Monday
2017-12-11
4:15 PM
به‌خێربێیت Guest
RSS
 
كۆشان.. سه‌كۆی هه‌مووان
سه‌ره‌كی بوون به‌ئه‌ندام چوونه‌ژووره‌وه
به‌شه‌كان

سه‌ره‌كی » 2009 » May » 14 » " ئاخر ئه‌و مه‌سئووله‌..."
" ئاخر ئه‌و مه‌سئووله‌..."
0:49 AM

  

مه‌هاباد کوردی

ستۆکهۆڵم

mehabadkurdi@hotmail.com

 

براده‌رێکی خۆشه‌ویستم هه‌یه‌ خه‌ڵکی شاری که‌رکووکی کوردستانه‌ و ساڵانێکی زۆره‌ له‌ سوید ده‌ژی. لێتان ناشارمه‌وه‌ ئه‌و ئازیزه‌ی من فڕی به‌سه‌ر جیهانی سیاسه‌ت و ده‌نگوباس و ڕووداوه‌کانه‌وه‌ نییه‌. جاری وا ده‌بێ شتێک ته‌نانه‌ت له‌ خودی شار و وڵاته‌که‌ی خۆی ده‌قه‌ومێ، که‌چی ئه‌و بێئاگایه‌ لێی. هه‌روه‌ها ئه‌م هاوڕێیه‌م که‌ له‌مێژه‌ ده‌یناسم، حه‌زێکی تایبه‌تی هه‌یه‌ بۆ بینینی فیلم، به‌تایبه‌تیش فیلمی میسری. بڕوا بکه‌ن چ فیلمێک نه‌ماوه‌ ئه‌و چاوی پێی نه‌که‌وتبێ. ته‌نانه‌ت گه‌لێ جار که‌ ته‌له‌فۆنیشی بۆ ده‌که‌م، هه‌میشه‌ باسی ئه‌م و ئه‌و فیلمم بۆ ده‌کات.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه هه‌مووشیان، ئه‌م دۆسته‌ شیرینه‌ی من دوو تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه‌ که‌ ناکرێ هه‌روا چاویان لێ بپۆشری، یانیش باسیان نه‌کرێت. به‌ڵێ.. ئه‌و براده‌ره‌ی من له‌ لایه‌که‌وه‌ قه‌ت ناهه‌قی پێ قه‌بووڵ ناکرێت و له‌سه‌ری هه‌ڵده‌داتێ. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ تا بڵێی ڕاستگۆ و ده‌ستپاک و دوور له‌ گرفتی لابه‌لا و کێشه‌نانه‌وه‌یه‌. من خۆم به‌ جاران ئه‌م شتانه‌م به‌ کرده‌وه‌ له‌و بینیوه‌ و، هه‌ر له‌به‌ر هه‌ندێش نه‌متوانی به‌سه‌ریاندا باز بده‌م و لێیان نه‌دوێم.

هه‌فته‌ی ڕابردوو براده‌ره‌که‌م له‌ کوردستان گه‌ڕایه‌وه‌ که‌ بۆ ماوه‌ی 21 ڕۆژ به‌ سه‌ردان له‌وێ بوو. له‌ سه‌ردانه‌که‌یدا زیاتر له‌ که‌رکووکی زێدی باب و باپیرانی خۆی مابۆوه‌. ئه‌م هاووڵاتی و هاوزمان و که‌سه‌ باوه‌ڕپێکراوه‌ی من، له‌ ڕێی فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانییه‌وه‌ گه‌یشتبۆوه‌ نیشتمان. له‌ هاتنه‌وه‌شیدا هه‌ر له‌ هه‌مان فڕۆکه‌خانه‌وه‌ به‌ره‌و سوید به‌ڕێ که‌وتبوو. له‌ باره‌ی ڕه‌وشی کوردستان، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ماوه‌یه‌کیش له‌وێ مابۆوه‌، به‌ڵام چونکه‌ زیاتر له‌ که‌رکووک بوو، زۆر زانیاری لا نه‌بوو. سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی ناوخۆی شاری که‌رکووک و ته‌قینه‌وه‌ تیرۆریستییه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی ناو که‌رکووک، ده‌توانم بڵێم هه‌ندێ شتی پێ بوو. له‌ یه‌ک له‌و ته‌قینه‌وانه‌دا، ئه‌و خۆی و خێزانه‌که‌ی و چه‌ند خزمێکیان، به‌ چاوی خۆیان دیمه‌نه‌ کاره‌ساتاوییه‌که‌یان بینیبوو. لێره‌دا من له‌وه‌ زیاتر درێژه‌ به‌م باسه‌ ناده‌م و پێم باشه‌ یه‌کسه‌ر بچمه‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌که‌. هه‌روه‌ها به‌ نموونه‌ هێنانه‌وه‌ و قسه‌ی خودی براده‌که‌م ناوونیشانی ئه‌م نووسینه‌م لا دروست بووه‌.

ئه‌م هاوڕێیه‌م ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێت:( له‌ کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ماندا هه‌موومان له‌ شوێنی تایبه‌ت به‌ کۆنترۆڵ و کێشانی جانتا و که‌لوپه‌له‌کان، له‌ناو فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانی به‌ڕیز وه‌ستابووین، تاکو کاروباره‌ ئاساییه‌کانی خۆمان پێکبێنین. هه‌ر گه‌شتیارێک مافی ئه‌وه‌ی هه‌بوو که‌ 20 کیلۆ شمه‌ک له‌ناو جانتا گه‌وره‌که‌یدا له‌گه‌ڵ خۆی ببات. ئه‌گه‌ر هه‌ر که‌سێکیش له‌مه‌ زێتری پێ بووایه‌، بێگومان دووچاری پاره‌دان یانیش ده‌رخستنی هه‌ندێ که‌لوپه‌ل ده‌بوو له‌ جانتاکه‌یدا. له‌پێش خۆم کابرایه‌ک که‌ جانتاکه‌یان کێشا 40 کیلۆ ده‌رچوو. کاربه‌ده‌ستان و کارگێڕانی ئه‌م شوێنه‌ ڕێیان به‌و کابرایه‌ نیشان دا، تا بچێ بڕێک له‌ شمه‌که‌کانی له‌ناو جانتاکه‌ی ده‌رخات. کاتێ کابرا هاته‌وه‌، گوایا شتی له‌ناو جانتاکه‌ی ده‌رکردووه‌، به‌ڵام جانتا دوای دووباره‌ کێشانه‌وه‌ دیسان هه‌ر 40 کیلۆ ده‌رچووه‌وه‌! تومه‌ز ئه‌و هه‌ر بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی که‌سانی دیکه‌ی له‌ ڕیز ڕاوه‌ستاو مامه‌ڵه‌یه‌کی وای له‌ته‌کدا کراوه‌، ئه‌گه‌رنا نه‌ کێشی جانتاکه‌ی که‌م کردۆته‌وه‌ و نه‌ سه‌ری خۆیشی به‌ قسه‌ی کارمه‌ندانی ئه‌وێنده‌رێ مژووڵ کردووه‌. به‌هه‌رحاڵ له‌به‌ر چاوی هه‌موومان ئه‌و پیاوه‌ ڕێی پێ درا و بۆ ناو فڕۆکه‌‌ هه‌نگاوی نا. کاتێک نۆره‌ی ئێمه‌ هات، من و خێزانه‌که‌م و 3 منداڵی سه‌رووی 2 ساڵی، مافی خۆمان بوو هه‌تا 100 کیلۆ که‌ره‌سه‌ و شمه‌کمان پێ بێ. لێ به‌داخه‌وه‌ جانتاکانمان دوای کێشانیان 112 کیلۆ ده‌رچوون. کاکی کارمه‌ندی فڕۆکه‌خانه‌ یه‌کسه‌ر هاواری لێ هه‌ستا و گوتی 12 کیلۆ له‌ جانتاکانتان ده‌رخه‌ن! منیش خۆم پێ نه‌گیرا و گوتم کاکه‌ تۆ ئارام به‌! ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ وا ئه‌م کابرایه‌ی پێش ئێمه‌ 20 کیلۆ زێتر شمه‌کی هه‌بوو، که‌چی به‌به‌رچاوی هه‌مووانه‌وه‌ ئیزنتان دا؟! کارمه‌نده‌که‌ به‌ تووڕه‌بوونه‌وه‌ به‌ منی گوت: ئاخر ئه‌و مه‌سئووله‌! منیش له‌و تووڕه‌تر وه‌رامم دایه‌وه‌: ئاخر منیش کوردم! له‌ کۆتاییدا ئه‌وان که‌ تێگه‌یشتن من له‌سه‌ر قسه‌که‌ی خۆم سوور و سوورتر ده‌بم، هه‌ر چۆنێک بوو ڕێیان پێداین بێ ئه‌وه‌ی چ شتێک له‌ جانتاکانمان ده‌رخه‌ین. له‌ناو خودی فڕۆکه‌که‌ش گه‌ڕه‌لاوژێیه‌ک بوو هه‌ر مه‌پرسه‌. فه‌رمانمان پێ درا هه‌ر که‌سه‌ و له‌ شوێنی خۆی دانیشێت، به‌بێ ڕه‌چاوکردنی ژماره‌ی کورسییه‌کانمان! ئافره‌تێک که‌ پێ ده‌چوو نووسه‌ر بێ، پێی گوتم ئێستا زۆر شت له‌ چاو جاران باشتره‌).

خوێنه‌ری هێژا ده‌زانم ئه‌م نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌ر هیچ نییه‌، ئه‌گه‌ر به‌راورد بکرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵکاری و شڕه‌خۆری و خزم خزمانێ و واسته‌کاری و کرده‌وه‌ دزێوانه‌ی که‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له‌ باشوور پێیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن. من خۆم له‌ دڵه‌وه‌ هیوای ئه‌وه‌ ده‌خوازم ڕۆژێک بێ لێپرسراوانی حکوومه‌تی و حیزبی، به‌ کردار نه‌ک به‌ قسه‌، سنوورێک بۆ ئه‌م هه‌موو پێشێلکارییانه‌ دابنێن. مایه‌ی خه‌م و دڵگرانییه‌ که‌ ئێمه‌ زۆر جار کاربه‌ده‌ست و به‌رپرسیارانی کورد له‌ باشوور، له‌سه‌ر ئاستی هه‌ره‌به‌رزیش، ده‌بینین و گوێمان لێیان ده‌بێ کاتێک فشه‌ به‌ ڕه‌خنه‌ی دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ ده‌که‌ن و سمێڵه‌ختکه‌شیان دێتێ. سه‌یر له‌وه‌دایه‌ ئه‌وان ڕێ به‌ خه‌ڵکی دیکه‌ پیشان ده‌ده‌ن و ڕێنماییشیان ده‌که‌ن تا ڕه‌خنه‌ی بنیاتنه‌ر له‌ حکوومه‌ت بگرن، وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆیان ساڵانێک بێ گوێیان بۆ ڕه‌خنه‌ی بنیاتنه‌رانه‌ی ڕه‌خنه‌گرانی دڵسۆز و خه‌مخۆری ئه‌م میلله‌ته‌ شل کردبێ و، گه‌لێ کاری چاکیشیان له‌م بواره‌دا ئه‌نجام دابێ؟؟!!

وه‌ک دیماهی ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم من له‌سه‌ر نه‌بوونی بابه‌تی تر، یان له‌ ئارادا نه‌بوونی پرسی دیکه‌ی جۆراوجۆر له‌مه‌ڕ نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌که‌م په‌کم نه‌که‌وتبوو، تا بێم له‌سه‌ر ڕه‌فتارێکی ڕۆژانه‌ و ئاسایی و دووباره‌ و ده‌باره‌بووه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له‌ باشووری کوردستان هه‌ڵبده‌مێ. ئه‌وه‌ی منی هان دا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ند دێڕانه‌ بنووسم، چۆنێتی مامه‌ڵه‌کردنی کاربه‌ده‌ستانی کورده‌ له‌ باشووری وڵات له‌گه‌ڵ کوردێکی هاوزمانی خۆیان، که‌ ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ تاکو به‌ دیداری وڵات و خزم و هاوڕێ و ئازیزانی خۆی شاد بێته‌وه‌.  

 

بینراوه‌: 534 | زیادكراوه‌ له‌لایه‌ن: 2Koshan | پله‌دانان: 0.0/0 |
ژماره‌ی تێبینییه‌كان: 0
ته‌نها ئه‌ندامان ده‌توانن تێبینی بنووسن.
[ بوون به‌ئه‌ندام. خۆتۆماركردن | چوونه‌ژووره‌وه ]
شوێنی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌ندامان

ڕۆژمێر و ئه‌رشیف
«  May 2009  »
SuMoTuWeThFrSa
     12
3456789
10111213141516
17181920212223
24252627282930
31

گه‌ڕان

هه‌ندێ پێگه‌ی تر

ئێستا

Total online: 1
Guests: 1
Users: 0


میوانانی سه‌رهێڵ

ژ. سه‌ردان له‌ 20 ی ئازاری 2009 ه‌وه‌
سه‌رجه‌م مافه‌كانی پارێزراوه‌ © 2017
Powered by uCoz