Wednesday
2017-10-18
2:55 AM
به‌خێربێیت Guest
RSS
 
كۆشان.. سه‌كۆی هه‌مووان
سه‌ره‌كی بوون به‌ئه‌ندام چوونه‌ژووره‌وه
به‌شه‌كان

سه‌ره‌كی » 2009 » April » 23 » هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاينده‌ و ئه‌ركی پێشڕه‌وه‌كانی ديموكراسيه‌ت/پارچه‌ی دووه‌م
هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاينده‌ و ئه‌ركی پێشڕه‌وه‌كانی ديموكراسيه‌ت/پارچه‌ی دووه‌م
0:04 AM

 

پڕۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زیز قه‌ره‌داغی
  
 
 

فرسه‌تێك بۆ ئۆپۆزيسيۆن


هه‌ڵبه‌ته‌، لاوازیه‌كانی ئه‌دای حكومه‌ت فرسه‌تێكن بۆ ئه‌وه‌ی ئۆپۆزيسيۆن بيانكاته‌ به‌ڵگه‌ بۆ ڕاكێشانی سۆزی خه‌ڵك و وا بكات ده‌نگده‌ره‌كان بير له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ڵته‌رناتيڤ بكه‌نه‌وه‌.  به‌ڵام له‌ ماوه‌ی ڕابوردوودا، چ هێزێكی يه‌كگرتوو به‌ ناوی ئۆپۆزيسيۆن سه‌ری هه‌لنه‌دا.  ئه‌وه‌ی هه‌بوو كۆمه‌ڵێك حيزبی به‌ ڕێژه‌ بچووك بوون و ئه‌وانيش له‌ كابينه‌كاندا (به‌ڵام نه‌ك له‌ ده‌سه‌ڵاتی بڕيارداندا) به‌شدار بوون، بۆيه‌ش هه‌ر نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌كان ڕۆڵی ئۆپۆزيسيۆنيان ده‌ديت

له‌ ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌ی ڕابوردوودا، حيزبه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌‌ڵات و گروپی تری ناو دووحيزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ ده‌ستيان پێكرد كه‌ وه‌ك بزوتنه‌وه‌يه‌كی ئۆپۆزيسيۆن‌ (به‌ڵام به‌ په‌رش و بڵاوی) هه‌ڵوێست بنوێنن.  ئه‌و هێزانه‌ ته‌گه‌ره‌ی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی زۆريان له‌ به‌رده‌مدايه‌ و بۆيان ئاسان نيه‌ به‌ له‌ناكاوی ببنه‌ هێزی ئه‌ڵته‌رناتيڤ‌.  هێشتا هيچ لايه‌نێكی ئۆپۆزيسيۆن نيشانی نه‌داوه‌ كه‌ شێوازی بيركردنه‌وه‌ و سياسه‌تكردن و ڕوانگه‌ی حوكمڕانينان جياواز ده‌بێت.  له‌ كاری ڕۆژانه‌ی ئێستاياندا نه‌يانسه‌لماندوه‌ كه‌وا بايی ئه‌وه‌نده‌ له‌ ناخه‌وه‌ ديموكراتن كه‌ به‌هۆيه‌وه‌ متمانه‌ و ده‌نگی ده‌نگده‌ران وه‌ده‌ست بێنن.  ئه‌زموون و مێژووی هيچ كام لايه‌نی ئۆپۆزيسيۆن نايسه‌لمێنێ كه‌ ئه‌وانيش ده‌سه‌ڵاتیان بۆ خودی ده‌سه‌ڵاتدارێتی وه‌يان پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی تايبه‌ت ناوێ، وه‌ ده‌سه‌لاتيان بۆ ئه‌وه‌ ده‌وێ‌ كه‌ پێشڕ‌‌ه‌وێتی كاروانی پێ بگرنه‌به‌ر و به‌ ئاڕاسته‌ی دواقۆناخی سه‌رفرازی ببه‌ن.  بۆيه‌ ئه‌رك و ته‌حه‌داكانی به‌رده‌م ئۆپۆزيسيۆنه‌كان زۆر له‌ هی ده‌سه‌ڵاتداران مه‌زنترن. ئه‌وانه‌ پێويستيان به‌ بيركردنه‌وه‌ی قووڵ و به‌رنامه‌ی درێژخايه‌ن و پشووی درێژ و په‌يداكردنی به‌ڵگه‌ی دڵنياكه‌ره‌وه‌يه‌‌.  ئه‌و جۆره‌ كه‌مپه‌ينه‌ بۆ ڕازی كردنی توێژه‌جياكانی خه‌ڵك پێويستی به‌ چه‌ندين ساڵی كاركردنه‌ به‌ نه‌هجێكی سه‌رده‌ميانه، وه‌ ته‌نيا به‌ چه‌ند هه‌فته‌يه‌كی كه‌مپه‌ينی هه‌ڵبژاردنێك نايه‌نه‌ دی‌.  بۆيه‌ش جێگای سه‌رسوڕمان نيه‌ كه‌ ده‌سه‌لاتدارانی هه‌رێم ترسی په‌يدابوونی ئۆپۆزيسيۆنی سه‌رتاسه‌ريان لێ په‌يدا نه‌بوو‌ه‌‌ و  به‌لای ده‌نگده‌رانيشه‌وه‌ له‌ ئۆپۆزيسيۆندا هێشتا پێشڕه‌وی سيسته‌می ديموكراسی سه‌ری هه‌ڵنه‌داوه.

 

ته‌نيا ئه‌ڵته‌رناتيڤ‌


ته‌نيا ئه‌ڵته‌رناتيڤ له‌به‌رده‌می خه‌ڵك ئه‌وه‌يه‌ كه‌ خۆی چاره‌نووسی خۆی دياری بكات و له‌ ڕێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات مه‌جبوور بكات كه‌ ڕێگه‌ی ڕيفۆرم بدات وه‌يان هه‌رخۆی بيگرێته‌ به‌ر. به‌بێ هاندان و فشار و مه‌جبووركردن، ڕيفۆرم له‌ سياسه‌تی حيزبی ده‌سه‌لاتدار و تاكڕه‌ودا نايه‌ته‌ كايه‌وه. به‌ڵكو‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌تا ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌وانه‌ به‌تواناتر و حوكمی درێژخايه‌نتر بێت، ئه‌وا باجه‌كه‌ی له‌سه‌ر دۆز و چاره‌نووسی ميلله‌ته‌كه‌ی زياتر ده‌بێت.  ده‌گمه‌نن ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ خاوه‌ن سيسته‌می تاكڕه‌ون و‌ له‌ مه‌ودای ته‌مه‌نياندا ڕوویان به‌ره‌و ڕزين نه‌بووبێت.  ده‌گمه‌نن ئه‌و وڵاتانه‌ی خاوه‌ن سيسته‌می ديموكراسی ياساسه‌روه‌رن و كه‌ له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاتدا ڕوويان به‌ره‌و پێشكه‌وتن نه‌بووبێ.  خۆشبه‌ختانه‌، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌ سڵكه‌ره‌وه‌كانی ده‌سه‌لاتی كوردی، ديموكراسيه‌ت خه‌ريكه‌ له ‌به‌غداوه‌ به‌ره‌وده‌ر ته‌شه‌نه‌ ده‌كات، به‌ڵام چه‌قاندنی له‌ هه‌رێمدا پێويستی به‌ هيممه‌تی ده‌نگده‌رانی هه‌رێمه‌.

ته‌نيا ڕێگا‌ی ‌به‌رده‌می خه‌ڵك ئه‌وه‌يه‌ كه‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌وجاره‌يان به‌ فرسه‌تێكی مێژوويی بزانن و به‌ ته‌وژمی جاری پێشتر به‌ره‌و سندوقه‌كان بچن.  ئه‌گه‌رده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم نايانه‌وێ ئيمڕۆ پێشڕه‌وێتی كاروان بكه‌ن، ئه‌وا بێ گومان ناشيانه‌وێ ڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ ئۆپۆزيسيۆن خۆش بكه‌ن.  بۆيه‌ هێشتا ئومێد هه‌رماوه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌ ڕێگه‌ی پڕۆسه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ مه‌جبوور بكرێ كه‌ شێوازی حوكمڕانی ئێستاكه‌ی بگۆڕێ
 
پڕۆسه‌ی گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی پێويستی به‌ ده‌يان ساڵه‌، به‌ڵام له‌ چركه‌ی ده‌نگدانی ئازاده‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، بۆيه‌ هه‌موو ده‌نگێكی ئازاد زه‌نگێكه‌، په‌يامێكه‌، ده‌سه‌ڵاتێكه‌، و مه‌سئوليه‌تێكه‌ كه‌ له‌ ئه‌ستوی هه‌موو خاوه‌ن ده‌نگێكه‌.  ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو ده‌نگده‌رێكه‌ كه‌ هه‌وڵدات ئازادی ده‌نگه‌گه‌ی له‌ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌سه‌لات بپارێزێ و ڕێگه‌ نه‌دات ده‌نگی به‌فيڕۆ بڕوات. وه‌ ئه‌ركی سه‌رشانی لێژنه‌ی هه‌ڵبژاردن و حكومه‌ت و حيزبه‌كان و ڕۆژنامه‌ نووس و چاودێرانه‌ كه‌ هه‌وڵده‌ن كه‌شی ده‌نگدانی ئازاد و نهێنی زامين كه‌ن.  

 

مۆنۆپۆڵی ده‌سه‌ڵات و سه‌راتاكانی كه‌لێن

تا ئێستا، ده‌سه‌لاتدارانی كوردی توانيويانه‌‌ به‌ چه‌ندين شێوه‌ی ياسايی و ناياسايی به‌ڕ له‌ ژێر پێی ده‌نگده‌ران ده‌ربهێنن و به‌رده‌وامێتی به‌ مولكيه‌تی ده‌سه‌ڵات بده‌ن.  ئه‌وه‌ش وای كردوه‌ كه‌ له‌ خۆیان دڵنيا و له‌خه‌ڵك بێمنه‌ت بن و حيسابێكی شايان بۆ ڕای گشتی خه‌ڵكی هه‌رێم نه‌كه‌ن. ڕژێمی ده‌نگدانی به‌ ليسته‌يان داهێنا تاوه‌كو خه‌ڵكی ده‌نگده‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئيخيتاری له‌به‌رده‌ستدا نه‌بێ.  له‌جياتی ئه‌وه‌ی پارتی و يه‌كێتی بكه‌ونه‌ پێشبڕكێی يه‌كتر و له‌ ئه‌نجامدا يه‌كێكيان ڕۆڵی حكومه‌ت و ئه‌وی تريان ڕۆڵی ئۆپۆزيسيۆن بدينێ، كه‌چی به‌يه‌كه‌وه‌ ليستی داخراويان دروستكرد و له‌ هه‌مان پڕۆسه‌شدا زۆرينه‌ی حيزبه بچووكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌لاتيشيان ڕازی كرد.  دياره‌ كه‌ پارتی و يه‌كێتی به‌نيازن به‌هه‌مان شێوه‌، مۆنۆپۆڵی ده‌سه‌ڵات هه‌تا ئاينده‌يه‌كی دوور و ناديار به‌رده‌وام بكه‌ن.  به‌ڵام سه‌ره‌تاكانی كه‌لێن له‌ سيسته‌مدا خه‌ريكه‌ به‌ده‌ر ده‌كه‌ون.  ده‌نگی ناڕه‌زايی خه‌ڵك ئێستا گه‌يشتۆته‌ ڕاده‌ی هه‌ستپێكراوحيزبه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌لات سه‌ره‌ڕای نه‌گونجانيان و گرفتی ناوه‌كيان، به‌نيازن ئه‌و جاره‌يان به‌ ليستی جيا دابه‌زن.  يه‌كێتیش قڵيشێكی مه‌زنی تێ كه‌وتووه‌ و ليستێكی جياواز وا له‌ هه‌ناويدا سه‌ری هه‌ڵداوه و ته‌حه‌دای ده‌سه‌ڵاته‌كه‌يشی ده‌كات‌.  له‌ ديوی پارتيشدا جۆره‌ نيگه‌رانی و ناڕه‌حه‌تيه‌ك له‌ گه‌شه‌كردنی دۆخه‌كه‌ په‌يدا بووه‌.  هه‌ندێ له‌ حيزبه‌ ئيسلاميه‌كانيش (وه‌ك يه‌كگرتوو) جه‌ماوه‌ر‌يان له‌وناوچانه‌ زۆره‌.  بۆيه‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگده‌رانی ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی فرسه‌تی ده‌نگدانی ئازاديان لێ هه‌ڵكه‌وێ، له‌وانه‌يه‌ ده‌رسێكی مێژوويی ئاراسته‌ی پارتی بكه‌ن

ئه‌و گۆڕانكاريه‌ ناوه‌كيانه‌ی هه‌رێم هاوكاتن له‌گه‌ل زيادبوونی فشاری به‌غدا و واشينگتن له‌سه‌ر هه‌رێمله‌وه‌ده‌چێ پارتی و يه‌كێتی مه‌جبوور بوونه‌ كه‌ له‌ جاران زياتر كار بۆ ديموكراسيه‌تی عيراق و جوانكردنی ڕووكه‌شی ده‌ره‌كی حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ن، و دياره‌ له‌ ئاينده‌شدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن خه‌ڵك دڵنيابكه‌نه‌وه‌ و له‌‌ هه‌مان كاتدا له‌ ميسداقيه‌تی ئۆپۆزيسيۆن كه‌م بكه‌نه‌وه‌.  په‌له‌په‌لی ئه‌و جۆره‌ جموجۆڵه‌ زياتر به‌ يه‌كێتيه‌وه‌ دياره‌، به‌ڵام به‌گوێره‌ی لۆژيك ڕه‌نگه‌ پارتيش مه‌جبوور ‌بێ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ده‌ستپێبكات، و به‌وه‌ش نه‌وه‌ستێ به‌ڵكه‌ له‌ كه‌مپه‌يندا هه‌وڵدات هاوكاری خه‌تی گشتی يه‌كێتیيش بكات.
   
ده‌نگدان و توندوتيژی


له‌گه‌ڵ ده‌ستنيشانكردنی ڕۆژی ده‌نگدان كه‌مپه‌ين و تاوله‌رزی هه‌ڵبژاردن له‌ نێو سياسه‌تمه‌دار و حيزبه‌كان ته‌شه‌نه‌ ده‌كات.  كه‌ڵتوری كوردستان بۆ كه‌مپه‌ينی ڕازيكردنی ده‌نگده‌ران زۆر له‌ هی وڵاته‌ هه‌ژاره‌ ئه‌فريكاييه‌كان ده‌كات.  كه‌ڵتوری ده‌نگكڕين و ده‌نگفرۆشتن و ده‌نگپێدان و ده‌نگسه‌ندن و ده‌نگتۆقاندن و ده‌نگدزين و ده‌نگفڕێدان و ده‌نگبه‌فيڕۆدان و ده‌نگنه‌دان هه‌موويان له‌ ئارادان.  جا ئه‌و كڵتوره‌ له‌ داهێنانی ده‌سه‌ڵاتدا نيه‌، به‌ڵكو هه‌ندێ له‌ سه‌ركرده‌ كۆمه‌ڵايه‌تيه‌كانيش (وه‌ك هه‌ندێ سه‌ركرده‌ی‌ ئايينی و سه‌رۆك عه‌شيره‌ت و سه‌ركرده‌ی حيزبه‌ بچووكه‌كان) به‌شێكن له‌ ياريه‌كه‌ و فرسه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌ك جۆرێك له‌ بيزنيس به‌كار ده‌هێنن.  وه‌ك دياره‌ حيزبه‌ ده‌سه‌لاتدار و سامانداره‌كان توانای مسۆگه‌ركردنی ده‌نگيان له‌و ڕێگايانه‌وه‌ زياتره‌ وه‌ك له‌ ئۆپۆزيسيۆنی بێده‌سه‌لات و كه‌مده‌ره‌امه‌ت.  بۆيه‌ش، جارێ هه‌تا ياسا سه‌روه‌ر نه‌بێ هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان دادپه‌روه‌رانه‌ نابێ

له‌ هه‌رێمدا هێشتا ميكانيزمی هه‌ڵبژاردنی شه‌فاف پێناسه‌ نه‌كراوه‌، چی جای پياده‌ كردنی.  هێشتا كه‌ڵتوری گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ حكومه‌ته‌وه‌ بۆ ئۆپۆزيسيۆن باسی لێ نه‌كراوه‌‌، چی جای جێبه‌جێ كردنی له‌ حاڵه‌تی دۆڕانی پارتی و يه‌كێتی.  ئه‌زموون و مێژووی پارتی و يه‌كێتی وايده‌گه‌يه‌نێ كه‌وا ئاماده‌نين چه‌نگ به‌ ئاسانی و به‌بێ توندوتيژی له‌ ده‌سه‌ڵات هه‌ڵگرن.  مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌وه‌دايه‌ كه‌ ئاستی ناكۆكی و ململانێيه‌كان له‌ سايه‌ی غيابی ده‌ستوور و ياساسه‌روه‌ريدا ڕه‌نگه‌ بگه‌نه‌ ئاستێكی مه‌ترسيدار، و ببنه‌ هۆی ته‌قينه‌وه‌ و په‌يدابوونی توندو تيژی.  كه‌ڵتور و مێژووی سياسه‌تكاری له‌ وڵاتی ئێمه‌شدا دڵنيايیه‌كی ئه‌وتۆ له‌و باره‌يه‌وه‌ نابه‌خشێ، چونكه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ حيزبه‌ كورديه‌كان به‌ سه‌ركرده‌ و بنكرده‌وه‌ چاره‌ی كێشه‌كانیان زياتر به‌ زمانی چه‌ك و بازوو كردوه‌ به‌ر له‌ ئه‌قل و حيكمه‌ت.  له‌ كڵتوری كورده‌واريشدا، برا و برا له‌به‌رامبه‌ر يه‌كتريدا توندوتيژترن و كێشه‌يان به‌ زه‌بری خه‌نجه‌ر چاره‌ ده‌كه‌ن، كه‌چی له‌به‌رامبه‌ر بێگانه‌دا نه‌رموحه‌ليمن و حه‌زده‌كه‌ن وه‌ك خاوه‌ن حيكمه‌ت ڕێزيان لێ بگيرێت.  ئه‌وه‌ش ڕه‌نگی له‌ سياسه‌تی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی كوردی داوه‌ته‌وه‌.  سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌يش، ده‌كرێ هه‌ڵبژاردنی ئاينده‌ له‌وانی تر جياواز بێ.  ‌هه‌تا ئه‌گه‌ر كه‌مپه‌ينيش ناياسيی و ناعاديلانه‌بێ، باهيچ نه‌بێ خودی ده‌نگدانه‌كه‌ عاديلانه‌بێ و به‌ گوێره‌ی ويستی ده‌نگده‌ر(نهێنی ئازاد) بێ.  بۆ ئه‌وه‌ش پێويسته‌ هه‌موو سندوقێكی ده‌نگدان له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان، هه‌ر له‌ چركه‌ی ده‌ستپێكردنی ده‌نگدانه‌وه‌ هه‌تا ژماردنی ده‌نگه‌كان، بكه‌وێته‌ ژێر چاودێری بيلايه‌نان



بینراوه‌: 417 | زیادكراوه‌ له‌لایه‌ن: 2Koshan | پله‌دانان: 0.0/0 |
ژماره‌ی تێبینییه‌كان: 0
ته‌نها ئه‌ندامان ده‌توانن تێبینی بنووسن.
[ بوون به‌ئه‌ندام. خۆتۆماركردن | چوونه‌ژووره‌وه ]
شوێنی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌ندامان

ڕۆژمێر و ئه‌رشیف
«  April 2009  »
SuMoTuWeThFrSa
   1234
567891011
12131415161718
19202122232425
2627282930

گه‌ڕان

هه‌ندێ پێگه‌ی تر

ئێستا

Total online: 1
Guests: 1
Users: 0


میوانانی سه‌رهێڵ

ژ. سه‌ردان له‌ 20 ی ئازاری 2009 ه‌وه‌
سه‌رجه‌م مافه‌كانی پارێزراوه‌ © 2017
Powered by uCoz