بۆ حیزب و ده‌سه‌ڵات و سه‌رکرده‌کانی خۆیان. دیاره‌ ئه‌مه‌ مافێکی ته‌واوی دیموکراسییانه‌ی خۆیانه‌ و که‌سیش چ قسه‌یه‌کی له‌سه‌ر نییه‌. لێ ئه‌وه‌ی لێره‌دا تێبینی ده‌کرێت ئه‌و پرسیاره‌یه‌ بۆچی ڕاگه‌یاندنی حیزبی، به‌تایبه‌تی و دروست له‌م‌ کات و ساتانه‌دا، وه‌ها به‌گه‌رمی خه‌ڵک و خۆشگوزه‌رانی ئه‌وان و خزمه‌تکردنی هاووڵاتییان و کاری بنیاتنان و پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و گه‌لێ شتی دیکه‌یان بیر که‌وتۆته‌وه‌؟! خۆ ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ خزمه‌تکردنی هاووڵاتییان و به‌رژه‌وه‌ندی و نانی ڕۆژانه‌ و بژێوی و چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌ هه‌مه‌جۆره‌کانیان بێت، بێگومان ئه‌وان ئه‌وه‌ بۆ هه‌ژده‌ ساڵ ده‌چێت حه‌وجه‌داری ئه‌و شته‌ گرنگ و کاره‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ن! من ناڵێم و نه‌موتووه‌ تا ئێستا چ نه‌کراوه‌، به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دایه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات ته‌نیا له‌و کاته‌ تایبه‌تییانه‌دا، ده‌می هه‌ڵبژاردن و ده‌رۆزه‌کردن بۆ به‌‌ده‌ستخستنی ده‌نگ، هاونیشتمانان و خه‌ڵکی وه‌بیر بکه‌وێته‌وه‌. شتێکی ئه‌وها هه‌ر به‌ته‌نێ کوردستان ناگرێته‌وه‌، بگره‌ ته‌نانه‌ت له‌ ده‌وڵه‌ته‌ هه‌ره‌ پێشکه‌وتوو و دیموکراتییه‌کانیشدا هه‌ر هه‌مان کار دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام دیاره‌ به‌ شێوازێکی تر که‌ ئاسان نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان به‌راورد بکرێت. خۆ هه‌رنا له‌و ده‌وڵه‌ت و شوێنانه‌دا لێپرسراو و به‌رپرس، با له‌سه‌ر ئاستی زۆر به‌رزیشدا بن، هه‌رکه‌ به‌ خوار پێیان دانا و شتێکی نایاسایی و ناده‌ستوورییان ئه‌نجام دا، یه‌کسه‌ر بێ چ سێ و دووێک واز له‌ کورسی ده‌سه‌ڵات دێنن و جێ بۆ که‌سانی شیاو و له‌ خۆیان له‌بارتر چۆل ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر له‌ باشووری کوردستان له‌ ده‌ستپێکدا کارێکی له‌و جۆره‌ کرابا، ماڵم قه‌بره‌، هه‌نووکه‌ زۆر ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ و کێشه‌ چاره‌سه‌ر کرابوون و بیرکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکیش شتێکی دیکه‌ ده‌بوو سه‌باره‌ت به‌ ده‌سه‌ڵاتداران و حوکمڕانێتی کوردی.

سه‌رانی کورد له‌ باشووری وڵات، دوای ساڵانێک له‌ ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ ده‌ست، خۆیان و کوردیشیان به‌ره‌و هه‌وراز و نشێوی جیا جیا بردووه‌. ده‌سه‌ڵاتی کوردی هه‌ڵکشان و داکشانی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه. هه‌روابێته‌وه‌ کاری باش و بێگومان هی خراپیشی کردووه‌. ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌ گله‌یی و گازانده‌کانی خه‌ڵکه‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ین زۆر شت تێده‌گه‌ین. هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری باشوور، ئه‌گه‌ر بیانویستبا و بیانه‌وێ، ده‌یانتوانی و ده‌توانن گه‌لێ وانه‌ و په‌ندی به‌سوود له‌ ڕابردووی خۆیان وه‌رگرتبا و وه‌ربگرن. پارتی و یه‌کێتی و سه‌رکرده‌کانیان له‌ ڕۆژی ئه‌مڕۆدا له‌ به‌رده‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی نوێدان. سندووقه‌کانی ده‌نگدان، ئه‌گه‌ر ڕێزیان لێ بگیرێ و سووکایه‌تیان پێ نه‌کرێ و گه‌مه‌یان ده‌گه‌ڵدا نه‌کرێ، ده‌بن به‌ سه‌نگی مه‌حه‌ک و بڕیارده‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م تاقیکردنه‌وه‌ دیموکراسی و مۆدێرنه‌. کاتێ ده‌ڵێم (ئه‌گه‌ر) مه‌به‌ستی دڵ و ده‌روونم زۆر به‌ ڕوونی و ئاشکرایی ده‌رده‌خه‌م. به‌ واتایه‌کی دیکه‌ پێویست به‌وه‌ ناکات زیاتر درێژه‌ به‌ بابه‌ته‌که‌ بده‌م تا شته‌که‌ ڕوونتر بکه‌مه‌وه‌.

من خۆم وه‌ک کوردێک پشتگیری له‌ هه‌ر هه‌نگاوێک ده‌که‌م که‌ ئامانجی سه‌ره‌کی خزمه‌تکردنی ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌م بێت. هه‌ر کارێک، جا با له‌ ڕێی هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌ بێت، ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و سه‌رلێشێواندنی هاووڵاتییان ئه‌نجام بدرێت، له‌ کۆتاییدا هه‌ر چۆنێ بێ ڕووه‌ دزێو و ناشیرینه‌کانی وه‌ده‌ر ده‌که‌ون. هه‌روه‌ها باوه‌ڕیش ناکه‌م کورد له‌ باشوور، پاش ئه‌م هه‌موو ساڵه‌، ئه‌وه‌نده‌ ساویلکه‌ و نه‌شاره‌زا بن که‌ نه‌توانن ڕه‌ش له‌ سپی جیا بکه‌نه‌وه‌.

شه‌ڕی هه‌ڵبژاردن و بانگاشه‌کردن بۆی، ده‌کرێ به‌ شێوازێکی جوان و دوور له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و چاو لێ سوور کردنه‌وه‌ و ناو زڕاندن و فشه‌هه‌ڵوێست نواندن، به‌ڕێوه‌ ببرێت و ئه‌نجام بدرێت. ئه‌وه‌ی که‌ له‌ کوردستان ده‌بینرێت، به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ جار جگه‌ له‌ هه‌ست بریندارکردنی به‌رامبه‌ر، ته‌نانه‌ت مه‌ترسی ئه‌وه‌شی لێ ده‌کرێت که‌ خوانه‌کا له‌ دیماهیدا کێشه‌ و هه‌رای لێ بکه‌وێته‌وه‌. مرۆڤ ده‌بێ هه‌موو گریمانه‌کان له‌پێش چاو بگرێت، ته‌نیا گریمانی ئه‌وه‌ نه‌بێت که‌ ئه‌نجامه‌ کۆتاییه‌کانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی باشووری کوردستان، نابێ به‌ شێوه‌یه‌ک ڕێیان پێ بدرێ تا ببن به‌هۆی دروستکردنی کێشه‌ و ناخۆشی و کاره‌سات. خوانه‌کا گه‌ر کارێکی وا بقه‌ومێ، ئه‌وا کورد تا بن پیلی زه‌ره‌ر ده‌کات، به‌تایبه‌تی له‌ کاتێکدا که‌ دوژمنانی کورد ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ ژماره‌یان له‌ زیادبووندایه‌. ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ر و به‌ناو دراوسێ و لایه‌نه‌ شۆڤێنییه‌کان هه‌ر هه‌موویان چاویان بڕیوه‌ته‌ داخوازی و داوا ڕه‌واکانی ئه‌م گه‌له‌ و، دیاره‌ به‌ ته‌واوی تواناشیانه‌وه‌ دژایه‌تییان ده‌که‌ن. هه‌ر له‌به‌ر هه‌ندێ زۆر پێویسته‌ کورد و سه‌رانی و ڕێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی ئه‌وڕۆی سه‌ر گۆڕه‌پانی گشت پارچه‌کانی کوردستان گه‌لێ وریا و چاوکراوه‌ بن.

هه‌ڵبژاردن ده‌بێ ببێ به‌ مایه‌ی ده‌ستکه‌وت بۆ خه‌ڵکی کوردستان نه‌ک پێچه‌وانه‌که‌ی. حیزبه‌کان پێویسته‌ باش بزانن هه‌ر کاتێک گه‌ل و نیشتمانیان فه‌رامۆش کرد، گه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ڵبژاردنێکی ناته‌واویشدا شتێ به ده‌ست بخه‌ن، سبه‌ینێ که‌س ئاوڕێکی خێریان لێ ناداته‌وه‌. ئه‌زموون و تاقیکردنه‌وه‌ی وڵاتان ئه‌مه‌یان له‌ زۆر گۆشه‌ی دنیادا سه‌لماندووه‌ و پێویستیش به‌ نموونه‌ هێنانه‌وه‌ ناکات. ڕاسته‌ کوردستان جوداتره‌ و خه‌ڵکیش خاوه‌ن بیر و بۆچوونێکی دیکه‌ن، به‌ڵام فێڵکردن له‌م و له‌و ته‌مه‌نی ئه‌وه‌نده‌ درێژ نابێت و زوو یا دره‌نگ هه‌ر کۆتایی دێت.

سواڵ بۆ ده‌نگ دیارده‌یه‌ک نییه‌ که‌ تایبه‌ت بێت به‌ ته‌نیا وڵاتێک و شوێنێکی دیاریکراو. ئه‌م شته‌ ته‌نانه‌ت له‌ناو گه‌لانی پێشکه‌وتوو و وڵاتانی ئه‌وروپا و گه‌لێ جێی تریشدا ڕوو ده‌دات. کاره‌که‌ چ شووره‌ییه‌کی تێدا نییه‌، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی ڕێک و ڕاست پیاده‌ بکرێت. گه‌لێ جار که‌س و لایه‌ن و حیزبه‌ سیاسییه‌کان که‌ بانگاشه‌ی جۆراوجۆر بۆ خۆیان ده‌که‌ن و، به‌ڵێن و په‌یمانی سه‌وز و چه‌وریش به‌ خه‌ڵک ده‌ده‌ن، بینیومانه‌ هه‌رکه‌ ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ ده‌ست ئه‌وه‌ی که‌ بیری لێ ناکه‌نه‌وه‌ ئه‌و قه‌ول و سۆزانه‌ن که‌ به‌ هاووڵاتییانیان دابوو! له‌ دڵه‌وه‌ هیواخوازین که‌ هه‌ڵبژاردنه‌ چاوه‌ڕوانکراوه‌که‌ی باشووری کوردستان شتێکی وای لێ نه‌که‌وێته‌وه‌.

 

بینراوه‌: 524 | زیادكراوه‌ له‌لایه‌ن: 2Koshan | پله‌دانان: 0.0/0 |
ژماره‌ی تێبینییه‌كان: 0
ته‌نها ئه‌ندامان ده‌توانن تێبینی بنووسن.
[ بوون به‌ئه‌ندام. خۆتۆماركردن | چوونه‌ژووره‌وه ]
شوێنی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌ندامان

ڕۆژمێر و ئه‌رشیف
«  May 2009  »
SuMoTuWeThFrSa
     12
3456789
10111213141516
17181920212223
24252627282930
31

گه‌ڕان

هه‌ندێ پێگه‌ی تر

ئێستا

Total online: 1
Guests: 1
Users: 0


میوانانی سه‌رهێڵ

ژ. سه‌ردان له‌ 20 ی ئازاری 2009 ه‌وه‌
سه‌رجه‌م مافه‌كانی پارێزراوه‌ © 2017
Powered by uCoz