Wednesday
2017-10-18
2:59 AM
به‌خێربێیت Guest
RSS
 
كۆشان.. سه‌كۆی هه‌مووان
سه‌ره‌كی بوون به‌ئه‌ندام چوونه‌ژووره‌وه
به‌شه‌كان

سه‌ره‌كی » 2009 » April » 22 » هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاينده‌ و ئه‌ركی پێشڕه‌وه‌كانی ديموكراسيه‌ت/ پارچه‌ی یه‌كه‌‌م
هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاينده‌ و ئه‌ركی پێشڕه‌وه‌كانی ديموكراسيه‌ت/ پارچه‌ی یه‌كه‌‌م
11:56 PM

هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاينده‌ و ئه‌ركی پێشڕه‌وه‌كانی ديموكراسيه‌ت

 

پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

 
 

له‌ ماوه‌ی حوكمڕانی كابينه‌ی پێنجه‌مدا، سه‌ركردايه‌تی يه‌كێتی و پارتی كه‌وتنه‌ به‌رده‌م تاقی كردنه‌وه‌يه‌كی دێرين.  له‌ ساڵی ٢٠٠٦دا نێچيرڤان بارزانی وه‌ك ده‌ستنيشانكراوی سه‌رۆكايه‌تی كابينه‌ی پێنجه‌می حكومه‌تی كوردستان، پڕۆژه‌يه‌كی گه‌شبين و تێروته‌سه‌لی پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان و خه‌ڵكی هه‌رێم كرد.  ئه‌و پڕۆژه‌يه‌ به‌ هه‌موو پێوانه‌يه‌كی سياسی، به‌ڵێنی شۆڕشێك بوو بۆ دامه‌زراندنی بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تی كوردی و ڕازی كردنی چينه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێم.  ده‌سه‌ڵاتی سياسی يه‌كێتی و پارتی پشتگيریه‌كی بێمه‌رجیان خسته‌ دوای به‌رنامه‌‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زيران.  خه‌ڵكی هه‌رێميش به‌ گه‌شبينی و پشوويه‌كی درێژه‌وه‌ چانسیان به‌ حكومه‌ت دا و به‌پێی توانا هاوكاریان كرد.  هاوكات له‌ ڕووی ده‌رامه‌ت و ڕه‌خسانی كه‌شی سياسی‌ عيراقيه‌وه‌، به‌ختی كابينه‌ی پێنجه‌م له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێشتری زياتر بوو. بۆيه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌لای خه‌ڵكه‌وه‌ وابوو كه ئه‌گه‌ر‌ ئه‌و كابينه‌يه‌ به‌ نيه‌تی جيددی خه‌ريكی دابين كردنی ئه‌وله‌ويه‌ته‌كانی هه‌رێم و دامه‌زراندنی دادپه‌روه‌ی كۆمه‌ڵايه‌تی بێ، ئه‌وا هه‌نگاوی مێژوويی به‌ بزوتنه‌وه‌ی ميلله‌تی كوردستان ده‌نێت.  

به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی ئاينده‌، له‌ حكومه‌ت چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه‌ ئاوڕ له‌و چه‌ند ساڵه‌ی ته‌مه‌نی كابينه‌ بداته‌وه‌، و به‌ ڕاشكاوانه‌ و بابه‌تيانه‌ دياری بكات ئايا تا چ ڕاده‌يه‌ك له‌ پڕۆسه‌ی حوكمڕانی و جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی ساڵی ٢٠٠٦دا سه‌ركه‌وتوو بوو؟  ئايا ده‌ستكه‌وت و داهێنان و گۆڕانكاريه‌ ژيانگۆڕه‌كانی كامانه‌ بوون؟  ئايا له‌ داهێنانی كه‌ڵتوری سه‌رده‌ميانه‌ی ئيداره‌‌كردنی وڵات و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و سه‌رفرازكردنی ياسا و كۆنتڕۆلكردنی گه‌نده‌ڵيی  چی قۆناخێكی گرنگي بڕی تاوه‌كو هی تريان له‌سه‌ر بينا بكرێ؟   كاتێ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی كابينه‌ی حكومه‌ت و جێگره‌كانيان ئاوڕ له‌‌ پڕۆژه‌ و بڕياره‌كانیان ده‌ده‌نه‌وه‌، ئايا كاميان به‌ سه‌ركه‌وتن و كاميشيان به‌ فه‌شه‌ل له‌ قه‌له‌م ده‌ده‌ن؟  له‌ كه‌شی ديموكراتيدا وه‌ڵامی ئه‌و جۆره‌ پرسيارانه ده‌بنه‌ بنه‌مايه‌ك بۆ داڕێژتنی مانيفه‌ستۆی حيزبی حاكيم بۆ نوێكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی حوكمڕانی، وه‌ به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ده‌بنه‌ مانيفه‌ستۆی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ئۆپۆزيسيۆن بۆ پێشكه‌شكردنی به‌رنامه‌ی ئه‌ڵته‌رناتيڤ

پرسياری هه‌نووكه‌يی بۆ چاودێر و ده‌نگده‌ران ئه‌وه‌يه‌، ئايا تاچی ڕاده‌يه‌ك ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم (پارتی و يه‌كێتی) پابه‌ندن به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی بێگه‌رد و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسياره‌ ستراتيژيه‌كان و ڕازی كردنی ده‌نگده‌ران؟  ئايا ئۆپۆزيسيۆن له‌ ئه‌رزی واقيعدا له‌ مه‌وقيعێكی سياسی وادايه‌ كه‌ بتوانێ ڕه‌خنه‌ له‌ ئه‌‌دائی حكومه‌ت بگرێ، و ده‌نگ و متمانه‌ی ده‌نگده‌ران بۆ لای خۆی ڕابكێشێ؟  ئايا تا چ ڕاده‌يه‌ك ده‌نگده‌ران پشت به‌ پڕۆسه‌ی هه‌لبژاردن ده‌به‌ستن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزيسيۆن مه‌جبوور بكه‌ن كه‌ گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی له‌ سيسته‌م و بارودۆخی هه‌رێم به‌دی بێنن؟  له‌و وتاره‌دا، مێژووی ئه‌دای حكومه‌ت و باری ئۆپۆزيسيۆن و ئيختياره‌كانی به‌رده‌م خه‌ڵكی هه‌رێم تاوتوێ كراون و پێشنيازی تايبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانيش كراون.

 

 

مێژووی ئه‌دای حكومه‌ته‌كانی پارتی و يه‌كێتی


له‌وه‌ته‌ی هه‌رێم له‌ ڕكێفی سه‌ددام و ڕژێمی تاكڕه‌وانه‌ی بێگانه‌‌ ڕزگاری بووه‌ چه‌ندين فرسه‌تی بۆ ڕه‌خساوه‌ كه‌ ئه‌زموونی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستيانه‌ دووپات نه‌كاته‌وه‌، و سه‌رله‌نوێ بنه‌مای ڕژێمێكی دادپه‌روه‌رانه‌ دابڕێژێ و شێوازی ده‌سه‌ڵاتی ديموكراسيانه‌ی خۆماڵی تاقی بكاته‌وه‌.  كه‌چی، ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردی زوو بۆيان ده‌ركه‌وت كه‌وا بۆشايی ياسايی و شێوازی ڕۆژهه‌ڵاتيانه‌ی حوكمڕانی جۆره‌ به‌هه‌شێتكن‌ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی تايبه‌تبۆيه‌ له‌مه‌ودای چوارده‌ساڵدا هيچ هانده‌ر و فشارێك نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتدارانی لوتكه‌ بێته‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌ و له‌ پڕۆسه‌ی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی ياسا به‌شداری بكه‌ن و خۆيشیان ملكه‌چی ئه‌و ياسايه‌بن كه‌ هه‌رخۆيان دايده‌ڕێژنله‌جياتيان به‌رده‌وامێتيان به‌ كه‌ڵتوری حوكمی ڕۆژهه‌ڵاتيانه‌‌ی تاكپه‌رستانه‌ و كۆنه‌په‌رستانه‌ و گه‌نده‌ڵپارێزانه‌‌ دا، و به‌رده‌وامێتيان به‌ هونه‌ری  براداپڵۆسين و براسڕينه‌وه‌ و براده‌مكوتكردن (و له‌ هه‌ندێ حاڵه‌ت براكوژی) دائيتر به‌ڵگه‌نه‌ويسته‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ حوكمڕانيه‌ ده‌بێته‌ مايه‌ی په‌يدا بوونی ئافه‌تی موزمين و قه‌يرانی يه‌كله‌دوای يه‌‌ك و فه‌شه‌لی حوكمڕانی و لاواز بوونی وڵات به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كی.  له‌ غيابی ديموكراسيه‌ت و ياسادا، سه‌ركرده‌كان بۆيان گونجاوه‌ كه‌ هه‌ڵه‌ له‌دوای هه‌ڵه‌ (جا به‌ هه‌ڵه‌ بێ يان به‌ ئه‌نقه‌ست) بكه‌ن و له‌دواتر به‌بێ لێپرسينه‌وه‌ و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌، به‌رده‌وامبن له‌ سه‌ر هه‌مان نه‌هجی حوكمڕانی

سه‌ركرده‌كان له‌دوای يه‌كگرتنه‌وه‌ی ئيداره‌ی يه‌كێتی و پارتی‌ به‌ڵێنی ڕه‌فتارگۆڕينيان دا، وه‌ دوو لوتكه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات هاتنه‌ ناو حكومه‌ت و بوونه‌ هه‌ڵگری پۆستی سيادی له‌ هه‌رێم و له‌ ناوه‌ندی به‌غدا.  به‌ڵام ئه‌وانه‌ پۆسته‌ سياديه‌كانيان له‌ شانۆی نێوده‌و‌‌ڵه‌تيدا بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌يان و په‌ره‌پێدانی به‌رژه‌وه‌نديه‌كانيان به‌كارهێنا.  له‌ به‌غدا بوونه‌ پێشڕه‌وی ديموكراسيه‌ت، كه‌چی له‌ناوه‌وه‌ی هه‌رێمدا خۆيان له‌ گرفتی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك و له‌ داهێنانی ديموكراسيه‌ت و ده‌وڵه‌تی ياسا دووره‌په‌رێز‌ گرت.  ده‌ره‌نجامی ئه‌و بێخه‌ميه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ په‌رله‌مان و دادگا به‌ نيمچه‌‌ ئيفليجی مانه‌وه،  و پيشه‌ی حكومه‌تيش بووه‌ ته‌سريفكردن و ڕۆژ ژماردن،  به‌شێكی زۆری  داهات و سامانی وڵات و هيممه‌تی خه‌لك به‌فيڕۆ چوون، كۆمه‌ڵگای ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم نه‌يانتوانی به‌گوێره‌ی پێويست به‌شداری له‌ پڕۆسه‌ی دامه‌زرانی وڵاتێكی شارستانی بكه‌ن، و كۆمه‌ڵگای وه‌به‌رهێنانی بيزنيسی ده‌ره‌كيش ئاماده‌ نه‌بوو به‌ ته‌وژمه‌وه‌ بێته‌ هه‌رێمه‌وه‌، و كاريگه‌ری كه‌مپه‌ينی لۆبيكردنی كورديش له‌ شانۆی نێوده‌وڵه‌تيدا سه‌رچاوه‌‌ی گوڕ و مۆڕالی لێ وشك بوو.  دياره‌ كه‌ مه‌ترسی به‌رده‌وامكردنی ئه‌و شێوازه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێم هه‌ڵه‌ و بێ ئه‌نجامه و له‌ چه‌ندين لاوه‌ زه‌ره‌ر له‌ دۆزی هاوبه‌شی هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێم ده‌دات.

له‌ چه‌رخی ئێستادا، كاروانی خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ر و باقی جيهان له‌ پێشبڕكێی قۆناخبڕيندايه‌، كه‌چی كاروانی هه‌رێم نه‌ك ته‌نيا نه‌كه‌وتۆته‌ سه‌ر خه‌ت، به‌ڵكو ئاڕاسته‌ی هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و دواوه‌يه‌.  كه‌س چاوه‌ڕێ ناكات هه‌رێم بهبازێك پێشكه‌وێ و ديموكراسيه‌ت له‌ شه‌وڕۆژێكدا په‌يداببێ، به‌ڵام مايه‌ی نيگه‌رانيه‌ كه‌ ئيمڕۆ كه‌شی سياسی كوردستان زياد له‌ ڕابوردوو ناله‌بار و شلۆقه‌ و مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی ده‌ستكه‌وته‌كانی پێشوو و فرسه‌ته‌كانی داهاتووی پێوه‌يه، كه‌چی هێشتا له‌ كارو ڕه‌فتاری ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا ڕه‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه‌، وه‌ك بڵێی به‌لايانه‌وه‌ بارودۆخ ئاساييه‌.  ڕه‌نگه‌ بڕيارده‌ره‌كان دڵنيابن له‌وه‌ی كه‌ هه‌موو بوارێكی ده‌سه‌ڵات وا له‌ژێر كۆنتڕۆڵدايه‌ و مه‌جالی شله‌ژانی سيسته‌م كه‌مه.  به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ دڵيناييه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵك پشتبه‌ست نيه‌، به‌ڵكو پشتبه‌سته‌ به‌ ده‌زگاكانی كۆنتڕۆڵكردنی جموجۆڵی ئۆپۆزيسيۆن و ده‌ربڕينی ده‌نگی ناڕه‌زايی. ئه‌وه‌يش بۆ خه‌ڵكی خاوه‌ن دۆز و خه‌ڵكی ده‌نگده‌ر نابێته‌ مايه‌ی دڵنياكردنه‌وه‌.

 

توانای ده‌سه‌لات له‌ پێشڕه‌وێتی كاروان

له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا، سه‌ركرده‌ لوتكه‌ييه‌كانی حيزبه‌كان ده‌بنه‌ سيمبۆڵ، و خه‌ڵكی ده‌نگده‌ر حيسابی پێشڕه‌وی وڵاتسازيان بۆ ده‌كات.  خه‌ڵك له‌ سه‌ر بنه‌مای مێژوو و ئه‌زموون و به‌جێگه‌ياندنی به‌لێنی پێشتريان بڕوا به‌ به‌ڵێنی نوێيان ده‌كات.  ئايا له‌نێو ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان كێ بايی ئه‌وه‌نده‌ خه‌مخۆری بارودۆخه‌ و ده‌توانێ جيا له‌ سه‌ركرده‌كانی تری حيزبه‌كه‌ی متمانه‌ی پێشڕه‌وێتی كاروان له‌ ده‌نگده‌ران وه‌ربگرێ؟       
هه‌ڵبه‌ته‌، زۆرن ئه‌وانه‌ی له‌ناوه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتدا درك به‌ هه‌ڵچوونی كه‌ش ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه‌من ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ مه‌وقيعی ده‌سه‌لاته‌وه‌ ئاماده‌ن به‌ پێچه‌وانه‌ی شه‌پۆڵی سه‌ركرده‌لوتكه‌ييه‌كان مه‌له‌ بكه‌ن و ڕێگه له‌ هۆكار وده‌ره‌نجامه‌ مه‌ترسيداره‌كانی شلۆقيه‌كه‌‌ بگرن.  شۆڕشی گۆڕانكاری له‌ هه‌رێمدا پێويستی به‌ سه‌دان و بگره‌ هه‌زاران پێشڕه‌وی مه‌يدانی هه‌يه‌ كه‌ هه‌ريه‌كه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵات و له‌ نێو كۆمه‌ڵگای خۆيه‌وه‌ به‌شداری له‌ وڵاتسازی ديموكراسی بكا.   دياره‌ كه‌ گرفت و ته‌گه‌ره‌ی هه‌ره‌مه‌زن له‌وه‌دايه‌ كه‌ هێشتا دوو لوتكه‌كه‌ی چه‌قی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و يه‌كێتی قه‌ناعه‌تيان به‌و مه‌ترسيانه‌ نه‌هێناوه‌، و قۆڵيان لێ هه‌ڵنه‌كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێشڕه‌وێتی له‌ پڕۆسه‌ی ڕيفۆرم و داهێنانی ياساسه‌روه‌ری و دادوه‌ری كۆمه‌ڵايه‌تی بكه‌ن.  بۆيه‌ش ده‌سه‌لاتداره‌كانی ژێر لوتكه‌ توانای سه‌رده‌رهێنيان نيه‌

بێ گومان، ڕيفۆرمی‌ سيسته‌م له‌ به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی وڵات و ميلله‌تدايه‌، و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خودی ئه‌و ده‌سه‌لاتدارانه‌ دايه‌ كه‌ خۆيان به‌ خاوه‌نی وڵات و به‌شێكی دانه‌بڕاو له‌ ميلله‌ت ده‌زانن.  له‌ سه‌رده‌می بۆشايی ياساييدا، ده‌سه‌لاتدارانی كورتبين خه‌ريكی په‌يداكردنی سامانی زۆر و خێران، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی دووربين (واته‌ پێشڕه‌وه‌كان) به‌رژه‌وه‌ندی تايبه‌تی خۆيان له‌ چوارچێوه‌ی ياسای وڵاتێكی سه‌رفراز و ئازاده‌وه ده‌پارێزن.  به‌ڵام به‌گشتی، هێشتا ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردی ئه‌سيری سياسه‌تی كۆنه‌ مه‌دره‌سه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستن و له‌ په‌نای ئيديعای مه‌ترسيه‌ ده‌ره‌كيه‌كاندا بڕياری به‌رده‌وامكردنی شێوازی حوكمڕانی كۆنيان داوه‌.  ئه‌وان هێشتا به‌ به‌ڵگه‌وه‌ نيشانيان نه‌داوه‌ كه‌ نياز و نيه‌تی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و داهێنانی ديموكراسيه‌ت و دامه‌زرانی بنه‌مای وڵاتێكی مۆدێرنيان هه‌يه‌هه‌ڵبه‌ته‌، به‌ چاولێكه‌ری ئه‌وانيشه‌وه‌، زۆرينه‌ی لێپرسراوه‌كانی تری ناو هه‌ڕ‌‌ه‌می حوكمڕانی زياتر خه‌ريكی به‌رجه‌سته‌كردنی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی تايبه‌تن و ئاماده‌ نين ببنه‌ قۆچی قوربانی ڕيفۆرم.  بۆيه‌ش جارێ له‌ ئاستی ده‌سه‌ڵاتدا كه‌س به‌ كاری جيدی خۆی له‌ چاكسازی و ياساسه‌روه‌ری و داهێنانی ديموكراسیه‌ت نه‌كردۆته‌ ساحێب، و به‌وپێيه‌ش به‌لای ده‌نگده‌رانه‌وه‌ هێشتا كاروان‌ به‌بێ پێشڕه‌وێكی ده‌سه‌لاتدار ماوه‌ته‌وه‌

بینراوه‌: 446 | زیادكراوه‌ له‌لایه‌ن: 2Koshan | پله‌دانان: 0.0/0 |
ژماره‌ی تێبینییه‌كان: 0
ته‌نها ئه‌ندامان ده‌توانن تێبینی بنووسن.
[ بوون به‌ئه‌ندام. خۆتۆماركردن | چوونه‌ژووره‌وه ]
شوێنی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌ندامان

ڕۆژمێر و ئه‌رشیف
«  April 2009  »
SuMoTuWeThFrSa
   1234
567891011
12131415161718
19202122232425
2627282930

گه‌ڕان

هه‌ندێ پێگه‌ی تر

ئێستا

Total online: 1
Guests: 1
Users: 0


میوانانی سه‌رهێڵ

ژ. سه‌ردان له‌ 20 ی ئازاری 2009 ه‌وه‌
سه‌رجه‌م مافه‌كانی پارێزراوه‌ © 2017
Powered by uCoz