Wednesday
2017-10-18
2:51 AM
به‌خێربێیت Guest
RSS
 
كۆشان.. سه‌كۆی هه‌مووان
سه‌ره‌كی بوون به‌ئه‌ندام چوونه‌ژووره‌وه
به‌شه‌كان

سه‌ره‌كی » 2009 » April » 15 » چاکسازی ده‌بێ له‌ ناخی مرۆڤه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت
چاکسازی ده‌بێ له‌ ناخی مرۆڤه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت
0:36 AM

مه‌هاباد کوردی

ستۆکهۆڵم 

mehabadkurdi@hotmail.com

 

 
 

له‌سه‌ر پرسی چاکسازی له‌ کوردستاندا تا ئێستا گه‌لێ شت نووسراوه‌ و گوتراوه‌. ڕۆژ نییه‌ لێره‌ و له‌وێ بابه‌تی هه‌مه‌جۆرمان به‌ر چاو نه‌که‌وێ که‌ له‌مه‌ڕ مه‌سه‌له‌ی چاکسازی نووسراون. هه‌روه‌ها زۆر که‌س و لایه‌ن سه‌باره‌ت به‌ چاکسازی و شته‌ گرێدراوه‌کان به‌م بابه‌ته‌وه‌ قسه‌ و بیر و ڕای خۆیان  درکاندووه‌. ته‌نانه‌ت که‌سه‌ هه‌ره‌ گه‌نده‌ڵ و بچم ناشیرین و ڕه‌زاگرانه‌کانی خودی ده‌سه‌ڵاتیش له‌م باره‌یه‌وه‌ لێدوان و ئاخاوتنیان داوه‌ و، به‌ جۆرێک له‌ جۆران بۆچوونی خۆیانیان ئاشکرا کردووه‌. هه‌ندێ که‌سی سه‌ر به‌ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان وه‌ک هه‌میشه‌ ناو و ناتۆره‌شیان بۆ ئه‌و لایه‌ن و مرۆڤه‌ خه‌مخۆرانه‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌، که‌ ته‌نیا له‌به‌ر بیرکردنه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان نه‌وه‌ک شتێکی تر ده‌ستیان داوه‌ته‌ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ چۆنێتی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی کوردی و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو حیزب.

من پێموایه‌ پێش ئه‌وه‌ی باس له‌ چاکسازی و بنبڕکردنی گه‌نده‌ڵی و دیارده‌ دزێو و ناشیرینه‌کانی دیکه‌ی ناو کۆمه‌ڵگا بکرێت، زۆر پێویسته‌ ئه‌م پرسی چاکسازییه‌ له‌ تاکه‌کانه‌وه‌، له‌ ناخی مرۆڤه‌کان خۆیانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت و له‌وێوه‌ ده‌ست پێبکات. ئاخر یه‌کێک که‌ خۆی چاکساز نه‌بێت و چ بڕوایه‌کیشی به‌ چاکسازیی خۆیی نه‌بێت، چۆن ده‌توانێت یا شه‌رم ناکات باس له‌ چاکسازی بکات و ڕێوشوێن بۆ خه‌ڵک و که‌سانی تر دابنێت و ئامۆژگاریشیان بکات. هه‌ر کارێک که‌ بنچینه‌ و بناغه‌که‌ی له‌ خوده‌وه‌ ده‌ست پێنه‌کات و جاری یه‌که‌م به‌سه‌ر خۆدا پیاده‌ نه‌کرێت، ئاسانیش نییه‌ تۆ بێی به‌سه‌ر خه‌ڵک و لایه‌نانی جودا جودای دیکه‌دا بیسه‌پێنیت و مه‌رجی جۆراوجۆریشیان بۆ ڕیز بکه‌یت. که‌سێ که‌ خۆی په‌رێزی پاک نه‌بێت، که‌ی ڕه‌وایه‌ باس له‌ خراپی و پیسێتی ئه‌وانی تر بکات؟

هه‌موومان له‌ دوور و نزیکه‌وه‌ ئاگامان له‌ ڕه‌وشی باشووری کوردستانه‌ و ده‌زانین تا چ ڕادده‌یه‌ک ده‌سه‌ڵاتداران که‌وتوونه‌ته‌ به‌ر لێشاوی ڕه‌خنه‌ و لۆمه‌ی خه‌ڵک. پرسیاری گرنگیش لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ داخوا خودی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد، تا چه‌ند پله‌ و  چ ئاستێک، وه‌رامده‌ره‌وه‌ و جێبه‌جێکه‌ری ڕه‌خنه‌ و داوا و خواسته‌کانی جه‌ماوه‌ر بوونه‌ و ده‌بن؟ ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ڕه‌خنه‌ی توند و فشاری به‌رده‌وامی خه‌ڵک و به‌ پله‌ی یه‌که‌میش به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان نه‌بووایه، ڕه‌نگه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ که‌مانه‌شیان نه‌هاویشتبایه‌ که‌ تا هه‌نووکه‌ ئه‌نجامیان داون. ئه‌مه‌ ڕاستییه‌که‌ و هه‌ر هه‌موومان ده‌یبینین و هه‌ستی پێ ده‌که‌ین.

زۆر جار له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌کان ئه‌وه‌مان به‌ر چاو ده‌که‌وێت که‌ له‌ فڵان وه‌ز‌اره‌ت فڵان به‌رپرسیار که‌سێکی گه‌نده‌ڵ و خراپه‌کاره‌. هه‌ر دیسان داوا له‌ جه‌نابی وه‌زیر ده‌کرێت که‌ لێپرسینه‌وه‌ و به‌دواداچوون له‌مه‌ڕ ئه‌م بابه‌ته‌دا بکات و که‌سی ناوهاتووش له‌ کار وه‌ده‌ر بخات. تا ئێستا گه‌لێ جار من و تۆ ئه‌م جۆره‌ هه‌واڵانه‌مان بینیوه‌ و نه‌فره‌تیشمان له‌ به‌رپرس و وه‌زیری خه‌منه‌خۆری کورد کردووه‌. جێی داخه‌ ئه‌م پرسه‌ هه‌ر له‌ شوێنی خۆی و به‌ چوار ده‌وره‌ی خۆیشیدا سووڕاوه‌ته‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی چ ئاوڕێکی خه‌مخۆرانه‌ و دڵسۆزانه‌ی لێ درابێته‌وه‌. دڵنیاشم له‌ هه‌ر وه‌زاره‌تێکدا، له‌ هه‌ر دام و ده‌زگایه‌کدا که‌ مۆرکی حیزبی و ده‌سه‌ڵاتخوازی نه‌ک کوردایه‌تی و کوردستانییان پێوه‌ دیاره‌، یه‌ک کاربه‌ده‌ستی گه‌نده‌ڵ نا به‌ ده‌یانیان تێدایه‌. دیاره‌ که‌سه‌ هه‌ره‌ به‌رچاو و زێده‌ شڕه‌خۆر و ڕه‌زاگرانه‌کان له‌وانی دیکه‌ جوانتر خویا ده‌بن.

هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک که‌ سه‌ره‌ گه‌وره‌کانی سه‌ره‌خۆر و گه‌نده‌ڵ و له‌ بنه‌ڕه‌تیشدا چاکساز و خێرخواز نه‌بوون، ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نییه‌ له‌ نێوان شه‌و و ڕۆژێکدا گۆڕانی خێرا و چاک و به‌رچاویان به‌سه‌ردا بێت و جێی هیوا و خۆشی و ڕه‌زامه‌ندی هاووڵاتییانیش بن. سه‌یر له‌وه‌دایه‌ له‌م کوردستانه‌ی ئێمه‌دا سه‌رکرده‌ی وامان هه‌یه‌ که‌ خۆی ئه‌گه‌ر دیکتاتۆریش نه‌بێت چی له‌و که‌متر نییه‌، که‌چی دێت و باس له‌ شتێک ده‌کات که‌ له‌ هه‌ر بنچینه‌دا باوه‌ڕی پێ نه‌بووه‌ و نییه‌. یه‌کێک که‌ ڕێز له‌ ڕای جیاواز و به‌رامبه‌ره‌که‌ی و ئازادییه‌ تاکه‌که‌سییه‌کان و هیوا و ئامانجه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ و گران نه‌گرێت، هه‌ر نازانم چۆن له‌ ڕووی دێت قسان بکات و ده‌م له‌ چاکسازی و شتی تریش بدات. به‌ڕاستی ئه‌مه‌ هه‌بێ و نه‌بێ جۆرێکه‌ له‌ فریودانی خه‌ڵک و سووکایه‌تی پێکردنیان نه‌وه‌ک شتێکی دیکه‌. ئه‌گه‌رنا که‌س هه‌یه‌ نه‌زانێ چاکسازی چییه‌ و چۆنه‌ و بۆ ده‌بێ ئه‌نجام بدرێت؟

چاکسازی ئه‌گه‌ر مه‌به‌سته‌که‌ی خزمه‌تکردنی هاووڵاتییان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ چاره‌نووسساز و باڵاکانی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان بێت، بێگومان که‌س له‌ دژی نییه‌ و با به‌ شێوه‌یه‌کی ڕاست و دروست و بێ پێچ و په‌ناش ئه‌نجام بدرێت.  به‌ڵام کاتێک که‌ شته‌که‌ له‌به‌ر خاتری چاوی ڕه‌شی فڵان سه‌رکرده‌ و هێشتنه‌وه‌ی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی و ده‌سه‌ڵات و فراوانخوازی و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبایه‌تی و تاکه‌که‌سییه‌وه‌ بێت، دیاره‌ وه‌ها به‌ناو چاکسازییه‌ک هه‌ر له‌ ڕه‌گه‌وه‌ به‌ مردوو حسێبه‌ و هیوای ژیانیشی لێ ناکرێت. به‌ واتایه‌کی تر چاکسازی و هه‌نگاوه‌ خێرا و به‌په‌له‌کان ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی سه‌ره‌کییان چاکترکردن و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵک نه‌بێت، ئه‌وا له‌ بارێکی وادا شتێک له‌ ئارادا نابێت تا ناوی لێ بنرێت چاکسازی. کارێکی ئاوه‌ها پێش ئه‌وه‌ی به‌ چاکسازی ناو ببرێت، خۆی له‌ خۆیدا هه‌وڵدانێکی ترسنۆکانه‌ و له‌رزۆکانه‌ی  ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان له‌ ده‌سه‌ڵات و زیاتریش بنپێکردن و پێشێلکردنی مافه‌کانی هاووڵاتییان. نموونه‌ی له‌و جۆره‌ له‌ شوێنگه‌لی جیا جیای دنیادا تاقیکراوه‌ته‌و و له‌ کۆتاییشدا تا بن پیلی زه‌ره‌ری هێناوه‌. ئه‌م شێوازی فه‌رمانڕه‌واییکردنه‌ زه‌ره‌ر و زیانی زۆری بۆ دانیشتووانی ئه‌و وڵاتانه‌ بووه‌ که‌ وه‌ها تاقیکردنه‌وه‌ و ئه‌زموونێکیان به‌خۆوه‌ بینیوه‌. بێگومان سه‌رانی کورد گه‌لێ باشتر له‌ من و تۆ ئاگایان له‌م جۆره‌ تاقیکردنه‌وه‌ تاڵ و ئه‌زموونه‌ زیانبه‌خش و ماڵوێرانکه‌رانه‌ هه‌یه‌ که‌ هه‌ندێ له‌ وڵاتان پێیانه‌وه‌ ناڵاندووه‌ و ده‌ناڵێنن. ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی به‌په‌له‌ له‌ ڕابردوو و ئێستای کوردستانی له‌مه‌ڕ خۆمان و سیاسه‌تی داگیرکه‌ران و هه‌نگاوه‌ نامرۆڤانه‌ و دڕنده‌کانیان له‌ به‌رامبه‌ر ڕۆڵه‌کانی ئه‌م گه‌له‌ و داخوازییه‌ ڕه‌واکانیان، زۆر شتی به‌سوود به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت و چه‌ندین بیرۆکه‌شی لا دروست ده‌کات.

من خۆم وه‌ک کوردێک ده‌ستخۆشی له‌ هه‌نگاوی هه‌ر که‌س و لایه‌نێک ده‌که‌م که‌ به‌ نیازی پاک و دڵی سافه‌وه ده‌ینێن له‌ پێناو خزمه‌تکردنی گه‌له‌که‌مان. بێگومان هیوای سه‌رکه‌وتنیشیان بۆ ده‌خوازم. به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتیشدا دژایه‌تی خۆم ده‌رده‌بڕم له‌ به‌رامبه‌ر شتێک که‌ له‌ژێر ناوی ساخته‌ و کورد هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ردا ناوی لێ بنرێت چاکسازی. وه‌ک پێشتریش گوتم چاکسازی پێویسته‌ له‌ ناخی مرۆڤه‌وه‌، له‌ قووڵایی دڵ و ده‌روونییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت و گه‌شه‌ بکات. سه‌رکرده‌کانی کورد و ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوور جارێ با له‌ ناخی خۆیانه‌وه‌، له‌ زه‌ین و مێشک و بیرکردنه‌وه‌یاندا چاکسازی پێکبێنن، ئینجا هه‌نگاوی دوورتر بنێن و ڕێنمایی ئه‌م و ئه‌ویش بکه‌ن.

 

بینراوه‌: 433 | زیادكراوه‌ له‌لایه‌ن: 2Koshan | پله‌دانان: 0.0/0 |
ژماره‌ی تێبینییه‌كان: 0
ته‌نها ئه‌ندامان ده‌توانن تێبینی بنووسن.
[ بوون به‌ئه‌ندام. خۆتۆماركردن | چوونه‌ژووره‌وه ]
شوێنی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌ندامان

ڕۆژمێر و ئه‌رشیف
«  April 2009  »
SuMoTuWeThFrSa
   1234
567891011
12131415161718
19202122232425
2627282930

گه‌ڕان

هه‌ندێ پێگه‌ی تر

ئێستا

Total online: 1
Guests: 1
Users: 0


میوانانی سه‌رهێڵ

ژ. سه‌ردان له‌ 20 ی ئازاری 2009 ه‌وه‌
سه‌رجه‌م مافه‌كانی پارێزراوه‌ © 2017
Powered by uCoz