Thursday
2017-11-23
10:06 AM
به‌خێربێیت Guest
RSS
 
كۆشان.. سه‌كۆی هه‌مووان
سه‌ره‌كی بوون به‌ئه‌ندام چوونه‌ژووره‌وه
به‌شه‌كان

سه‌ره‌كی » 2009 » April » 10 » كورته‌یه‌ك له‌باره‌ى تیورى قه‌یرانى ئابوورى له‌لاى ماركس/ به‌شى دووه‌م
كورته‌یه‌ك له‌باره‌ى تیورى قه‌یرانى ئابوورى له‌لاى ماركس/ به‌شى دووه‌م
11:44 AM
 

یاساى مه‌یلى دابه‌زینى تێكرِایى قازانج

 

خه‌سره‌و سایه‌

Saya.xasraw@yahoo.co.uk

 

له‌به‌شى یه‌كه‌مى ئه‌م ووتاره‌دا ئاماژه‌یه‌كى خێرامان به‌تیورى ورِه‌خنه‌ى ماركس له‌ئابوورى سه‌رمایه‌دارى داو به‌جیاكردنه‌وه‌ى "سامان" له‌"داهات" شێوازى چه‌وسانه‌وه‌ى كرێكارانمان له‌سیسته‌مى سه‌رمایه‌داریدا خسته‌رِوو، هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كى كورتیش ئه‌و چه‌مكانه‌مان باسكرد كه‌بۆ تێگه‌یشتن له‌تیورى قه‌یرانى ئابوورى له‌لاى ماركس پێویستن.

 

له‌م به‌شه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین رِاسته‌وخۆ بچینه‌ سه‌ر ده‌زگاى تیورى قه‌یرانى ئابوورى لاى ماركس.  به‌لام له‌سه‌رتاى ئه‌م به‌شه‌دا ده‌بآ ئه‌وه‌ بڵێین كه‌قه‌یرانى ئابوورى زاده‌ى خودى به‌رهه‌مهێنانى سه‌رمایه‌دارىیه‌و خاسیه‌تێكى زاتى و لێك جیانه‌بوه‌وه‌یه‌تى. ئه‌مه‌ به‌ومانایه‌یه‌ كه‌ناكۆكیه‌كانى خۆدى ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌پرِۆسه‌ى به‌رهه‌مهێناندا وله‌رِه‌وتى كه‌ڵه‌كه‌و گه‌شه‌ى سه‌رمایه‌داریدا قه‌یرانه‌ ئابوورىیه‌كان به‌رهه‌مدێنآ. ماركس له‌مباره‌وه‌ ئه‌و حوكمه‌ ساده‌یه‌ ده‌خاته‌رِوو كه‌ده‌ڵێت" سه‌رمایه‌ له‌رِه‌وتى خوَیداو به‌درێژایى هێل له‌سه‌ر حوكمى - وه‌گه‌رِخستنى كه‌مترین ئاست له‌سه‌رمایه‌ له‌پێناو زۆرترین قازانجدا- رِاوه‌ستاوه‌"،  ئه‌مه‌ش بنه‌ماى ململانى و كێشمه‌كێشى نێوان كار و سه‌رمایه‌یه‌و به‌پێویست مونافه‌سه‌ى نێوان سه‌رمایه‌كان دێنێته‌كایه‌وه‌ و به‌رده‌وامیش توندى ده‌كاته‌وه‌. كه‌دیاره‌ له‌م مونافه‌سه‌یه‌شدا هه‌ر سه‌رمایه‌یه‌ك نه‌توانىَ ده‌ستى به‌رِێژه‌یه‌كى زیاتر له‌قازانج رِابگات وبه‌میزانێكى تایبه‌ته‌وه‌ له‌كێشمه‌ كێشه‌كانى بازارِدا سه‌رده‌ربهێنىَ دووچارى قه‌یران و شكست ده‌بىَ. ماركس هاوكات په‌نجه‌ له‌سه‌ر ئه‌و رِاستیه‌ داده‌نىَ كه‌"سه‌رمایه‌ شێوازێكى به‌رهه‌مهێنان بۆخۆى قۆرغده‌كات كه‌پێشتر به‌هۆیه‌وه‌ گه‌شه‌ى سه‌ندووه‌، به‌لام خودى خۆى له‌به‌رده‌م ئه‌و شێوازه‌ له‌به‌رهه‌مهێناندا ده‌بێته‌ رِێگر. به‌تایبه‌تى كه‌ناكۆكى نێوان چه‌ق به‌ستنى ئامرِازه‌كانى به‌رهه‌مهێنان له‌لایه‌ك و سروشتى كۆمه‌لایه‌تى هێزى كار له‌لایه‌كىتره‌وه‌ به‌ئه‌نجامێك ده‌گات كه‌پێكه‌وه‌ مانه‌وه‌یان له‌چوارچێوه‌ى رِژێمى سه‌رمایه‌داریدا ناگونجىَ و سه‌ره‌نجام ده‌بىَ ئه‌م قاڵبه‌ بدرِێنآَ".

 

به‌لام ماركس هه‌موو ئه‌م بۆچوونانه‌ى خۆى له‌قاڵبى چ تیوریه‌كدا، سه‌باره‌ت به‌قه‌یرانى ئابوورى دارِشتۆته‌وه‌؟  به‌واتایه‌كىتر ده‌زگاى تیورى ئه‌و له‌ناسینه‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌ى قه‌یرانى ئابووریدا چییه‌و چۆن كاركرده‌كانى ده‌رده‌كه‌وێت؟

 

جه‌وهه‌رى تیورى قه‌یرانى ئابوورى له‌لاى ماركس له‌دۆزینه‌وه‌ى یاساى "دابه‌زینى مه‌یلى تێكرِایى قازانج له‌گشت سه‌رمایه‌ى كۆمه‌لایه‌تیدایه‌". ئه‌مه‌ چۆن و چون ئه‌م یاسایه‌، ئابوورى سه‌رمایه‌دارى به‌ره‌و قه‌یران پاڵ پێوه‌ ده‌نآ؟

له‌پێشه‌وه‌ ئاماژه‌مان به‌وه‌دا كه‌رِاكردن به‌دواى قازانج و كه‌ڵه‌كه‌ى هه‌رچى زۆرترى رِێژه‌ى زیده‌بایى یاسا وحوكمێكى  بنه‌رِه‌تىیه‌ له‌شێوازى به‌رهه‌مهێنانى سه‌رمایه‌داریدا و هه‌رسه‌رمایه‌یه‌ك نه‌توانىَ له‌پرۆسه‌ى كه‌ڵه‌كه‌بوون و چه‌ق به‌ستن و خۆ زۆركردندا ئه‌م ئامانجه‌ به‌ده‌ست بهێنىَ ئه‌وا توشى شكست و قه‌یران ده‌بێت، به‌لام سه‌رمایه‌ له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى تێكرِایى به‌رزى قازانجدا به‌ناچار پێویستى به‌بره‌وپێدان وپێشخستنى هێزه‌كانى به‌رهه‌مهێنان هه‌یه‌، تاله‌م رِێگایه‌وه‌ ماوه‌ى تێچووى كارى كۆمه‌لایه‌تى بۆ به‌رهه‌مهێنانى كالاكان له‌لایه‌ك كه‌م بكاته‌وه‌ و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ ده‌ورانى به‌رهه‌مهێنانیان خێراوخێراتر بكاته‌وه‌ و قه‌واره‌ى به‌رهه‌مهێنانیان چه‌ندان وچه‌ندان بكاته‌وه‌. بۆئه‌مه‌ش سه‌رمایه‌ ناچاره‌ به‌رِاكێشان وبه‌كارهێنانى به‌رده‌وامى ئامرِازو مه‌كینه‌ وته‌كنۆلۆژیاى پێشكه‌وتوو بۆ نێو مه‌یدانى به‌رهه‌مهێنانى كۆمه‌لایه‌تى. كه‌دیاره‌ سه‌رئه‌نجامى هه‌ر هه‌وڵێك بۆ دابینكردنى ئامرازو ته‌كنۆلۆژیاى پێشكه‌وتوو به‌كه‌ڵه‌كه‌كردن وبردنه‌ سه‌ره‌وه‌ى رِێژه‌ى سه‌رمایه‌ى نه‌گۆر (كه‌ده‌خرێته‌ خزمه‌تى كرِینى ئامرِاز وته‌كنۆلۆژیاى پێشكه‌وتووه‌وه‌) له‌ئاست به‌رهه‌مهێنانى كۆمه‌لایه‌تیدا ته‌واو ده‌بێت وبه‌مه‌ش پێكهاتى ئۆرگانیكى سه‌رمایه‌ به‌شێوه‌یه‌كى لاسه‌نگ له‌چاو سه‌رمایه‌ى گۆرِدراودا (كه‌بۆكرِینى هێزى كارى كرێكار به‌ركاردێت) به‌رده‌وام ده‌باته‌ سه‌ره‌وه‌. به‌چوونه‌ سه‌ره‌وه‌ى پێكهاتى ئۆرگانیكى سه‌رمایه‌ ناكۆكیه‌كى چارهه‌ڵنه‌گر سه‌رده‌ردێنىَ: ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌سه‌رمایه‌ له‌لایه‌ك پێویستى به‌ئامرِاز وته‌كنۆلۆژیاى پێشكه‌وتوو هه‌یه‌، به‌لام له‌ولاشه‌وه‌ وله‌گه‌ڵ به‌كارهێنانى هه‌رئاستێك له‌ته‌كنۆلۆژیاى پێشكه‌وتوودا پێویستى بۆ وه‌گه‌رِ خستنى هێزى كارى كرێكاران كه‌م ده‌بێته‌وه‌. لێره‌دایه‌ كه‌په‌ره‌سه‌ندنى هێزه‌كانى به‌رهه‌مهێنان له‌سیسته‌مى سه‌رمایه‌داریدا خۆى ده‌بێته‌ رِێگرێك له‌به‌رده‌م كه‌ڵه‌كه‌ى زیاترى سه‌رمایه‌دا.

 

به‌واتایه‌كى تر سه‌رمایه‌دارى له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنى ته‌كنۆلۆژیا و هاتنه‌كایه‌وه‌ى ئامرِازى به‌رهه‌مهێنانى مۆدێرن، پێكهاتى ئۆرگانی له‌گشت سه‌رمایه‌ى كۆمه‌لایه‌تىدا ده‌باته‌ سه‌ره‌وه‌، یانى رِێژه‌ى سه‌رمایه‌ى نه‌گۆرِ له‌چاو سه‌رمایه‌ى گۆرِدراودا به‌ئاستێكى نامه‌وزون ده‌باته‌ سه‌روه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌قازانج سه‌رچاوه‌كه‌ى له‌سه‌رمایه‌ى گۆرِدراوه‌وه‌ دێت (یانى ئه‌وبه‌شه‌ له‌سه‌رمایه‌ كه‌ بۆ كرِین وبه‌گه‌رِخستنى هێزىكارى كرێكاران ته‌رخان ده‌كرىَ)، نه‌ك له‌ئامرِازه‌كان و ته‌كنۆلۆژیاوه‌. وه‌له‌گه‌ڵ هاتنه‌خواره‌وه‌ى رِێژه‌ى قازانج هۆكارى به‌رده‌وامى به‌رهه‌مهێنان له‌رِژێمى سه‌رمایه‌داریدا كزده‌بىَ و سه‌رمایه‌ له‌په‌ره‌سه‌ندن ده‌كه‌وآ ونیشانه‌كانى قه‌یران وه‌ك نه‌خۆشیه‌ك سه‌رده‌ردێنىَ. نه‌خۆشییه‌ك كه‌ده‌ركه‌وت ونیشانه‌ ئابوورى وكۆمه‌لایه‌تییه‌كانى خۆى له‌شكڵى جۆراوجۆردا نیشانده‌دات. له‌وانه‌ قه‌یرانى دارایى، كه‌سادى بازارِ هه‌لاوسانى نرخ و ته‌نگ بوونه‌وه‌ى بازارِ، كه‌مى سه‌رمایه‌و كه‌ڵه‌كه‌بوونى كالاى جیماو(نه‌فرۆشراو).

له‌مباره‌وه‌ ماركس له‌كتێبى سه‌رمایه‌دا، به‌رگى سێهه‌م، بۆ شیكردنه‌وه‌ى یاساى مه‌یلى دابه‌زینى تیگرَایى قازانج، چه‌ند هاوكێشه‌یه‌كى ماتماتیكى دێنیته‌ ئاراوه‌، كه‌سه‌ره‌كى ترینیان به‌مجۆره‌ى خواره‌وه‌ داده‌رِێژآ:

 تێكرِایى قازانج =      زیده‌بایى       

          سه‌رمایه‌ى نه‌گۆرِ +  سه‌رمایه‌ى گۆرِاو        

 

هاوكێشه‌ى1

                     

 

به‌پىَى ئه‌م ئه‌هاوكێشه‌یه‌ تێكرِایى قازانجى گشت سه‌رمایه‌ى به‌گه‌رِخراو، (یانى سه‌رمایه‌یه‌ى گۆرِدراو كه‌ بۆكرِینى ئامرازه‌كانى و پێداویستىیه‌كانى به‌رهه‌مهێنان به‌كاربراون زائید سه‌رمایه‌ى گۆرِدراو كه‌بۆ كرِین و وه‌گه‌رِخستنى هێزى كارى كرێكاران خه‌رج كراوه‌)، یه‌كسانه‌ به‌دابه‌شكردنى گشت زیده‌بایىیه‌كى به‌رهه‌مهاتوو له‌پرۆسه‌ى به‌رهه‌مهێناندا. ئه‌گه‌ر ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كى حسابى له‌تاك سه‌رمایه‌یه‌كدا به‌نمونه‌ وه‌ربگرین و گریمانه‌ى ئه‌وه‌بكه‌ین كه‌سه‌رمایه‌دارێك 200 هه‌زار دۆلار به‌شێوه‌ى سه‌رمایه‌ى نه‌گۆرِ ده‌خاته‌ وه‌به‌رهینانى كالایه‌كه‌وه‌ - بۆنمونه‌ مانیفاكتۆرێكى پارچه‌چنین- و هاوكات  100 هه‌زار دۆلارىتر بۆ وه‌گه‌ر خستنى 1000 كرێكار، به‌شێوه‌ى سه‌رمایه‌ى گۆرِاو ده‌خاته‌كاره‌كه‌یه‌وه‌، به‌م جۆره‌ش كۆى سه‌رمایه‌ى وه‌گه‌رخاوه‌كه‌ى یه‌كسانه‌ به‌ 200 + 100 كه‌ ده‌كاته‌ 300 هه‌زار دۆلار. خۆ ئه‌گه‌ر بۆئه‌م حاڵه‌ته‌ رِێژه‌ى چه‌وسانه‌وه‌ى ئه‌م 1000 كرێكاره‌ له‌سه‌دا سه‌د گریمانه‌ بكه‌ین ئه‌وا تێكرِایى قازانجى هه‌موو سه‌رمایه‌ى به‌گه‌رِ خراوه‌كه‌ یه‌كسان ده‌بىَ به‌ یه‌ك له‌سه‌ر سآ، هه‌روه‌ك له‌م نمونه‌یه‌دا به‌رچاوده‌كه‌وێت:                              

 

تێكرِایى قازانج =       100$  100    1       

          200 $ + 100$         300    3       

به‌لام ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌م سه‌رمایه‌داره‌ مانیفاكتۆره‌كه‌ى بگۆرِىَ به‌ ته‌كنۆلۆژیاى هاوچارخ و سآ جار برِى سه‌رمایه‌ى نه‌گۆرِ له‌چاو حاڵه‌تى سه‌ره‌وه‌دا بخاته‌گه‌رِ، یانى ئه‌م جاره‌یان 600 هه‌زار دۆلار بخاته‌كاره‌ نوآیه‌كه‌یه‌وه‌ و هاوكات 200 هه‌زارى تر بۆ وه‌گه‌رِخستنى دوو ئه‌وه‌نده‌ى ترى كریكار به‌كاربهێنى، یانى 2000 كرێكار بخاته‌كاره‌كه‌یه‌وه‌، وه‌ هاوكات به‌رِێژه‌ى چه‌وسانه‌وه‌ى له‌سه‌داسه‌د سود وه‌رگرآ ئه‌وكات ده‌بینین تێكرِایى قازانج له‌كۆى گشت سه‌رمایه‌ى وه‌گه‌رِخراودا كه‌م بۆته‌وه‌ بۆ یه‌ك له‌سه‌ر چوار، هه‌روه‌ك له‌خواره‌وه‌دا خۆى نیشانداوه‌:

 

تێكرَایى قازانج =       200$  200    1       

          600 $ + 200$         800    4       

له‌م نمونه‌یه‌ى سه‌ره‌وه‌دا به‌رِۆشنى دیاره‌ كه‌زیده‌بایى به‌دواى وه‌گه‌رِخستنى ته‌كنۆلۆژیاى نویدا زیادى كردووه‌، ته‌نانه‌ت رِێژه‌ى وه‌به‌ركارخستنى كرێكاران له‌ هه‌زاره‌وه‌ بووه‌ به‌دوو هه‌زار، به‌لام له‌ولاشه‌وه‌ ده‌بینین كه‌چوونه‌سه‌رى ئه‌م رِێژانه‌ له‌چاو رِێژه‌ى چوونه‌ سه‌ره‌وه‌ى سه‌رمایه‌ى نه‌گۆرِدا كه‌سآ هێنده‌ بۆته‌وه‌، كه‌متره‌، چونكه‌ ته‌كنۆلۆژیاى نوىَ شوێنى رِێژه‌ى كرێكارانى گرتۆته‌وه‌ وسه‌رمایه‌دار پێویستى به‌بردنه‌سه‌ره‌وه‌ى هه‌مان رِێژه‌ نییه‌ كه‌له‌به‌شى ته‌كنۆلۆژیادا ده‌ستى بۆبردووه‌. وه‌كو ووتیشمان كه‌سه‌رچاوه‌ى قازانج و زیده‌بایى له‌ ئامرِازه‌كان وته‌كنۆلۆژیاوه‌ نایه‌ت به‌ڵكو له‌وه‌گه‌رِخستن و چه‌وسانه‌وه‌ى هێزى كارى كرێكاراندایه‌. ئه‌مه‌ ئه‌و ناهاوسه‌نگىیه‌یه‌ كه‌سه‌رمایه‌ له‌پرِۆسه‌ى گه‌شه‌پێدانى هێزه‌كانى به‌رهه‌مهێناندا ده‌یباته‌ پێشه‌وه‌ و سه‌ره‌نجام له‌گه‌ڵ مه‌یلى هاتنه‌ خواره‌وه‌ى تێكرِایى قازانج به‌ره‌و رِووی ده‌كاته‌وه‌.

 

به‌لام ئه‌مه‌ ته‌نها یه‌ك نمونه‌یه‌ له‌وه‌گه‌رِكه‌وتنى تاك سه‌رمایه‌یه‌كدا، كه‌دیاره‌ پرۆسه‌كه‌ له‌گشت سه‌رمایه‌ى كۆمه‌لایه‌تیدا ئاڵۆزو ئاڵۆزترده‌بێته‌وه‌. له‌لایه‌كىتریشه‌وه‌ ده‌بىَ ئه‌وه‌بڵێین كه‌یاساى مه‌یلى دابه‌زینى تێكرِایى قازانج هاوكێشه‌یه‌كى جه‌برى و ماتماتیكى نییه‌ و رِاسته‌وخۆ له‌په‌یوه‌ند به‌ پرِۆسه‌یه‌كى كۆمه‌لایه‌تى وئابوورىیه‌وه‌ ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌. ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ى كه‌ دابه‌زینى تێكرِایى قازانجى سه‌رمایه‌ له‌گشت سه‌رمایه‌ى كۆمه‌لایه‌تیدا حاڵه‌تى دابه‌زینى شێنه‌یى و پله‌ به‌پله‌یى نییه‌ كه‌سه‌رنجام به‌كه‌م بوونه‌وه‌ى تێكرِایى قازانج قه‌یرانه‌ ئابووریه‌كان له‌به‌رهه‌مهێنانى سه‌رمایه‌داریدا بخوڵقێنىَ، به‌ڵكو كاركردى یاساى مه‌یلى تێكرِایى قازانج ناوبه‌ناوه‌ و له‌و حاڵه‌تانه‌شدا قه‌یرانه‌كان به‌دواى خۆیدا دێنآ كه‌به‌كرده‌وه‌ له‌گشت سه‌رمایه‌ى كۆمه‌لایه‌تیدا مۆرى خۆى داكوتاوه‌ و تواناى چوونه‌سه‌ره‌وه‌ى زۆرترى له‌چاو كه‌ڵه‌كه‌و چه‌ق به‌ستنى سه‌رمایه‌دا لێبرِاوه‌ و بووراى له‌به‌رده‌م دابه‌ستراوه‌. تێگه‌یشتن له‌م واقعیه‌ته‌ تێگه‌یشتنه‌ له‌سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانه‌ ئابوورىیه‌ نۆبه‌تییه‌كان، كه‌هه‌ر 50 ساڵ وه‌یا 20 و 10 ساڵ له‌ئه‌نجامى گه‌شه‌ى ته‌كنۆلۆژیاو چه‌ق به‌ستن و كه‌ڵه‌كه‌بوونى له‌رِاده‌به‌ده‌رى سه‌رمایه‌ى نه‌گۆرِ له‌چاو ئاستى وه‌گه‌رِخستنى هیزى كاردا، یانى سه‌رمایه‌ى گۆرِدراو، قه‌یرانه‌ ئابوورىیه‌كانى سه‌رمایه‌دارى تۆمارده‌كات.

 

به‌لام كار به‌وه‌نده‌وه‌ ناوه‌ستىَ، به‌تایبه‌تى كه‌ ئابوورى سه‌رمایه‌دارى تواناى  په‌ره‌سه‌ندنى ئارام و هاوسه‌نگى سه‌رمایه‌ى نییه‌ و به‌شێوه‌یه‌كى بابه‌تیانه‌ رِووبه‌رووى ناكۆكیه‌كى گه‌وره‌یه‌ كاتێك كه‌ هێزه‌كانى به‌رهه‌مهێنان بره‌و پێده‌دات، به‌ناچار ده‌كه‌وێته‌ نێو ئانارشیزمى به‌رهه‌مهێنان و تێكه‌ولێكه‌ ومونافه‌سه‌ى بازارِه‌وه‌، ئه‌مه‌ وه‌ك خسڵه‌تێكى جیانه‌بوه‌وه‌ی، به‌رهه‌مهێنانى به‌ها وزیده‌بایى. لێره‌شدا شێوه‌ى لادان و ته‌زیر دێنێته‌كایه‌وه‌. بازارِى بۆرس و مامه‌ڵه‌ى نه‌برِاوه‌ى ئه‌وراقى پشتیوانه‌یى و سه‌هه‌مه‌ بانكییه‌كان سنورێكى بىَپایانیان بۆپه‌یداده‌بآ. ماركس ئه‌مجۆره‌ له‌سه‌رمایه‌ به‌سه‌رمایه‌ى نادیار(وه‌یا سوه‌رى) ناولىَده‌نىَ، كه‌ژماره‌ى خه‌یاڵى له‌خۆ ده‌گرى، به‌بىَ ئه‌وه‌ى هیچ به‌هایه‌كى واقعی هه‌بێت كه‌چى له‌بازارِى بۆرسدا تادێت زۆرترو زۆرترده‌بىَته‌وه‌، تاده‌گاته‌ ئه‌وه‌ى هه‌ره‌مێكى سه‌ره‌وخوار وخه‌یاڵى له‌بانكه‌كاندا داده‌مه‌زرێنىَ. به‌لام ئه‌م زۆرو زۆربوونه‌ له‌ژماره‌ى دراوى سه‌ركاغه‌ز زۆرنابات له‌بنه‌وه‌ هه‌ره‌س دێنىَ، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌له‌"قایرانى دارایى" ئه‌مرۆدا خۆى نیشانداوه‌..

 

هاوكات ماركس به‌سه‌رنجدان له‌یاساى مه‌یلى دابه‌زینى تێكرِایى قازانج واوه‌تر ده‌چێت و كاركرده‌كانى ئه‌م یاسایه‌ به‌میلێكى جولاو له‌نێوان به‌رزبوونه‌وه‌ و دابه‌زیندا ده‌شوبهێنىَ و لێره‌شه‌وه‌ باس له‌و هۆكارانه‌ ده‌كات كه‌به‌ده‌ست سه‌رمایه‌و سه‌رمایه‌دارانه‌وه‌یه‌ بۆ ده‌ربازكردنى سه‌رمایه‌كانیان له‌گێژاوى دابه‌زینى تێكرِایى قازانج كه‌به‌هۆى هێنانه‌ كایه‌وه‌ى ئامراز وته‌كنۆلۆژیاى پێشكه‌وتووه‌ وه‌ گیرۆده‌ى ده‌بێت. هه‌ربۆیه‌ پێمان ده‌ڵێت كه‌كاركردى ئه‌م یاسایه‌ شێوازێكى ده‌وره‌یى و به‌كرده‌وه‌ ده‌رهاتنى هه‌یه‌ و هه‌ردابه‌زینێك به‌پێویست به‌قه‌یرانى ئابوورى ناگات. به‌واتایه‌كى تر ماركس له‌تیورى خۆیدا بۆقه‌یرانى ئابوورى سه‌رمایه‌دارى جگه‌له‌وه‌ى باس له‌رِه‌وت وپرِۆسه‌یه‌كى واقعى وزانستى له‌سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانه‌ ئابوورىیه‌كاندا ده‌كات هاوكات هۆكاره‌ ناكام كه‌ره‌وه‌كانیشى دێنێته‌ نێو باسه‌وه‌. به‌مجۆره‌ ده‌كرىَ بڵێین یاساى مه‌یلى دابه‌زینى تێكرِایى قازانج یاسایه‌كه‌ بۆ لێكدانه‌وه‌ى جه‌وهه‌رى قه‌یران و هۆكاره‌ ناكامكه‌ره‌وه‌كانى. ئه‌و هۆكارانه‌ى كه‌ بنه‌ماى سیاسه‌تى ئابوورى ده‌وڵه‌ت وسه‌رمایه‌داران له‌سه‌رده‌مى قه‌یرانى ئابووریه‌كاندا پێكدێنىَ، كه‌به‌گشتى رِووى له‌كۆمه‌ڵه‌ هه‌نگاویكن بۆداشكانه‌وه‌ى ئه‌نجامى قه‌یران به‌سه‌ر چینى كرێكارو كۆمه‌ڵگادا. كه‌بێگومان له‌سیاسه‌تى شه‌رو جه‌نگ به‌رپاكردنه‌وه‌ تا دابه‌شكردنه‌وه‌ى جیهان و په‌لاماردانى ئاستى بژێوى كریكاران و كۆمه‌لانى خه‌ڵك ده‌گرێته‌ خۆى و به‌دوایدا ده‌وره‌یه‌ك له‌هه‌ژارى و نه‌دارى و ته‌نانه‌ت زه‌مینه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى شۆرِش و رِاپه‌رینه‌ شارییه‌كان دێنێته‌كایه‌وه‌..

 

بینراوه‌: 496 | زیادكراوه‌ له‌لایه‌ن: 2Koshan | پله‌دانان: 0.0/0 |
ژماره‌ی تێبینییه‌كان: 0
ته‌نها ئه‌ندامان ده‌توانن تێبینی بنووسن.
[ بوون به‌ئه‌ندام. خۆتۆماركردن | چوونه‌ژووره‌وه ]
شوێنی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌ندامان

ڕۆژمێر و ئه‌رشیف
«  April 2009  »
SuMoTuWeThFrSa
   1234
567891011
12131415161718
19202122232425
2627282930

گه‌ڕان

هه‌ندێ پێگه‌ی تر

ئێستا

Total online: 1
Guests: 1
Users: 0


میوانانی سه‌رهێڵ

ژ. سه‌ردان له‌ 20 ی ئازاری 2009 ه‌وه‌
سه‌رجه‌م مافه‌كانی پارێزراوه‌ © 2017
Powered by uCoz