Wednesday
2018-01-24
2:38 PM
به‌خێربێیت Guest
RSS
 
كۆشان.. سه‌كۆی هه‌مووان
سه‌ره‌كی بوون به‌ئه‌ندام چوونه‌ژووره‌وه
نووسینه‌كانی كۆشان عه‌لی و ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌سه‌ری نووسراوه‌ »
به‌شه‌كان
بابه‌ته‌كانی كۆشان عه‌لی [33]
ئه‌م به‌شه‌ تایبه‌ته‌ به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی كۆشان عه‌لی
له‌سه‌ر كۆشان علی و گه‌نجان نوسراوه [4]
به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ هه‌ربابه‌تێك وه‌رده‌گرین كه‌ ده‌رباره‌ی كۆشان عه‌لی بنووسرێت و جگه‌ له‌وه‌ی له‌ پێگه‌كه‌ماندا بۆی بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌م به‌شه‌شدا ئه‌رشیفی ده‌كه‌ین..

به‌شه‌كان

سه‌ره‌كی » 2009 » April » 4 » له‌ (ئه‌نتى به‌ختیار عه‌لى)یه‌وه‌، به‌ره‌و (به‌ختیار)ێكى نوێ/پارچه‌ی دووه‌م و كۆتایی
له‌ (ئه‌نتى به‌ختیار عه‌لى)یه‌وه‌، به‌ره‌و (به‌ختیار)ێكى نوێ/پارچه‌ی دووه‌م و كۆتایی
12:12 PM
ئه‌ودیوى  رِه‌هه‌ند!
 
 

یه‌كێ له‌ هۆكاره‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانى ئه‌وه‌ى كه‌ رِه‌هه‌ند وه‌كو پرِۆژه‌یه‌كى نوێ و جیددى ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌پێش رِه‌هه‌نده‌وه‌ هیچ پرِۆژه‌یه‌كى له‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوو.. هه‌میشه‌ شته‌ نوێیه‌كان به‌ جیددى سه‌یر ده‌كرێن، ناو بانگ و شوێنى خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا. ئه‌وه‌ى رِه‌هه‌ندیش به‌هه‌مان شێوه‌. ئه‌گینا (ئێستا) چه‌ندین قه‌ڵه‌مى جیددى هه‌ن، چه‌ندین رِۆژنامه‌و گۆڤارى جیددى هه‌ن, به‌ڵام كه‌ ئه‌وان ناوبانگ ده‌رناكه‌ن یان ئه‌وه‌ى وه‌كو شتێكى نمونه‌یه‌یى له‌ كۆمه‌ڵگادا سه‌یر ناكرێن، مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌و فیكرو پاشخانه‌ى كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت: (تۆ كه‌ پارتى بوویت ئیتر تا ئه‌مریت ده‌بێ هه‌ر ئه‌وبیت، ئه‌گه‌ر یه‌كێتى بوویت هه‌روا، یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ و بزوتنه‌وه‌ بویت هه‌روا.....) ئێمه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ر له‌دایك ده‌بین چه‌ندین تێرِوانین ده‌چه‌سپێنین یان بۆمان ده‌چه‌سپێنن و لێى لاناده‌ین، ئێمه‌ كه‌ رِه‌هه‌ندمان قبوڵ كرد وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ لامان كه‌ كوفرێكى گه‌وره‌ بكه‌ین ئه‌گه‌ر رِۆژێ له‌رِۆژان بڵێن رِه‌هه‌ند یان رِه‌هه‌ندیه‌كان هه‌ڵه‌یان كرد، ئه‌مه‌ خۆى له‌خۆیدا دۆزه‌خێكى مه‌عریفى خوڵقاندووه‌.. ئه‌مه‌ به‌شێكى له‌ كلتورى به‌عسیزم، به‌ موقه‌دده‌س سه‌یركردنى (ناو) و (شه‌خس) و (وێنه‌)، رِه‌گێكى زۆر ترسناكى به‌عسیزمه‌ كه‌ تائێستاش به‌سه‌ر فیكرو دونیابینى ئێمه‌دا زاڵه‌.. هه‌موو شتێ به‌ موقه‌دده‌س سه‌یربكرێت، ناشێت و نه‌بووه‌ كه‌ پرِۆژه‌ى رِۆشنبیرى و فیكرى، به‌تایبه‌ت پرِۆژه‌ى رِه‌خنه‌یى، به‌ موقه‌دده‌س سه‌یربكرێت..

 

رِه‌هه‌ند وه‌كو دین!

یه‌كێ له‌ ئیشكالیه‌ته‌ گه‌وره‌كان و ئه‌و بنه‌رِه‌ته‌ى رِه‌هه‌ندى له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ كاركردنه‌ له‌سه‌ر ئیستاتیكا به‌شێوازێكى تر. بۆنمونه‌ كاتێك به‌ختیار عه‌لى وتارێك له‌سه‌ر ئه‌نفال، شه‌هید.... ئه‌نوسێت ئه‌وه‌نده‌ى كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌كات ئیستاتیكاو جوانكارى تێدا بكات، ئه‌وه‌نده‌ كار له‌سه‌ر به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌ ناكات! ته‌نانه‌ت براى به‌رِێزم كاك مه‌ریوان ئه‌وكاته‌ى وه‌ڵامى منى دایه‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌شی یه‌كه‌مى وتاره‌كه‌ى ته‌رخان كردبوو بۆ ئه‌و سیحره‌.. له‌شوێنى به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌، به‌كارهێنانى ئیستاتیكا، ئه‌وه‌نده‌ى ئیشى وتاربێژێك یا كه‌سێكى عاتیفىیه‌، ئه‌وه‌نده‌ ئیشى رِۆشنبیرو به‌تایبه‌ت رِۆشنبیرى رِه‌خنه‌یى نیه‌..

له‌رِاستیدا به‌رِێزت كه‌سێكى ئه‌دیبیت ئه‌توانیت بگه‌یته‌ هه‌مان پله‌ى به‌ختیار عه‌لى، به‌مه‌رجێ خوێنه‌ر چه‌واشه‌ بكه‌یت، له‌شوێنى به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌ وتارێكى جه‌مالى بۆبنوسیت، به‌لاغه‌ت ئیستیغلال بكه‌ت، ئه‌م كارانه‌ هه‌ر مرۆڤێكى ئاسایى ئه‌توانێ بیكات.. به‌ڵام رِه‌هه‌ندیه‌كان بۆیه‌ زیاتر كار له‌سه‌ر ئه‌م میتۆده‌ ده‌كه‌ن چونكه‌ ئه‌وان وه‌كو وتم پله‌یه‌كى موقه‌دده‌سیان له‌كۆمه‌ڵگادا بۆخۆیان دروست كردووه‌و ئیتر هه‌موو هه‌وڵێكیان (هه‌ندێكجار) له‌شوێنى ئه‌وه‌ى بۆ كارێكى جیددى بێت هه‌وڵه‌ بۆ پاراستنى ئه‌و موقه‌دده‌سیه‌ته‌ى خۆیان (ئیدى هه‌رچۆن و به‌هه‌ر شێوازێك بێت).. بۆیه‌ ئه‌وكاته‌ى له‌فیكردا كورت ده‌هێنن هه‌وڵده‌ده‌ن به‌ جه‌مالیات وئیستاتیكا، خوێنه‌ریان رِازى بكه‌ن، شكستیان ده‌رنه‌كه‌وێت، وه‌ (مه‌حجوب) نه‌بن!! لێره‌وه‌یه‌ رِه‌هه‌ند وه‌كو (دینێكى مونحه‌ریف) ده‌رئه‌كه‌وێت و كار له‌سه‌ر (خورافه‌) ده‌كات..

 

په‌نابردنه‌ به‌ر ئه‌ده‌بیات! 

رِه‌هه‌ندیه‌كان ماوه‌یه‌ك ده‌بێت شتێكى نوێیان نیه‌ بۆ ووتن (ئه‌و كه‌سه‌ى ته‌رجه‌مه‌ى فیكر ئه‌كات له‌شوێنى ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مى بهێنێت، كه‌متر تواناى به‌رده‌وامى و واقیعى بوونى هه‌یه‌).. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و شكسته‌وه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌وان ئێستا كارى له‌سه‌ر ئه‌كه‌ن ته‌نیا (ئه‌ده‌بیات)ه‌. په‌نابردنه‌ به‌ر ئه‌ده‌بیات (كه‌ به‌سه‌ره‌كى له‌كاره‌كانى كاك به‌ختیاردا ده‌بینرێت) دواهه‌وڵى ئه‌وانه‌ بۆ مانه‌وه‌یان. بڵاوكردنه‌وه‌ى رِۆمانێكى چه‌ند سه‌د لاپه‌رِه‌یى سه‌رچاوه‌كه‌ى له‌وێوه‌یه‌ كه‌ ئیدى ده‌رفه‌تێك نه‌ماوه‌ بۆ كارى نوێ (له‌بوارى فیكردا). به‌رِێزتان كه‌ سه‌رسام ئه‌بن به‌دیار كاره‌كانى به‌ختیار عه‌لیه‌وه‌ ناهه‌قیتان ناگرم، ئیدى ئه‌و ئیشێكى كردووه‌ كه‌ شایه‌نى خوێندنه‌وه‌ بێت. به‌ڵام من له‌وه‌ سه‌رسام چه‌ندین نوسین و وتارو لێكۆڵینه‌وه‌و رِه‌خنه‌ له‌ كاره‌كانى ئه‌و برایه‌ گیراوه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌و وه‌ڵامێكى رِوونى نه‌بووه‌!! هه‌موو ئه‌و سیفه‌تانه‌ى كه‌ داوتانه‌ته‌ پاڵ به‌ختیار منیش له‌گه‌ڵیدام، به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووى سه‌ره‌نجامى ئه‌و شكسته‌ قووڵه‌یه‌ كه‌ هه‌ر خۆیان له‌دیوه‌ شاراوه‌كه‌ى ئاگادارن، ئیدى كۆمه‌ڵگا چاوى كراوه‌ته‌وه‌، مرۆڤه‌ موته‌رجیمه‌كان زۆربوون، بۆیه‌ نوسینى جیددى ئه‌وانیش به‌دى ناكرێت.

          به‌رِێزتان هه‌ندێ شتى سه‌یرتان نووسیوه‌ له‌باره‌ى به‌ختیار عه‌لىیه‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ مرۆڤ دۆستى ئه‌و نوسه‌ره‌ گه‌وره‌و، ئه‌و ستراتیژه‌ى ئه‌و كارى له‌سه‌ر ده‌كات، كه‌ به‌گوته‌ى ئێوه‌ مرۆڤێكى ته‌نها هى یه‌ك لایه‌ن و یه‌ك تێرِوانینى دیاریكراو نیه‌، به‌ڵكو هى هه‌مووانه‌، لام سه‌یربوو كه‌ به‌رِێزتان ئه‌مه‌تان نووسیووه‌. چونكه‌ له‌رِاستیدا ئه‌مه‌ كارى هه‌ر ئه‌دیبێكى رِاسته‌قینه‌یه‌ كه‌ (مرۆڤ دۆست و بێ لایه‌ن و رِاستگۆو....هتد) بێت له‌كارو به‌رهه‌مه‌كانیدا.. ئه‌وه‌نده‌ى من تێگه‌یشتبم له‌ ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌ت رِۆمان و شیعر، زۆربه‌ى كات دوارِێگاكانى به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌و ئاشت بوونه‌وه‌ى مرۆڤه‌كان ئه‌ده‌به‌، دواجار رِۆمانێك له‌سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌وڵانه‌ قوتارمان ده‌كات، كه‌ ده‌یه‌وێت ژیانمان لێبكات به‌ شوێنى فرۆشتنه‌وه‌ى فیكره‌كان به‌یه‌كترو، دابه‌شكردنى مرۆڤه‌كان بۆچه‌ندین به‌ره‌و، دروست كردنى چه‌ندین سنوورى خه‌یاڵى كه‌ له‌دواجاردا ته‌نها مه‌به‌ست لێى به‌ دۆزه‌خ كردنى ئه‌م ژیانه‌یه‌.. ئیتر كاك په‌یوه‌ند، ئه‌گه‌ر به‌ختیار عه‌لى له‌ رِۆمانێكدا دژ به‌م ژیانه‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌ى ئێمه‌ نه‌وه‌ستێته‌وه‌، ئیدى ئه‌ركى ئه‌و له‌م وڵاته‌دا چىیه‌ وه‌كو رِۆمان نووسێك؟! ژیان و وڵاتى ئێمه‌، به‌هه‌موو ئاسته‌كانیه‌وه‌، به‌هه‌موو بواره‌كانیه‌وه‌ پرِیه‌تى له‌ ناعه‌داله‌تى و بێ سه‌روبه‌ره‌یى، كه‌ نه‌ك به‌ دوو یان سێ رِۆمانى چه‌ند سه‌د لاپه‌رِه‌یى، به‌ڵكو به‌ ده‌یان رِۆمانى وه‌كو (تاوان و سزا)ى (دۆستۆیۆفسكى) ناتوانرێ ته‌واوى سیماى ئه‌م وڵاته‌ بخرێته‌رِوو..

 

ئه‌وه‌ى به‌ختیارى گه‌وره‌ كردووه‌! 

كۆمه‌ڵێ هۆكار له‌پشت گه‌وره‌كردنى به‌ختیار عه‌لىیه‌وه‌ هه‌یه‌. پێموایه‌ هه‌ر مرۆڤێكى تر هه‌بێت له‌شوێنى ئه‌و، هه‌میشه‌ له‌ناو خه‌ڵوه‌ت و خوێندنه‌وه‌بێت، و وه‌كو ئێمه‌مانان خه‌یاڵى له‌لاى بتڵه‌ غازو بێ كاره‌بایى و نازانم ئه‌م شته‌ سه‌یرانه‌ نه‌بێت، ئه‌توانێ له‌ساڵێكدا رِۆمانێكى جیددى بنووسێت، لانى كه‌م رِۆژانه‌ ته‌نها بیر له‌ لاپه‌رِه‌یه‌ك نووسین بكاته‌وه‌ ئه‌توانێ بنووسێت.. بۆیه‌ گه‌وره‌ترین فرسه‌ت له‌به‌رده‌ست ئه‌و پیاوه‌دایه‌. ئه‌مه‌و به‌شێكى زۆرى رِه‌هه‌ندیه‌كان له‌هه‌وڵى گه‌وره‌كردنى ئه‌ودان. به‌داخه‌وه‌ لاى ئێمه‌، بۆنمونه‌ كه‌سێكى وه‌كو به‌رِێزتان هه‌رچه‌ند تواناتان هه‌بێت ئه‌بێ به‌رله‌وه‌ى بیر له‌ نووسینى لاپه‌رِه‌یه‌ك بكه‌نه‌وه‌، له‌كاتى نووسینى پارچه‌ شیعرێكدا، بێگومان ده‌بێت بیر له‌ مه‌عیشه‌ت و ژیان بكه‌نه‌وه‌، به‌ختیار عه‌لى رِۆژانه‌ دابنیشێ بخه‌وآ بخوێ هه‌رچى بكات ئیدى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى ئه‌و رِێزى ئه‌گرێت و ئه‌وه‌ى له‌كۆڵ ئه‌كاته‌وه‌ خه‌م به‌و هه‌موو نارِه‌حه‌تیانه‌وه‌ بخوات كه‌ سه‌رى نوسه‌رى كوردستانى خواردووه‌. بۆیه‌ گه‌ر به‌و چاوه‌وه‌ سه‌یرى ئه‌و بكه‌ین، هێشتا زۆر زۆر كه‌مى كردووه‌.. گرفتى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ نازانین به‌راوردكارى بكه‌ین، به‌راوردى كاك به‌ختیار له‌ژیانى له‌و شێوه‌یه‌دا، له‌گه‌ڵ نووسه‌رێكى مۆزه‌فى وه‌زاره‌تى(هین) وه‌كو یه‌ك ئه‌كه‌ین.. به‌راوردى كاك به‌ختیار له‌گه‌ڵ نووسه‌رێكى لاى خۆمان ئه‌كه‌ین، كاك به‌ختیار ته‌نها ئه‌نووسێ و بیرئه‌كاته‌وه‌و ئه‌خوێنێته‌وه‌، ته‌نها به‌و ئامانجه‌ى كه‌ شتێكى باشتر له‌وه‌ى رِابردووى خۆى به‌رهه‌م بهێنێت، به‌ڵام كه‌سێك كه‌ لاى ئێمه‌ نووسه‌ره‌و ئه‌نووسێ، به‌رله‌وه‌ى سه‌رى به‌سه‌ر كاغه‌زدا شۆرِبكاته‌وه‌، رِاسته‌وخۆ خه‌یاڵى ده‌چێت به‌لاى (مه‌عیشه‌تى سه‌خت، كۆمه‌ڵگایه‌كى سه‌قه‌ت كه‌ ئێستاشى له‌گه‌ڵدابێت تاكه‌كانى نازانن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران یان په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتى گه‌وره‌تره‌، كه‌سانێكى حیزبى كه‌ واده‌زانن ئه‌گه‌ر زیاد له‌چه‌ند ده‌نگێك به‌ حیزبه‌كه‌یان بده‌ن ئه‌وه‌ دڵسۆزیه‌كى بێ پایانیان ئه‌نجامداوه‌، میلله‌تێك كه‌ رِێزى مۆنیكاو حیمایه‌ ئه‌گرێت و رِۆژنامه‌كان له‌سه‌ر شۆسته‌و كتێبه‌كان له‌ناو كتێبخانه‌كاندا مردار ده‌كاته‌وه‌، خوێنه‌رانێك تێناگه‌ن و ئێستاشى له‌گه‌ڵدابێت نازانن كام نووسین جیددىیه‌و كامه‌ خراپ، كه‌سانێك له‌شوێنى ئه‌وه‌ى به‌ نووسینه‌كان سه‌رسام ببن به‌ شه‌خسه‌كان سه‌رسام ده‌بن...هتد)

 ئه‌گه‌ر ئاوا سه‌یرى ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ین، ده‌بێ كاك به‌ختیار له‌شوێنى (نه‌جیب مه‌حفوز)بن بۆ كۆمه‌ڵگاكه‌یان، یان له‌شوێنى (چۆمسكى) كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌قه‌ده‌ر یاخود زیاتر له‌ ژماره‌ى ساڵه‌كانى ته‌مه‌نى خۆیان كتێبیان هه‌یه‌. (چۆمسكى له‌بواره‌ فكرى و سیاسى و....تاد.  و مه‌حفوزیش به‌ رِۆمان نوسین)..

براگیان، نابێت بكه‌وینه‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌شه‌وه‌، كاك به‌ختیار بۆیه‌ به‌توانایه‌ چونكه‌ رِۆمانێكى به‌قه‌باره‌یه‌كى گه‌وره‌ نووسیوه‌، هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌ به‌شێكى ئه‌و هاوكێشه‌یه‌، به‌ڵام له‌ولاوه‌ رِۆمانێكى (پاولۆ كۆیلۆ)مان هه‌یه‌، به‌ناوى (كیماگه‌ر) كه‌ قه‌باره‌یه‌كى بچووكى هه‌یه‌، به‌ڵام یه‌كێكه‌ له‌و رِۆمانانه‌ى كه‌ خوێنه‌رێكى زۆرى هه‌بووه‌و هه‌یه‌.. بۆیه‌ له‌ نووسیندا، وه‌كو سه‌رجه‌م بواره‌كانى تر، ئه‌وه‌نده‌ى (چۆنیه‌تى) گرنگه‌، ئه‌وه‌نده‌ (چه‌ندێتى) گرنگ نیه‌..

 

ئه‌وه‌ى ئه‌ركى ئێمه‌یه‌ 

هه‌رچه‌ند من مافى ئه‌وه‌م نیه‌ كه‌ رِێوشوێن بۆ كه‌س دابنێم، به‌ڵام پێموایه‌ له‌شوێنى سه‌رسام بوون به‌ ئه‌م و ئه‌و چه‌ندین شتى دى هه‌یه‌ بیكه‌ین باشتره‌. براگیان كاك په‌یوه‌ند، من ئه‌وه‌نده‌ى ئێوه‌م بینوه‌ هه‌میشه‌ ئیشى جیددیتان كردووه‌، له‌رِاستیدا ئه‌ركى گۆرِه‌پانى رِۆشنبیرى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چه‌ندین كه‌سى وه‌كو جه‌نابتان هه‌وڵى جددى تیابده‌ن، بۆئه‌وه‌ى چه‌ندین رِێچكه‌ى نوێ بێنه‌ كایه‌وه‌. له‌شوێنى ئه‌وه‌ى كاتى خۆمان بۆ ئه‌وه‌ ته‌رخان بكه‌ین كه‌ (ووتارێك یان نامه‌یه‌ك) بنووسین بۆئه‌وه‌ى عه‌رزى خوێنه‌رانى بكه‌ین كه‌ چه‌نده‌ شه‌یداى فڵان نووسه‌ر و فڵان شاعیرو ئه‌دیبین، ئه‌وه‌نده‌مان له‌كات ته‌رخان بكه‌ین بۆ بیركردنه‌وه‌ یاخود نووسینى وتارێكى جددى، حاڵى رِۆشنبیرى كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌ ئاوا په‌كى نه‌ده‌كه‌وت.. ئێمه‌ (من و تۆ و ئه‌و) ده‌بێ له‌هه‌وڵى پرِۆژه‌و فیكرو به‌رهه‌مى نوێدابین..

 

له‌ كۆتاییدا

براگیان، ده‌ستخۆشیم بۆ وتاره‌كه‌ى به‌رِێزتان هه‌یه‌، به‌ڵام ته‌نها ویستم ئه‌و چه‌ند تێبینه‌ى سه‌ره‌وه‌تان ئاراسته‌ بكه‌م، بێگومانم به‌دڵێكى فراوانه‌وه‌ وه‌ریده‌گرن.. بۆ به‌شێك له‌و تێبینیانه‌ى له‌باره‌ى (رِه‌هه‌ند)یشه‌وه‌ نووسیومه‌، سوودم وه‌رگرتووه‌ له‌ دیدارێكى (ته‌حسین حه‌مه‌ غه‌ریب)، كه‌ له‌ گۆڤارى (هێشتا)دا، یه‌كدو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌..

به‌ئومێدى وه‌ڵامتان..

به‌خته‌وه‌رو سه‌رفرازى دونیاو دوارِۆژبن..

 

دڵسۆزتان/ كـۆشـان عـه‌لـى به‌رده‌كۆزى

هـه‌ولێـر/ 4-8-2008

 

*ئه‌م ده‌قى‌ (نامه‌یه‌كى تایبه‌تى) (كـۆشـان عـه‌لـى)یه بۆ به‌رِێز (كاك په‌یوه‌ند عومه‌ر)‌..

Category: بابه‌ته‌كانی كۆشان عه‌لی | Views: 935 | Added by: 2Koshan | پله‌ دانان 0.0/0 |
تێبینی 0
ته‌نها ئه‌ندامان ده‌توانن تێبینی زیاد بكه‌ن.
[ بوون به‌ئه‌ندام | چوونه‌ژووره‌وه ]
شوێنی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌ندامان

ڕۆژمێر و ئه‌رشیف
«  April 2009  »
SuMoTuWeThFrSa
   1234
567891011
12131415161718
19202122232425
2627282930

گه‌ڕان

هه‌ندێ پێگه‌ی تر

ئێستا

Total online: 1
Guests: 1
Users: 0


میوانانی سه‌رهێڵ

ژ. سه‌ردان له‌ 20 ی ئازاری 2009 ه‌وه‌
سه‌رجه‌م مافه‌كانی پارێزراوه‌ © 2018
Powered by uCoz